چەک داماڵین لە حزبە سیاسیەکان، هەنگاوێکی چارەنووساز بۆ ئاسایشی کۆمەڵگە!… نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
هیرشی ٢٢ ی ئابی هیزە چەکدارەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ سەر جێگای حەوانەوەی لاهور شیخ جەنگی و بەشیک لە هێزە چەکدارەکەی، تەنها پەیوەست بە شاری سلێمانی و زۆنی سەوز نییە. هاوکات تەنها روداوێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە جەنگی دەسەڵات و ناوخۆیی لەناو خانەوادەی بۆرژوازی کورددا. ئەکت و نمایشێکی سەربازیییە چ دژ بە نەیارانی سیاسیان و چ دژ بە نەیارانی ناو ریزەکانی خۆیان، کە بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبە سیاسیەکانی ئولفەتیان پێوەگرتووە. ئەوە یەکەمین جار نییە هیزو حزبێکی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەکانی پەنا بۆ هیزی چەکداری و پیلانگێری ببات و شوێنی کار و ژیانی خەڵکی بکاتە گۆرەپانی بەیەکدادانی چەکداری… روخاندنی قەڵاکەی عوزیری، هیرش بۆسەر خورشید هەرکی، هەوڵی رفاندنی پارێزەر شوان گەردی، کوشتنی خۆپیشاندەران، تا دەگاتە هیرش بۆسەر لالەزار، شەڕی نیوان دوو براکەی گوڵەخانە، گوژمەی سزاکانی سەر چالاکوانانی بادینان… چەند نموونەی تازەی جوڵاندنی هێزی چەکداری حزب و دادگان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی چەکداردا.
هیرشی چەکداری یەکێتی بۆسەر لالەزار و شوینی لاهور شیخ جەنگی، هەم درێژکراوەی ٨ تەموزی ساڵی ٢٠٢١ و هەم بۆ زەردکردنی زۆنی سەوزو ترساندنی هیزی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری دەسەڵات و بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە، هاوکاتیش گورزێکی پێش وەختەیە وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
هەشت تەمووزی ساڵی ٢٠٢١ و دەرکردنی لاهور شێخ جەنگی لە یەکێتی، کۆتایی بەبڕگەیەک لە ململانێی لەناو تەلاری ریکخراوەیی یەکێتیدا هێنا، بەڵام نەیتوانی کۆتایی بە حزوری لاهور شیخ جەنگی لە ژینگەی یەکێتی نیشتیمانی و لەسەر جەماوەری یەکێتی و تەنانەت لەناو ریزە چەکدارەکانی یەکێتییدا بهێنێت. پێگرتنی بەرەی گەل لەسەر لاشەی یەکێتی و بەپلەی یەکەم لە زۆنی سەوز و یەکێتیدا، برگەی دووەمی ململانێی نێوان بافڵ تالەبانی و لاهور شیخ جەنگییە، وەکو درێژکراوەی ٨ تەمووز و ململانێی لەسەر میراتی جەلال تالەبانی.
ئەگەر کوڕانی تاڵەبانی توانیان لەرێگای کۆنگرەی نمایشدا، لاهور شیخ جەنگی لە تەلارێ رێکخراوەی یەکێتی دەربکەن و دەست بەسەر هیزێ چەکدار و داهات و ئەمنی یەکێتیدا بگرن، بەڵام توانای جڵەوکردنی هیزو لایەنگران و جەماوەری یەکێتیان نەبوو… ئۆردویەکی گەورە لە لایەنگران و جەماوەری یەکێتی بێ سەر مانەوە و بوونە ماتریالی کار لەسەر کردن و زەخیرەیەکی ئامادە بۆ ئەوەی لاهور شیخ جەنگی ئەمجارە لە دەرەوەی بازنەی ریکخراوەیی یەکێتی و لەژێر ناوی بەرەی گەلدا، کاریان لەسەر بکات و لەدەوری خۆی کۆیان بکاتەوە. ئەم هەنگاوەی لاهور شێخ جەنگی بە پێکهیاننی بەرەی گەل، برگەی دوومی ململانێی خۆی لە زۆنی سەوزدا لەگەڵ بافل تالەبانی دەستپێکرد.
ئەوە لە کاتێکدایە هاوتا دەسەڵاتدارەکەی یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە زۆنی زەرد و قەڵەمرەوی دەسەڵاتەکەیدا، لە رێگای سەرکوت و تۆقاندنەوە ریگەی لە جموجۆڵی شەقام و هیزە ئۆپۆزیسیۆنەکان گرتووەو و دەسەڵاتی سیاسی بە شیوەیەکی رەها لەدەستی خۆیدا قوتبی کردۆتەوە.
یەکێتی کە هیزی نەیاری سەرەکی خۆی لە هەرێمدا بە پارتی دەزانێت و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە بەر بە کیرڤی داکشانی خۆی لەبەرامبەر بە پارتیدا بگرێت و نەخشەی مانەوەی خۆی بۆ دوور مەودا لە بەرامبەر پارتی و لەدەسەڵاتدا بهێڵیتەوە، ناچارە لەهەنگاوی یەکەمدا کۆسپەکانی بەردەمی خۆی لە زۆنەکەی خۆیدا کەنار بخات و کاری خۆی لەگەڵ هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەوەش زیاتر لەگەڵ ئەو هێزانە یەکلایی بکاتەوە کە چەکدارن و کار لەسەر هیزی ئەو دەکەن. جوڵاندنی دۆسیەی بەناو یاسایی پاشەکەوتکراو بۆ شاسوار عەبدولواحید، نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان، تا هیرشی زەبەلاحی لە چەک هەڵکێشراوی هیزەکانی یەکێتی بۆسەر لاهور و بەرەی گەل و بەدەستەوەگرتنی پاساو و دۆسیەی ئامادەکراو، بەدوای ئەو ئامانجەوەن کە زۆنی سەوز، زەرد بکات و دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر ئەو زۆنەدا زاڵ بکات.
هەڵبژادنی ئەم کاتە بۆ ملهوری نواندنی زۆرتری هیزەکانی پارتی و یەکێتی بۆسەر نەیارەکانیان و تورەیی خەڵک و نارەزایەتی جەماوەری بەگشتی، هیرشەکانی یەکێتی بۆسەر نەیارەکانی بەتایبەتی، لە زۆنی سەوزدا بەو ئاستە لە دڵرەقی و خوێناوی، بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە هەیە کە بریارە لەچەند مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، دیزاینی پیش وەختەی پشتیوانی کراوی ناوچەیی، شانسی بە یەکێتی داوە لە کایەی حکومەت و پەرلەمانی دیکۆری رەوایەتی بەخشین بە دەسەڵاتی حزبۆکراتی و میلیشیاییدا، هەم لە زۆنی سەوزو هەم وەکو هیزی باڵادەست لە هەرێمدا، لە پاڵ پارتیدا بمێنێەوە، بەڵام ئاڵۆگۆڕەکانی ئەم دەورەیەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و خودی عێراق و گۆرانی بالانسی هیزەکان، یەکێتی خستۆتە بەردەم دۆخێکی نەخوازراوە، لەلایەکەوە رووبەرووە لەگەڵ باڵادەستی پارتی و لەلایەکی ترەوە رووبەرووە لەگەڵ هیز گەلێکی نەیاری لەوانە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بەرەی گەل، کە لەزۆنی سەوزدا وەکو خۆرکە، لە توانایی یەکێتی دەخۆن و بچوکی دەکەنەوە، هیرشی چەکداری یەکێتی بۆسەر هێزە نەیارەکانی و دەستبردنی بۆچەک و نمایشی دیمەنی چەکداری و زەبەلاح لەناو جەرگەی شاردا، بۆ زەربەدان لە هیزە نەیارەکانی هاوکات، بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و چاوترسێن کردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییە.
ئەوەی کەوای کردووە هێزەکانی دەسەلات سەرباری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، سەرباری ئەو قڵشتە قوڵەی لە نیوان خۆیان خەڵکی کوردستاندا پێکهاتووە، بە پێوە بمێننەوە و درێژە بە دەسەڵاتی نەگریسیان بدەن… و لەوەش زیاتر لە ململانێی سیاسیاندا پەنا بۆ هیزی چەکدار و پشتیوانی دەرەکی ببەن، کەڵک وەرگرتنیانە لە چەک و دەستبەسەراگرتنی داهات و دادگایە.
نەبوونی حکومەت ” هیچ حکومەتێک” نەبوونی پەرلەمان” هیچ پەرلەمانێک” نەبوونی سوپاو ئاسایش” هیچ سوپا و ئاسایشێک” نەبوونی دادگای سەربەخۆ و دەسەڵاتی دادوەری… و لە جێگای ئەوانە باڵادەستی و هەژموونی حزبی چەکدار و بنەماڵەیی، هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخە چەقبەستوەی کوردستان و ریگەگرتنە لەهەر ئاڵوگۆرێکی ریشەیی لە دۆخی ناوخۆیی سیاسی کوردستاندا.
لە نزیک بە ٣ دەهەو نیوی کوردستاندا، هیچ ئاڵوگۆڕیکی بەرجەستە بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و بنەماڵەیی لەهەرێم بەهۆی فاکتەرە ناوخۆییەکانی هەرێمەدا پێک نەهاتووە، لە کاتێکدا دەیان ئاڵوگۆری گەورە و بەرجەستە بەسەر دۆخی وڵاتانی ناوچەکەدا هاتووە و رژێمی سیاسی گۆراون، یان لە گۆڕنراون. لەماوەی ٣٥ پینج ساڵی رابردوودا، هیچ بەرپرسێکی حزب و بنەماڵە لە هیچ ئاستێکدا رووبەرووی دادگاو لیپرسینەوەی یاسایی نەبوونەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە دزی و گەندەڵی و قاچاخچێتی بۆ ساتێک نەوەستاوە، دەیان روداوی جەرگ بڕ و ماڵوێرانکەری وەکو جەنگی ناوخۆیی و تەسفیەی جەسەددی، تیرۆر و کوشتنی خۆپیشاندەران، نۆکەرپیشەیی و پیش لەشکری، ٣١ ئاب و شەنگال و ١٧ ئۆکتۆبەر…تاد رویانداوە و کاراکتەرەکانی بەرپرسانی هەرێم و بنەماڵە بوون… هیچ دۆسیەیەکی تیرۆری سیاسی و رۆژنامەنووسان لە ڕیگای دادگاوە لای لێ نەکراوەتەوە و مافی کەسی نەگێراوەتەوە…
ئەوە دۆخێکی تایبەتە، حکومەتێکی دیکتاتۆر دەکرێ بروخینرێت، دەکرێت خواست و داواکاری گەورەو بچوک بەسەر رژێمەکاندا بسەپێنرێت، دەکرێ پاشەکشەی پێ بکرێت… لە بەرامبەردا دەسەڵاتی حزبی و میلیشیایی ناروخێنرێت، داخوازی بەسەردا ناسەپێنرێت، لە رێگای مەدەنی و بە شیوەی نەرم پاشەکشەی پێ ناکرێت. مل بە یاسا نادات، چەک لە خۆی داناماڵێت و مل کەچی هیچ سوپایەیەک و دامەزراوەیەک نابێت، رێز لەهیچ دادگا و دەسەڵاتێکی داوەری ناگرێت و ڕیگا نادات لە دەرەوەی هەژموونی حزب و بنەماڵە دەرچێت، ئەوەش یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکیەکانی دۆخی سیاسی کوردستانە. لە هەرێمی کوردستاندا حزبە سیاسیەکانی دەسەڵات و خاوەن چەک، ماتریالی بەرامبەركی و هیزی سیاسی نین، بۆ چوونە ناو کێبەرکێی پەرلەمانی و بردنەوەی کورسی و دامەزراندنی حکومەتێکی پیناسەکراو بەشیوەی حکومەتەکانی باوی دنیا… بەڵکو خۆیان کۆسپی بەردەمی حکومەتدارین و هەرەشەی واقعی سەر کۆمەڵگەن. لەوانە زیاتر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بزوتنەوە سیاسییە مەدەنییەکان، ناتوانن تاسەر و بەشیوەی نەرم کیبەرکێی ئەو دەسەلات و ئەو فۆرمە لە فەرمانرەوایی حزبی و بنەماڵەیی بکەن.
گرفتی هەرە بناغەیی لەبەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری ئەم فۆرمە لە دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و نایاسایی و نائاساییەیە.
داماڵینی حزب لە چەک، پیش مەرجی دامەزراندنی هەر چەشنە دەسەڵاتێکە، کە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی داوەری و یاسایی هەبێت… تا ئەو کاتەش چەک و دەسەڵات لە حزب دەسەنرێتەوەو دەسەڵاتی حکومی و دامەزراوەیی جێگای دەگرێتەوە، دەبێ حزبەکان بەڵێن بدەن کە بۆ یەکلایی کردنەوەی کیشەی ناوخۆی و خۆیان و هیزە نەیارەکانیان دەست بۆچەک نەبەن و شوێنی ژیان و گوزەرانی خەڵک نەخەنە مەترسیەوە و ئاسایشی کۆمەڵگە تێک نەدەن.
ئەگەر بریارە ئاڵوگۆڕیکی بەرجەستە لە دۆخی سیاسی کوردستان و هەرێمدا و لە ژێر کاریگەری هیزو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەناوخۆی هەرێمدا پێک بێت، دەبێت کۆتایی بە فۆرمی حزبی چەکدار بێت و حزب ببیتە رێکخراوەو دامەزراوەیەکی داماڵراو لە چەک و چەک بسپیردرێت بە دەستی حکومەت وسەربەخۆ لە دەسەڵاتی حزب و بنەماڵە بێت. داماڵینی چەک لە حزب پیشمەرجی دەسەڵاتی یاسایی و داوەریییە بۆ ئەوەی جێگای خۆی بگرێت و سەربەخۆ و بێ لایەن بێت. لە ململانێی حزبی و ناوخۆیشدا دادگا کیشەکانی یەکلایی بکاتەوە. تا ئەو کاتەی ئەم ئاڵوگۆرە رونەدات… ٣١ ئاب و ١٦ ئۆکتۆبەر و لالەزار…. دەیان جەنگی تر و روداوی تر وەکو مۆتەکە بەسەر سەری خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە.
یەکی سێبتەمبەری ٢٠٢٥