ئیدریس مستەفا: ئامانجی ئیدارەی ترامپ لە لوتکەی ئالاسکا پێڕەوکردنی ستراتیجێکی هنری کیسینجەر بوو کە لە دەیەی حەفتاکانەوە بووە بە ئایەتێکی ئاینی لە سیاسەتی دەرەوە ئەمریکادا ئەویش هەوڵدان بۆ لێک نزیک نەکەوتنەوەی روسیا و چینە …  دیمانەی بۆپێشەوە هاوڕێ ئیدریس مستەفا شرۆڤەکاری سیاسی ”سەبارەت بە کۆبونەوەی ئالاسکای نێوان پۆتین و ترمپ و پرسی ئاشتی لە نێوان روسیاو ئۆکرانیا“

0

بۆپێشەوە: کۆبونەوەی لوتکەی ئالاسکای نیوان ترەمپ و پوتین، لەلایەک و دواتر کۆبونەوەی ترمپ لەگەڵ بەشیکی سەرانی ئەوروپا لەلایەکی تر چۆن دەبینن؟ ئایا دەتوانین بڵێین ئەوە هەنگاوێکە لە راستای ئارایشدانەوەی نوێ نەزمی بۆرژوازی جیهانی لەدڵی گۆرانی هاوسەنگی هێزی چەند دەهەی رابردوودا؟

ئیدریس مستەفا: هەوڵ دەدەم بە سێ خاڵ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.

یەکەم: بەڵێ ئەوە زۆر دروستە کە لوتکەی ئالاسکا ئارایشتدانەوەیەکی نوێیە بە نەزمی نوێی جیهانی کە گۆڕان نەک هەر لە هاوسەنگی هیزەکاندا روویداوە، بەڵکو ترسێکی گەورەشی لە هاوسەنگیەکاندا دروست کردووە. راسانی ئابوری چین لە ناوەوە و دەرەوەی خۆیدا وەک جەمسەریکی بەهێز ترسێکی بێ وێنەی خستۆتە دڵی هێزە تەقلیدییە جیهانیەکانی رۆژئاواوە کە بە درێژایی دوو سەدەی رابردوو جیهانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو. یەک بەراوردێکی بچوک لە نێوان چین و ئیتالیادا یاخود هەر وڵاتێکی تری بلۆی رۆژئاوادا بکەین ئەم مەسافە گەورەیە دەبینین: داهاتی ساڵانەی ئیتالیا لە ساڵی ٢٠٢٠ ەوە تاکو ٢٠٢٥ یەک تریلیۆن زیادی کردووە بەلام داهاتی سالانەی چین لە ٢٠٢٠ ەوە بۆ ٢٠٢٥ بیست قات بووە واتە ٢٠ تریلیۆن زیادی کردووە. ئەم بازدانە گەورەیە هەموو هاوسەنگی هیزەکان لەگەڵ خۆیدا تێک دەئاڵینێ. روسیا لەم بەرەی چین دایە و ئامانجی دوور بۆ ئەمریکاش لەم لوتکەیە دوورخستنەوەی روسیایە لە چین.

 دووەم: ئامانجی ئیدراەی ترامپ لە لوتکەی ئالاسکا پێڕەوکردنی ستراتیجێکی هنری کیسینجەر بوو کە لە دەیەی حەفتاکانەوە بووە بە ئایەتێکی ئاینی لە سیاسەتی دەرەوە ئەمریکادا ئەویش هەوڵدان بۆ لێک نزیک نەکەوتنەوەی روسیا و چینە. لەم دیدە ستراتیجیەدا هەردوو دنیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەبەرچاو گیراوە، چین و روسیاش وەک دوو جەمسەری گەورەی ئابوری و سەربازی دنیای رۆژهەڵاتن و هەڕەشەیەکی گەورە دەبن بۆ سەر دنیای رۆژئاوا، دیارە لە دیدی غەربەوە ئەگەرنا ئەوان هەڕەشە نین، بەڵکو دوو قوتبی گەورەی سەرمایەدراین و تا ئیستاش هیچ گورزێکیان لە سیستەمی سەرمایەدرای رۆژئاوا نەداوە و بگرە هاوئاهەنگیەکی ئابوری هاوسەنگ ئامێزە بۆ غەرب، بەڵام جەمسەرەکانی رۆژئاوا هەردەم چاوی برسیان لە رۆژهەڵات بڕیوە و روسیا و چین و هندیش لەگەڵیاندا بەتایبەت روسیا وەک پارچە کێکێک سەیر دەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن پارچە پارچەی بکەین یاخود بیخەنە مەداری سیاسی و فەرهەنگی خۆیانەوە بەهەر رێکەیەک بێت.

سێیەم: پێش ئەم لوتکەیە روسیا براوەیی خۆی راگەیاند بەوەی گەمارۆ ئابوریە گشتگیریەکانی بلۆکی رۆژئاوا سەری نەگرت و بگرە روسیا بە سەرکەوتووی لێی هاتەدەر بەو مانایەی روسیا بۆ یەکەم جارە لە دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە ببێت بە وڵاتێکی بێ قەرز و بگرە خەزێنەی دەوڵەت لێی زیادە. لە شەڕی یوکرایندا زیاتر لە ٪٢٠ ی خاکی یوکراینی لە ژێر کۆنترۆڵدایە. لە لوتکەی ئالاسکادا پوتین مەرجی ئەوەشێ داناوە کە یوکراین نابێ ببێتە ئەندامی ناتۆ و هەندێ خاڵی تر. بۆ یەکەم جار لە مێژووی چین و وروسیادا ئەم دوو جەمسەرە ببنە قوتبێکی ستراتیجی بەهێز کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەمریکا و ئەوروپا کاریان لەسەر ئەوە دەکرد ئەمە روو نەدات.

 بۆیە لوتکەی ئالاسکا بردنەوەی پۆتین بوو بێ یەک و دوو. بەدەر لەوەی ئەنجامی گفتوگۆکان چی بووبێتن هەر خودی لوتکەکە و شوێنی کۆبوونەوەکە و زەمەنەکەی و دۆخەکەی سەرکەوتنی روسیا و پوتین بوو. هەموو گەلەکۆمەکیە سیاسی و ئابوریەکانی رۆژئاوا لە بەرامبەر روسیادا شکستی هێنا و ئەم لوتکەیە و دانیشتنەکەی ترامپیش لەگەڵ سەرانی ناتۆ و ئەوروپا نیشانەیەکی بەرجەستەی شکستی جەمسەرەکانی غەرب بوو لە بەرامبەر جەمسەرەکانی رۆژهەڵاتدا کە روسیا نوێنەرایەتی دەکرد لە شەڕی یوکرایندا. ئەو دانیشتنەی ترامپ لەگەڵ سەرانی ناتۆدا کردی دەربارەی لوتکەی ئالاسکا هەر رێک لە باوە گەورەیەک دەچوو کۆمەڵی لە مندالەکانی خۆی کۆ کردبێتەوە و پێیان بڵێ من لەسەر هێڵە سەرەکیەکان رێکەوتم لەگەڵ پۆتین دا و ئەرکی ئێوەیە خەریکی وردەکاریەکانی ببن. سەرانی ئەوروپاش یەک بە یەک وتەی ستایش و سوپاسگوزاری خۆیان بۆ ترامپ دەربڕی و گوتیان تۆ گەورەیت و چیت کردووە ئێمە لەگەڵتاین. هەر کەس دیمەنەکانی ئەو دانیشتنەی دیبێت دەزانێ چ گاڵتەجاڕیەکی سیاسی بوو بۆ ئەوروپا.

بۆپێشەوە: مەیلی ترمپ و دەوڵەتی ئەمریکا، بۆ نزیک بوونەوە لەگەڵ روسیا و پۆتین چ لە دەورانی یەکەمی سەرۆکایەتی ترمپ و چ لە دەورەی ئێستادا، ریشەی لەکام ئاڵوگۆری سیاسی و ئابوری و ئەم سەردەمەدایە؟ ئایا ئەوە بەمانای پشت کردنە لە دۆستە دێرینە ئەوروپیەکانیان؟

ئیدریس مستەفا: پێم وابێ بەشی یەکەمی ئەم پرسیارەم لەسەرەوە وەڵام داوەتەوە؛ سەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکە من ئاوهای دەبینم: ئەمریکا هەموو دنیا لە نێویدا ئەوروپا وەک دوکانێک بۆ قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆی دەبینێت. لە باری سیاسیەوە لە ئەوروپاییەکان بێ عەقڵتر!! نین لەم جیهانەدا. دوو جەنگی جیهانی لە خاکی ئەواندا روویدا و زەرەرمەندی ئەوەڵ و ئاخیر خۆیان بوون کەچی بە دوای هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورەترەوەن. ئەوەندەی خەریکی گەلەکۆمەکێ کردنن بە ناوی گەمارۆی ئابوری و سیاسی کاتێک لەگەڵ وڵاتێکدا کێشە دروست دەکەن ئەوەندە بە دوای جارەسەری کێشەکانەوە نین. لە شەڕی روسیا-یوکراین هەر لە ئیستاوە خەریکی ئامادەکارین بۆ جەنگێک و بە خەڵک دەڵێن هەمیشە خواردنی ئامادەکراوتان هەبێ. یان لەم هەفتەیەوە لە فەرەنسا خەریکی خەستەخانەی سەفەری یاخود جێگیریش دروست دەکەن و بە ئاشکرا دەڵێن ئەمە ئامادەکاریە بۆ شەڕیکی خوێناوی گەر لە ئەوروپادا رووبدات. گەر هەڵە نەبم لە سوێد بوو ساڵی پار خەریکی گۆڕ لیدانی گۆڕی بە کۆمەڵ بوون گوایە گەر شەڕ بوو خەڵک کوژرا لەویدا بیاننێژن. ئەگەر ئەمە لە لایەنیکدا دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن بێ لە لایەن سیستەمی وڵاتەکانیانەوە وەک سیاسەتێکی باوی دەولەتەکان ئەوا لە لایەکی ترەوە ئەو بێ هزریە سیاسی و گیانە پڕ ترسەیە کە ئەوروپیەکان هەیانە، چونکە روحی شەڕانگێزی لە ئازایەتیەوە نییە بەڵکو لە بودەڵیەوەیە. دیارە گەر ئەمجارە جەنگی گەورە رووبدات ئەوا لەوانەیە کیشوەرێک نەمێنێ بە ناوی ئەوروپا. ئەمریکا زۆری لێکردن کە گاز و نەوتی روسیا نەکڕن ئەم پێیان دەفرۆشێ بە سێ قات زیاتری ئەو نزخەی روسیا کەچی ئەوروپاییەکان هەر مەمنوونن. ئێستاش تەنها رێگەی بۆ دانان گەر بیانەوێ بەرەو روسیا بوەستنەوە ئەوا دەبێ چەک لە ئێمە بکڕن و ئەمانێش بەو مەرجە رازی بوون.

 لە رووی جیهانی دوو قوتبیەوە ئەمریکا پشت ناکاتە ئەوروپا، جونکە هیچ کیشوەرێک هێندەی ئەوروپا دەست لەسەر سنگ نین بۆ ئەمریکادا و شێوازی گفتوگۆ و دانێشتنەکەیان لەگەڵ ترامپدا ئەو غولامیەی سەلماندا.

بۆپێشەوە: چۆن دەروانە ئەو دیدەی زۆرێک لە ستراتیژیستەکانی ئەوروپا، کە دەلێن کەمپی روسیا و چین و هیندوستان و هاوبەشەکانیان، ناکرێت بە شیوازی سالانی سەرەتای دوای شەری جەنگی سارد مامەڵە بکرێت؟  

ئیدریس مستەفا: ستراتیجیستەکانی رۆژئاوا هیچ کات ئەوەندە راستگۆ نەبوون لەوەی حەقیقەتێکی ئاوها بڵێن دیارە حەقیقەتی ئاوها زۆر تاڵە لای ئەوان. بە پێی راپۆرتە ئەکادیمیستی و سیاسی و ئابوریناسەکانی خودی رۆژئاوایی بەتایبەت ئەمریکایی دەڵێن دەیەی سیەکان تێپەڕاندانی هندستانە بەسەر ئەمریکادا لە رووی داهاتی گشتی ساڵانەوەی ولاتەوە کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێ GDP دیارە چین دەمێکە ئەمریکای تێپەڕاندووە لەم رووەوە. سەرهەڵدانی جەمسەرە بەهێزەکانی رۆژهەڵات کە لە چین و روسیا و هندستان بەرجەستە بوون لە بوونی یەکێتی سۆڤیەت زیاتر بوونەتە مێردەزەمیەک بۆ ئەوروپا و ئەمریکا. لەگەڵ ئەوەی ئەم ولاتانە لە رویی ماکی چینایەتیەوە جەمسەرانی سەرمایەدارین کەچی جەمسەرەکانی رۆژئاوا لێیان دەترسێن و هەموو  بەربەستێک دروست دەکەن تاکو بیانخەن و لە گەشە رایان گرن. لێرەدا ماهیەتی شەڕانگێزی بلۆکی غەربیمان بۆ دەردەکەوێ و دەیانەوێ هەر بە روحی کۆڵۆنیالیستی جارانەوە مامەڵەی وڵاتانی تر بکەن ئەگەرنا ئیستاکە نە روسیا و نە چین کۆمۆنیستین. دیارە سەرهەلدانی ئەم جەمسەرانەی رۆژهەڵات سەردارێتی بلۆکەکانی رۆژئاوا دەخاتە ژیر پرسیارەوە و کردوویەتی.

بۆپێشەوە: دوای کۆبونەوەی ئالاسکا، پرسی ڕیکەوتنی نیوان روسیا و ئۆکرانیا بەگەرمی هاتۆتە ئارا، تا چەندە لاتان وایە دەتوانرێت بەزووی ئەم ڕیکەوتنە بە ئاکام بگات و روسیا بە وەرگرتنی چەندین ئیمتیاز بێتە دەرەوە، کە پێچەوانەی ویستی ئەوروپا و ناتۆیە؟

ئیدریس مستەفا: گەر رێکەوتن بکرێ یان نا روسیا چەند دەسکەوتێکی گرنگی بە دەستهێناوە کە لەوانەبێ هەرگیز چاوەڕوانی نەکردبێ. شەڕی یوکراین، گەورەترین هاوپەیمانی ستراتیجی بۆ دروست کرد کە چینە. هندستان لەگەڵیدا چینیش بووە گەورەترین بازاڕی گاز و نەوتی روسیا کە لە بازاڕی ئەوروپا گەورەترن. لوتکەی ئالاسکا هێلە سەرەکیەکانی ئارێشەی یوکرانیای نەخشاند بەوەی یوکراین دەبێ دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە خاکەکەی بێت بۆ روسیا و لە بەرامبەردا روسیا وازی لێ بهێنێ و چیتر پەلاماری نەدات و لەوانەش یوکراین ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بە هەندێ مەرجی دیاریکراوەوە. جێبەجێکردنی داواکارییە گەورەکەی روسیا کە بۆی ستراتیجێکی ئاسایشی نیشتمانیە ئەویش بە ئەندام نەبوونی یوکرانیایە لە ناتۆدا. رەتکردنەوەی روسیا بۆ هەر پێشنیارێک لەوەی هیزێکی ئاشتی یاخود بەرگری ئەوروپی لە یوکرانیادا جێگیر بکرێت.

بۆپێشەوە: زۆرێک دەلێن پۆتین براوەی جەنگە، چونکە بە بەشێکی زۆری ئامانجەکانی گەیشتووە، لەوانە بەشێکی زۆری ئۆکرانیای داگیر کردووە، سزا زۆرە ئابورییەکانی پوچەڵ کردۆتەوە و بەسەر خودی ئەوروپادا شکاوەتەوە، تەنانەت کەلێنی خستۆتە نیوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکای بە ئاراستەی دورخستنەوەی لە ئەوروپا پاڵ ناوە؟ هەندیکیش دەڵێن روسیا لەم جەنگەدا سەرکەوتوو نەبووەو ئۆکرانیاش نە دۆراوە… لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

ئیدریس مستەفا: لە زانستی سیاسیدا داتاکان و هاوکێشەکان و ئاکامەکان قسەدەکەن و دروستی راوبۆچوونەکانیش لێرەوە سەرچاوە دەگرن. لە لۆجیکی بردنەوەی شەردا ئەم شتانە حوکم دەکەن: خاک داگیر بکەیت، قەرزار نەبیت و بگرە بەهۆی ئەو شەرەوە داهاتی زیاتریشت دەسکەوێت، هاوپەیمانی ستراتیجی پەیدا بکەیت، رێکخراوی گەورەی ئابوری جیهانی وەک بریکس  BRICS بەڕیوەبەریت و هەموو ولاتانی دەولەمەند لە سەرچاوە سروشتیەکان ریزیان بەستووە تاکو ببنە ئەندام تێیدا و …هتد لە لایەکی تر لە هێزی بەرامبەر کە کیشوەری ئەوروپایە تا ئیستا یەکڕیز نەبوونە لە بەرامبەر روسیادا و بگرە ئەندامان هەن لە یەکێتی ئەوروپادا، وەک هەنگاریا و نەمسا و تەنانەت ئیتالیاش، بە ئاشکرا داکۆکی لە روسیا دەکات و بگرە پەیوندی بازرگانی و دپلۆماسیشیان هەیە لەگەڵیدا، لە رووی ئابوریەوە یەکێتی ئەوروپا خەرجیەکی بێ شوماری کردووە و خودی وڵاتی ئۆکرانیاین خستۆتە ژیر قەرزێکی زۆرەوە کە ئابوری ولاتەکەی وێرانتر کردووە بە وێنەی دیمەنە وێرانکراوەکانی شەڕی وڵاتەکەی…هتد. لوتکەی ئالاسکا نەک بردنەوەیەکی سیاسی گەورە بوو بۆ روسیا و بۆ خودی پوتین، نەک هەر لەبەرئەوەی لەگەڵ ترامپ دانیشت، بەڵکو لەبەرئەوەی ترامپ و سەرانی ناتۆ و ئەوروپای کۆ کردەوە و پێی وتن دەبێ بە ئەنجامی گفتوگۆکانی من و پۆتین رازی بن.

بۆپێشەوە: چ لینکێک لەنیوان جەنگی ئۆکرانیا، لەگەڵ جەنگ و ململانێ لەگەڵ ئیران و تەنانەت جەنگی غەززەدا هەیە و چ کاریگەری و پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە؟

ئیدریس مستەفا: لینکەکە هێندە بەهێزە بە ئاشکرا ئاکامەکانی لەم رووداوانی دوایی ئێران و ئیسرائیلدا دەرکەوت. دەتوانم بڵێم لوتکەی ئالاسکا وەک داشی دامە هەندێ بەردیان بۆ یەکتر جوڵاند، تۆ ئەوە بخۆ منیش ئەوە دەخۆم. روسیا سازشی بە ئێران کرد بۆ ئەمریکا و ئەمریکاش سازشی بە ئۆکرانیا و ئەوروپا کرد بۆ روسیا. پێرێکە محەمەد سەدر ئەندامی مەجلیسی تەشخیسی نیزام بە ئاشکرا روسیای تاوانبار کرد بەوەی زانیاری سیستەمی بەرگری ئێمەی داوەتە ئیسرائیل؛ ئەمە لە کاتێکدا ئێران بە دەرزەن درۆنی جەنگی دەنارد بۆ روسیا بۆ لیدان لە یوکراین. غەززە مەسەلەیەکی ئەوتۆ نییە و تا رادەیەکی زۆر تەواو بووە و مەسەلەکە تەنها کاتە.

بۆپێشەوە: ڕیکەوتنی نیوان ترەمپ و پۆتین، روسیاو ئۆکرانیا، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت؟

ئیدریس مستەفا: باوەڕ ناکەم هیچ کێشەیەک هەبێ لەم دنیایەدا کاریگەری نەبێ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری نەبێ لەسەر کێشەکانی تری دنیا. هۆکارەکانیش چەند رەهەندێکن، لەوانە ١) رۆژهەڵاتی ناوەراست یەکێک لە دەولەمەندترین ناوچەی جیهانە بۆ گازو نەوت، ٢) لە هەمان کاتدا هەژارترین ناوچەی جیهانە لە دیموکراسی و دابینکردنی مافەکانی مرۆف؛ ٣) خاوەنی زۆرترین و گەورەترین پێکهاتە و کەمینەی نەتەوەیی و ئاینیە کە لە ژێر سایەی حکومەت و دەولەتە دیکتاتۆر و ستەمکارەکاندا دەژین. ٤) کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین هەن کە هەموو وڵاتانی دنیا نانی پێوەدەخۆن لە پێشیانەوە وڵاتانی عەرەبی ئینجا ئیسلامی کە ژمارەیان خۆی دەدات لە ٥٧ دەوڵەت.

هەریەک لەم خاڵانەی ئاماژەمان پێدان پەیوەندیەکی سیاسی و مێژووییان بە جەمسەرە گەورەکانی دنیاوە هەیە، بەتایبەت روسیا و ئەمریکا. بۆیە هەر رێکەوتنێکی نێوان ترامپ و پوتین بەر یەکێک لەم خاڵانە دەکەوێ گەر بەر هەموویان نەکەوێ. لە لوتکەی ئالاسکادا بۆمان دەرکەوت کە چ کاریگەریەکی لەسەر ئێران و یوکراین کرد و چۆن ئێران بە ئاشکرا قسە بە هاوپەیمانە مێژوویینەکەی خۆی دەڵێ کە روسیایە. یوکراین و ئەوروپا ناوێرن زۆر وەک ئێران قسەبکەن. سوریا بابەتێکی گرنگترە کە چۆن روسیا توانی لەوێ بمێنێتەوە دوای ئەوەی هەموان وا بۆی دەچوون لەگەڵ رۆیشتنی ئەسەددا روسیاش دەڕوا.

کاتێک روسیا هێرشی کردە سەر یوکراین هیچ یەکێک لە ولاتانی کەنداو وەک بەشێکی گرنگ لە رۆژهەڵاتی ناوین نەچوونە ژێر داواکاری ئیدارەی ئەو دەمی ئەمریکا کە داوای پچڕاندنی پەیوەندیەکانیان لێکردن لەگەڵ روسیادا. ئێران راستەوخۆ چووە بەرەی روسیاوە دژ بە یوکراین؛ سعودیە هاوسەنگی خۆی پاراست لە نێوان هەردوولادا و بگرە نێوەندگیری کردن بۆ چارەسەری کشێەکانیان. ئەم دوو هێزە گەورەیەی ناوچەکە بەر مەسەلەی یوکراین کەوتن بۆیە لە دانیشتنەکانی روسیا و ئەمریکاشدا بەر یەک دەکەونەوە….

************

Leave A Reply

Your email address will not be published.