سەردانەکەی ماهیر حەسەن و هۆکاری دەنگدانەوەی… بنار مستەفا
دەنگدانەوەی سەردانی ماهیر حەسەن بۆ لای بارزانی کوڕەزا، خودی هونەرمەندەکەی هێنایە دەنگ و لە بەرنامەیەکی کەناڵ هەشتدا گوتی “بۆ داواکاری و بەرژەوەندی شەخسی خۆم نەچووم” و هەندێک بابەتی تری لاوەکی، وەک کێ بڕوات بۆ لای کێ. ئەم بابەتانەی ماهیر حەسەن ئاماژەی پێدان، پەیوەندی بەو دەنگدانەوەیە نەبوو، کە لە دوای سەردانەکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی.
هەڵبەت ئەو هەڵمەتە فراوانە بەرانبەر ماهیر حەسەن ڕەوا نەبوو. زۆر قسەی نەشیا و نەگونجاو و دوور لە ڕاستی دەگوترا. ئەمانە هیچێ جێگەی پەسەند نییە, بەڵام ئەوەی ماهیر حەسەن وەڵامی پێدایەوە، بابەتی سەرەکی دەنگدانەوەکە نەبوو. بۆیە خراپ نییە قسەیەکی کورتی لەسەر بکەین.
شاراوە نییە، کە لە کوردستان دەسەڵاتداران و خەڵکی لە دوو بەرەی جیاواز و دژ بە یەکدان. خەڵكی نەک دەسەڵات بە نزیک لە خۆی نازانێت، بەڵكو پڕە لە ڕق و کینە لێی و زیادەڕۆیی نییە بڵێین تەنانەت بە دوژمنی خۆی دەزانێت. لانی کەم هیچ بابەتێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نییە و زیاتر لە بەرانبەر یەکتر دەردەکەون.
هۆکارەکەش سادەیە و لە خودی تەمسیلییەکانی ماهیر حەسەندا بەشێکی بەیانکراوە، کە چۆن بە بەرچاوی خەڵکیەوە دەسەڵاتداران سەروەت و سامانی کۆمەڵگە بۆ خۆیان قۆرغ دەکەن، چۆن بەرپرسان بە پێکەنین و توانجەوە داواکارییەکانی خەڵکی دەخەنە نێو ئاگرەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکی و تەنانەت پاسەوانەکانی خۆشێاندا دەکەن و زۆر بابەتی تر، کە گۆشەیەکی یەکجار کەمی ماهیەتی ئەم دەسەڵاتە نیشان دەدات، چەندە لە بەرانبەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی بێ باکە و دەستیشێ بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا گرتووە.
کاتێک خەڵکی بۆ نمونە لە ڕێگەی تەمسیلییەکانی ماهیر حەسەنەوە ئەم واقعیەتە سادەییان بینیوە، کە تەعبیر لەبەشێک دۆخی کوردستان دەکات و ڕاستی هاوکێشەی نێوان دەسەڵات و خەڵکی تێدا بەدی دەکەن، بە حەق خەڵکی ماهیر حەسەنی لە بەرەی خۆی تەماشا کردووە. تەمسیلییەکان شایەتی دەدەن، کە ئەم هونەرمەندە درک بە واقعیەتی دۆخی کۆمەڵگە و پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵکی دەکات و لە ڕێگای تەمسیلییەکانییەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. بەجیا لە کارە هونەرە کۆمیدیە نایابەکانیشی، هێنانە پێشەوەی ئەم نادادپەروەریە، ماهیر حەسەنی لای جەماوەری خەڵکی خۆشەویست کردووە و بە دەنگی خۆی زانیە.
بەڵام… کاتێک ئەم هونەرمەندە دەست لە ناو دەستی دەسەڵاتداراندا دەردەکەوێت، سەربەخۆ لەوەی هۆکاری پێکەوە بوونەکە چییە و بە چ مەبەستێکە، خەڵکی هەست بە سەنگەرگواستنەوەی ئەم هونەرمەندە دەکەن لە بەرەی خەڵکەوە بۆ پاڵ دەسەڵات. ئەمەیە، کە کەسانێکی زۆری نیگەران کردووە. هەستکردن بە لەدەستدانی دەنگێکی بوێر و حەقبێژی بەرەی خەڵکی، ئاسان نییە و بێ دەنگدانەوە تێناپەڕێت. چاوەڕوانی خەڵکی ئەوە نەبوو، کە هونەرمەندێک پەی بە ڕاستییەکان بردووە و لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانی خۆیەوە ڕەخنەی لە دۆخەکە گرتووە، بە کردەوە شتێکی تر نیشان بدات و لە نزیک دەسەڵاتدارانەوە دەرکەوێت.
دیارە دەربڕێنی ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتنەکانی هەوادارانی ئەم هونەرمەندە شێوەی جیاوازی هەبووە و مەرج نییە تەواو بەم شێوەیە هۆکاری نیگەرانییەکانیان شی بکەنەوە. بەڵام ڕۆشنە، خەڵکی ئەم دەسەڵاتەی ناوێت و هیچ جوانییەکی تێدا نابینێت، بۆیە کەسانی نزیک لە دەسەڵاتیش جێگەی ڕەزامەندی خەڵکی نییە. دەسەڵاتیش دەیەوێت بە کەسانی خۆشەویستی لای خەڵکی، تاڵی خۆی کەم بکاتەوە.
بۆیە قسە نە لەسەر ئەوەیە لە پێناو بەرژەوەندی و خواستی شەخسی سەردان کراوە یان گەشەدان بە هونەر و خستنەڕووی داخوازی گشتی و لاوان و هتد. بەڵکو خەڵکی بۆی هەزم ناکرێت کەسانی خۆشەویست و نزیک لە خۆی لە پاڵ دەسەڵاتدا ببینێت. هێشتا دەرفەت لەبەردەم ماهیر حەسەندا ماوە، نیشانی بدات لەم دووبەرەکییەدا لە پاڵ کام بەرە ڕاوەستاوە، جەماوەری خەڵکی یان دەسەڵات. کاردانەوەکانی دیدارەکە نیشانی دا، کە خەڵكی چ تێگەشتنێکیان هەیە. هونەرمەندەکە دەیەوێت ڕاستی بکاتەوە؟
**********