بێریڤان محەمەد: خاوەنی تابلۆی“ مەینەتی“ بۆ بۆپێشەوە، دەدوێت…بێریڤان محەمەد: *سەلەفی و ئیسلامیەکان، پێمان دەڵێن ئێوە بەد ڕەوشتن و پەرە بەبێڕەوشتی دەدەن لە کۆمەڵگەدا، ئێمە لێتانی قبوڵ ناکەین . * داواکارم لە ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایە هەن هەوڵی پوچەڵکردنەوەی پلانی سەلەفیەکان بدەن . *ئەم پشتگیرییەی لێمان دەکرێت باوەڕ بەخۆبوونی زیاترمان پێدەدات بۆ بەردەوامبوون و تەسلیم نەبوون.
دیمانە لەگەڵ بێریڤان محەمەد خاوەنی تابلۆی ”مەینەتی“ کە کەوتە بەردەم هەڕەشەی داعشەکان و بڕیاری داعشی..
سازدانی دیمانە: لاوژە جەواد
ڕۆژێ 21/2/2018 زانکۆی گەرمیان سەنتەری گەنجانی کەلار پێشانگایەکی هونەری بۆ 19 هونەرمەند نمایشکرد. ئەم هونەرمەندانە بە 40 تابلۆ بەشداربون.
لەنێویاندا چوار تابلۆ کە لەلایەن (بێریڤان محمد، شریهان یونس، محمد قاسم) کێشرابوون بەر هێرشی سەلەفیەکان دەکەون و لەژێر ناوی ئەوەی کە لەم تابلۆ کێشراوانە لەشی ژن بە نیمچە ڕوتی نمایشکراوە.
بێریڤان محەمەد یەکێک خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کفری بەشی شێوەکاری کە بە سێ تابلۆ بەشداریکردوەو دوو لە تابلۆکانی بەر هێرشکەوتن، بۆ بۆپێشەوە دەدوێت.
بۆپێشەوە: لەکاتی کردنەوەی نمایشەکەدا، هیرش کرایە سەر پیشانگاکەتان، ئەمە چۆن روویدا؟
بیریڤان محمەمەد “لەکاتی نمایشەکەدا چەند خوێنکارێکی سەلەفی هێرشدەکەنە سەر چوار تابلۆو هەرەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر لایان نەبەن ئەوە دەیانشکێنن، کاتێک سەرپەرشتیارانی زانکۆ بە کێشەکەیان زانی لەبری ئەوەی بەرگریمان لیبکەن داوایان لێکردین کە تابلۆکەمان لاببەین. بەدوای دەنگدانەوەی و دەنگ بەرزکردنەوەی ئازادیخوازان لەژێر فشاردا ئێستا سەرۆکایەتی زانکۆ ڕونکردنەوەیان داوەو خۆیانی لێ دەبەنە دەرەوەو دەیخەنە مل چەند خوێندکارێکی نەناسراو، ئایا دەکرێت و دەبێت خوێندکار نەناسراو بێت؟ وە هەڵوێستی سەرپەرشتیاران تا ئیستاش زۆر لاوازە، ئێمە ڕۆژانە لەڕێگای جۆراوجۆر ڕوبەڕوی هەرەشە دەبینەوە کە نەیانتوانی بەرگری لە کارە هونەریەکانمان بکەن، ئیستاش ئامادەی هیچ هاوکاریەک نیین لەپیناوی پاراستنی ژیانمان پێمان دەڵێن مەسەلەکە ئەوەندە گەورە نییە کە گەورەکراوە، ئێمە نازانین چی بکەن؟.”
بۆ پێشەوە: کێن ئەوکەسانەی هەرەشەتان لیدەکەن؟
بیریڤان محەمەد: سەلەفی و ئیسلامیەکانن، قسەو جنێوی ناشیرنمان پێدەدەن پێمان دەڵێن ئێوە بەد ڕەوشتن و پەرە بەبێڕەوشتی دەدەن لە کۆمەڵگە ئێمە لیتانی قبوڵ ناکەین، لەم رۆژەوە من زۆر دەترسم ناوێرم لەماڵەوە بچمە دەرەوە بەجیا لە باوکم هیچ کەس نییە پشتگیریم بکات.
بۆپێشەوە: لە چ ڕێگایەکەوە هەرەشەکانت بۆ دێت؟
بێریڤان محەمەد: لەڕێگای کۆمێنت و نامەی ماسنجەر
بۆپێشەوە: دەتوانی کەمێک باسی کارە هونەریەکەتمان بۆ بکەیت بۆچی چی بوو بۆچی بووە جێگای توڕەیی کۆنەپەرستان؟
ئەوەی من کێشاومە، تابلۆیەکە ناوی (مەینەتی)یە. ئەمەش لە بنەڕەتدا تابلۆیکی هونەرمەندی هۆڵەندی( ڤان کوخ)ە. باسی ئافرەتێکە کە جلی لەبەردا نییە و بە خەمباری دانیشتووە و سەری داخستووە و دەموچاوی لە نێو باڵەکانیدا شاردۆتەوە، ڤان کوخ لەبارەی ئەم تابلۆیەوەلە نامەیەکیدا بۆ (تیۆ)ی برای نووسیوویەتی”ئەم کچە داماوە کە ئێمەی پیاوان پێی دەڵێین سۆزانی، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە پیاوانن ئەوان دەکەن بە سۆزانی بۆ بژێوی ژیانیان پارەیان پێدەدەن و لەبەرامبەردا سێکسیان لەگەڵ دەکەن، هەروەها دەڵێ ئەم ژنەی ناو تابلۆکە لە ئێستادا لەبەر تەمەنی بەلاوەنراوە و پیاوەکان ئامادەنین سێکسی لەگەڵدا بکەن و پارەیشی پێبدەن، چونکە پیاوەکان دەچنە لای ژنانی گەنجترەوە و دەیانەوێ تێرتێر خۆشیان لێوەربگرن، کاتێش دەگەنە تەمەنێک، وازیان لێدێنن، بۆیە گەر ببینی ژنەکە لەبرسێتیدا لەشی زۆر لاوازبووە و پارەی پێنەماوە بۆ بژێوی. هەر بۆیە تابلۆکەم ناو ناوە مەینەتی.
بێ گومان ڤان کوخ لە هەستی مرۆڤانەی بەرامبەر ئافرەت ئەم تابلۆیەی کێشاوە و وەهایش چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە بۆمان، نامەکانی ماون.
بۆپێشەوە: پەیامت چییە بۆ ئازادیخوازان؟
زۆر سوپاسی هەموو لایەک دەکەم بۆ پشتگیریان لە هەر ڕێگایەک بوبێت، ئەم پشتگیریەیان باوەڕ بەخۆبونی زیاترمان پێدەدات بۆ بەردەوامبوون و تەسلیم نەبوون.
داواکارم لە ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان لە هەر شوێنیکی ئەم دنیایە هەن هەوڵی پوچەڵکردنەوەی پلانی سەلەفیەکان بدەن، من زۆر دەترسم و ژیانم لە مەترسیدایە تکایە هاوکارم بن بۆ پاراستنی ژیانم.