ئوسترالیا پێشێلی مافی پەنابەران ئەکات… عامر سابیر
لە مانگی 11ی 2023دا دادگای باڵای ئوسترالیا بڕیاری دا کە هەموو ئەو پەنابەرانە ئازادبکرێن کە لە زیندانەکانی پەنابەرانی ئوسترالیادا بوون. دادگا وتی ئەگەر چاوەڕێی ڤیزا و چاوەڕێی دیپۆرتکردنەوە نەکەن، ئەوا زیدانیکردنیان نایاساییە. ئەم پەنابەرانە بە (NZYQ) ناسراون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەرلەمانی ئوسترالیا بە پەلە یاساکانیان گۆڕی تا شەرعیەت بدەن بەم بێ مافییەی بەرانبەر بە پەنابەران ئەیکەن.
ئوسترالیا بۆ زاریکردنی ڕای گشتی ئەڵێ ئەوانە تاوانبارن و هەندێکیان تاوانی گەورەیان کردووە ( کەسیان کوشتووە یان هێڕشی سێکسیان کردۆتە سەر کەسانی تر) کە ڕەنگە تەنها چەند کەسێکیان ئاوا توانباربن، بەڵام بۆ ڕەواییدان بەم هێڕشە بۆسەر مافی ئەو پەنابەرانە، گشتیان کردۆتەوە و هەموویان بە تاوانبار ئەناسێنن.
لە ئێستادا کە حیزبی لەیبە (کرێکار) لەسەر کارە، بۆم مەسەلەیە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن (حیزبی لیبراڵ) ڕێکەوتوون و لە پەرلەماندا یاساکانیان لە دژی پەنابەران تێپەڕاند. لە پەرلەماندا حیزبی سەز و ھەندێ لە سەربەخۆکان لەدژی ئەم بڕیار و ڕێکەوتنە وەستانەوە.
ئەم سیاسەتە دژی ئێنسانییەی ئوسترالیا کەوتۆتە بەر ڕەخنەی ھەڵسوڕاوانی بەرگری لە مافەکانی پەنابەران و ڕێکخراوە چەپەکان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و پسپۆڕانی یاسایی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان ئەژماریان کرد.
ئەم ڕێکەوتنەی ئوسترالیا بۆ ناردنی پەنابەران بۆ شوێنێکی دوورە دەستی وەک ناروو کە حکومەتەکانیان بۆ پەرژەوەندی مالی ئامادەن بچەمێنەوە بۆ سیاسەتی ئاوا دژی ئینسانی، مایەی شەرمەزارییە بۆ حکومەتی ئوسترالیا و پێویستە ھەرچی زووتر ھەڵیوەشێنێتەوە و مافی مرۆڤ و پەنابەران بپارێزێت.
٤/٩/٢٠٢٥