پرسی ڕۆژ هیرشی یەکێتی بۆسەر لالەزار و پرسی سزای نوێی دادگا بۆ شیروان شیروانی… بەڕێزان کاکەلاو تەحسین و عومەر هەنگاو وەڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە
شەوی ٢١لەسەر ٢٢ی ئاب ٢٠٢٥ خەڵکی شاری سلێمانی لەهەرێمی کوردستان خەویان لێکرا بەچاوەڕوانی بۆ تێکهەڵچوونی دوو هێزی چەکداری ی.ن.ک و بەرەی گەل کە لاهور شێخ جەنگی سەرپەرشتی دەکات. ئەو شەڕە راستە لەپێناو هیج بەرژەوەندییەکی خەڵکی کوردستان وئەو شارەدا نییە، بەڵام بەدڵنیایی ئاکامەکانی کاریگەریی زۆریان دەبێت بەسەر ژیان وگوزەران وداهاتووی سیاسی وکۆمەڵایەتی وچەمکی وەک ئازادی ویاسا…تاد.
پرسی رۆژ: چین ئەو لایەنە نەگوتراوانەی لەهۆکار وئەنجامەکان لەراگەیاندنەکانەوە بڵاونەکرابنەوە وگوێبیستی نەبووبێتین یان نەمانخوێندبێتەوە؟
کاکەلاو تەحسین وەک چاودێری سیاسی ئەمە بوو وەڵامەکەی.
کوشتن بە ژەهر یان کوشتن بە قەناص؟
زۆر وتراوە لەسەر ٢٢ ئاب، بەڵام کەمتر گەڕاونەتەوە بۆ پێش ٢٢ی ئاب. ئەو کێشەیە رەگ و هۆکاری دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، و هۆکاری تر.
سەرەتا بەو پرسیارە دەستپێدەکەم: جیاوازی چییە لە نێوان کوشتن بە ژەهر یان کوشتن بە قەناص؟
ئەی گرتنی لاهور ئێستا ئاسانتر بوو یان ٨ تەموز؟
بێگومان هۆکاری دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی لە ۲۲ ئاب دەگەڕێتەوە بۆ تاوانبارکردنی بە هەوڵی کوشتنی بافل تاڵەبانی بە قەناص! باشە ئەی هەر لاهور لە ٨ تەموز تۆمەتبار نەبوو بە هەوڵی کوشتنی بافڵ بە ژەهر!!؟ ئەی ئەوکاتی بۆ نەگیرا؟ خۆ هەمووان لەبیریانە؛ لاهور بێ هیچ کاردانەوەیەک هەموو دەسەڵاتی رادەست کرد، و وازی لە هاوسەرۆکی ی.ن.ک هێناو کەسە نزیکەکانی لە سەرکردایەتی دەرکران و هێزی سەربازیشی نەبوو!
ئەی بۆ لە ی ٢٢ی ئاب بڕیار دەدرێت لالە زار بگیرێت؟ نەک لاهور! چونکە ڕوونە گرتنی لاهور کە هەر ئەو ڕۆژە لە پرسە بوو زۆر ئاسان بوو، بەڵام بافل گرتنی لالە زاری دەویست. لەوە ئاسانتر؛ بۆ دوو ڕۆژ گەمارۆی لالەزاریان بدابوایە و دوو کەس هاتبایە نێوان لاهور خۆی رادەستدەکرد، جا بە خۆشی یان بە ناچاری، بەڵام بۆچی هەناسەیەک فرسەتێک نەهێڵدرایەوە بۆ خۆرادەستکردن، و پەلە بوون لە گرتنی لالە زار بەر لە گرتنی لاهور!
هۆکارەکەی ڕوونە؛ کە دەگەڕێتەوە بۆ نارەحەتی و نا ئارامی بافل تاڵەبانی بەرامبەر بە ئەژی ئەمین. لە دوای هەشتی تەموز کە ئەژی بەشێک بوو لە پلانەکە بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی بافل بوو، بافل هەستی بە نا ئارامی نەدەکرد هەر بۆیە پەلاماری بۆ سەر لاهور وا توند نەکرد، چونکە لاهوری بە مەترسی نەدەزانی بۆ سەر خۆی، چونکە لاهور دۆسیەکانی لە بەر دەست بافلە! بەڵام دوای ڕۆیشتنی ئەژی ئەمین کە باس لەوەکرا ئەوکات زۆرینەی دۆسیە هەستیارەکانی بردووە! بوە هۆی ئەوەی بافل هەست بەمەترسی و لەرزۆکی پێگەکەی بکات، ئەو مەترسییە زیاتر بوو دوای ئەوەی فەرمانی گرتن بۆ وەهاب هەڵەبجەیی دەرچوو، وە دواتر حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی هاوکار جاف١
بەگوێرەی زانیاریەکان؛ لە دوا کۆبونەوەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی، بافل داوای کردووە سەرۆکی هەرێم لێبوردنێکی تایبەت بۆ وەهاب هەڵەبجەیی دەربکات، بەڵام مسرور بارزانی ناڕازی بووە!
لێرەوە بافل بەو پەلاماردانەی سێ ئامانجی هەبوو: یەکەم و سەرەکی تۆمەتبارکردنی ئەژی ئەمین بە هەمان مادە، و ڕێگا کە پارتی بەرامبەر وەهاب هەڵەبجەیی کردی. دووەم گرتنی لالەزار و کۆتاییهێنانی یەکجاری بە لاهور شێخ جەنگی. سێهەم دیاریەک بۆ ئێرانیەکان کە بە ئەژی و لاهور نامورتاح بوون لە سنوری سلێمانی.
گرفت و لاوازیەکانی بەردەم ئەو پلانە: لێدوانەکانی پێشوی بافل تاڵەبانیە: یەکەم لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە دهۆک دەڵێت” دوای هەڵبژاردن بە خۆشی یان بە ئاگر دۆستی پارتی لە سلێمانی دەردەکەم و مەبەستم نەوەی نوێش نییە”، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە بڕیارو پلانی پێش وەخت هەبووە بۆ پەلامار، نەک جوڵەی لاهور ببێتە دروستبوونی ئەو بریارە. دووەم لە دیداری مێری بافڵ دەڵێ “دادگای هەرێم بێلایەن نییە، و حیزب بڕیاریان بۆ دەنوسێ! کە وابێت خەڵک دەپرسێ ئەو بڕیارەی ئەمرۆی دادگاش هەر ئێوە نوسیوتانە! سێهەم لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رووداو دەڵێت “ئەو بڕیارەی سەر وەهاب هەڵەبجەیی و دانپانانی پێنج ئەندامی دژە تیرۆر لە فیلم دەچێ و وەک ئەوەیە لە تەلەفزیۆن دادگایی کرابێت بۆیە راست نییە”، کەچی تۆمەتبارکردنی لاهور شێخ جەنگی و دانپانانەکان بە هەمان شێوە لە تەلەفزیۆن بوو هاوشێوەی ئەوەی پارتی!
دەرئەنجام لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لاهور دوو کورسی هێنا، ئیتر چیتر بەرەی گەل و سەرۆکەکەی مەترسی نەمابوون بۆ سەر بافل تاڵەبانی، بەڵام ئێستا بافل دۆسیەی ئەژینی بە دەستەوەیە بەرامبەر بە دۆسیەی وەهاب هەڵەبجەیی کە یان دەبێت هەردووکیان لێبوردنی سەرۆکی هەرێمیان بۆ دەربچێت یان هەردووکیان دوربخرێنەوە!
پرسی رۆژ: سزادانەوەی شێروان شێروانی لەلایەن دادگای هەرێمی کوردستان وبەراوردکاریەک؟
سزادانەوەی دووبارەی شێروان شێروانی لەدادگای تیابەتمەندی هەولێر لە٢٧/٧/٢٠٢٥ بەتۆمەتی ئەوەی کەیسێکی تازەی لەسەر دروستکرابێت، دوای ئەوەی دەبوایە لەمانگی ٩ سزاکەی پێشووی کەبەسەریدا سەپابوو تەواوبکات وئازادبێت (ئەمە بەپێی راگەیەندراوی پارێزەری شێروان شێروانی(مەحەمەد عەبدوڵا).
کەیسی شێروان شێروانی و هاوڕێیکانی کەبەکەیسی بادینان ناسرابوو، لەمێژووی دادگای کوردستان بۆتە دادگاییکردنێکی تایبەتی سیاسی وزۆر بەئالۆزی چووە پێشەوە. ئەوەش زۆرتر گومانی سەربەخۆنەبوونی دادگاکانی کوردستانی خستۆتە ژێر پرسیار ورای گشتی وتەنانەت لەکەیسە جیاجیاکاندا سەرانی هەندێک حزبی دەسەڵات لەهەرێم وئۆپۆزسیۆن ورۆشنبیران ئەو جۆرە رایەیان هەیە.
پرسیار: دۆسیەی دادگایی شێروان شێروانی لەدادگاکاندا چۆن بەراورد دەکەن بەرژێمی پێشووی عێراق (رژێمی بەعس)؟
بەڕێز عومەر هەنگاو چالاکوانی سیاسی وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.
عومەر هەنگاو: مامەڵەی پارتی دەرهەق بە چالاکوانانی بادینان.
بۆ ئەوەی لەم کردەوەی پارتی بە ئاسانی تێبگەین و بزانین بۆچی دۆسیەی شێروان و چالاکوانانی بادینان بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و دەکرێ، دەبێ سەیرێکی مێژوی دوور و نزیکی پارتی بکەین.
پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە و لەو سەردەمەش کە ناویان ناوە شۆڕشی ئەیلول، وێڕای ئەوەی هێشتا لە شاخ بوون و بە حەماسەتەوە ئیدعای ئەوەیان دەکرد کە ئەوان پەیامهێنی ئازادی و خۆشبەختی و دادپەروەری خەڵکی کوردستانن، هەر لەو سەردەمەشدا ئەوان خاوەنی چەندین گرتوخانەی ئاشکرا و نهێنی بوون، و بە دەیان ئازادیخواز و خەڵکانی ناڕازی بەو حزبەیان لە کونجی زیندان قایم کردبوو، و کەمیش نین ئەوانەی لەو سەردەمەشدا تیرۆر کراون.
کەواتە هەر کەسێک مێژوی ئەو حزبە سەیر بکات، نابێ بە هیچ جۆرێک شۆک بیگرێ کاتێک بە هۆی نوسینێک، چالاکیەکی مەدەنی، ڕەخنەیەک لە بنەماڵە..هتد، ئەو حزبە دەست بۆ بەدناوترین سیناریۆ و تاوانبارکردن دەبات. شێروان یەکێکی تر لە قوربانیەکانی سەرکوتگەریی ئەو حزبەیە.
زەحمەت نییە کە بتوانین بە ئاسانی کردەوەکانی پارتی بە کردەوەکانی بەعس بچوێنین، بەوەی کە هەردوکیان خاڵی هاوبەشیان یەکجار زۆرە! ئەوەی کە بەعس پێی وابوو تاکە فریادڕەسی نەتەوەی عەرەب و گەلانی ناوچەکەیە، ئەوەی کە پێی وا بوو هەموو ڕەخنەیەک لە سەرانی بنەماڵەی سەدام باجەکەی دەبێ گیانی ئەو کەسە بێت. ئەوەی کە دەزگا ئەمنیەکانی بەجۆرێک دڕندە و هەوسار پچڕاو بوون کە بە بینینیان خەڵک دەبوایە گومان لە خۆی بکات کە ئایا پەلامار ئەدرێت یان نا؟ ئەوەی کە گرتوخانەکانی پڕ بوون لە خەڵکی ناڕازی و ئاسان بوو تۆمەت دروست بکات، و دادگایی بکات بەبێ ئەوەی تاوانێک ئەنجام درابێت… کاتێک خۆیان دادوەر بوون، شاهید بوون، وە جەللاد بوون!
ئەوەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا دەگوزەرێ هەمان سەردەمی دەسەڵاتی بەعسە کە تەرجومەی کوردیی کراوە!
پارتی هەر لە سەرەتای ١٩٩٠ کانەوە دەستی بە تیرۆری ئازادیخوازان و نارازیانی ئەو حزبە کرد. هەر لە تیرۆری نەزیر عومەر و رەئوف کامل و دەیان کەسی تر، هەتا دەگاتە تیرۆری سەردەشت و سۆران و…تاد
ئەوەی دەرهەق بە شێروان و هاوڕکانی دەکرێ لە سیناریۆی بێ مانا جارێک بە بەهانەی هەبوونی چەک لە ماڵەکەیان و تەزویری ژمارەی ئۆتۆمبێل و تەزویری هەویە و دواجاریش تۆمەتی بێبنەمای هەڕەشەکردن لە کەسانی تر! جگە لەوەی کە نەبوونی هیچ جۆرە یاسا و ڕێسا و دادگایەکە کە دەستی ئەو حزبەی بەتەواوی ئاوەڵا کردوە بۆ هەر جۆرە کردەوەیەکی فاشیانە و سەرکوتگەرانە، هیچی تر نییە.
شێراون و هاوڕێکانی تەنها بەهۆی نەچونە ژێر باری ئەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەی پارتیە کە لە زیندانن، نەوەک هیچ جۆرە کردەوەیەکی تر. ئەگەر بە هۆی تەزویر و هەبونی چەک و ئۆتۆمبێلی ژمارە ساختەوە، سەرانی ئەو حزبە و تەنانەت ئەندامەکانیشیان دەستگیر بکرێن، ئەوە دەبێ بە سەدان کەسی خۆیان زیندانی و سزا بدرێن.