خەڵکی کەرکوک لە ناو بەرداشتی شەرە ئاڵا و کێشەی قەومیدا

0

رۆژی ٢٧ مارس ئەوەی ناوی نراوە “ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک” Bildresultat för kurdish flag

Bildresultat för iraq official flagبڕیارێکی پەسەند کرد بۆ رۆژی ٢٧ مارس ئەوەی ناوی نراوە “ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک” هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” لە پاڵ “ئاڵای عیراق”ەوە لە دام و دەزگا رەسمیەکانی ئەو شارەدا. خەڵکی ئەو شارە کە بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و خزمەتگوزاریەکانەوە گرفتارن، لە جیاتی هەموو ئەوانە شانازی گەورەی ناسیۆنالیزمی کورد ئەوەیە کە ئاڵایەکی بۆ کردوون بە دیاری! ئیتر خەڵکی ئەم شارە دەبنە خاوەن ئەو بەختە گەورەیەی کە لە جیاتی یەک ئاڵا دوو ئاڵا بەسەر سەریانەوە بشەکێتەوە و ئەمە بکەنە قەرەبووی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارەییەکان.

چەند ساڵەی ئاڵای دەوڵەتی شۆفینیستی بەعسی عێراق بە رتوشێکی کۆنەپەرستانەی ئیسلامیەوە تەنها ئاڵا بوو لە دام و دەزگا فەرمیەکاندا، خەڵکی شاری کەرکوک یەکێک لە قوربانیە گەورەکانی سیاستە فاشیانەکانی رژێمی بەعس بوون کە لە ژێر ئەو ئاڵایەی ئێستای عێراق بەرامبەریان پیادە کراوە. ئەو ئاڵایەی بەعس تەنها سێ ئەستێرەی لابراوە و فۆنتی “اللە اکبر”ەکەی گۆڕاوە. سیاسەتی تەعریب و راگواستن و سەرکوت و لەسێدارەدان و کوشتاری بەکۆمەڵی ئەم خەڵکە دەیان ساڵ لەژێر ئەو ئاڵایەدا ژیانی ئەم خەڵکەی کردبوو بە دۆزەخ. شۆفینیستە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانی دوای رژێمی بەعس کە لە راستیدا لە دڵەوە سورن لەسەر بەردەوامیدان بە کارنامەی بەعس و چاوەڕوانی ئەوەن کەی هاوسەنگی هێز دەستیان ئاوەڵا دەکات، ئامادە نەبوون تەنانەت ئەو ئاڵای عێراقە بگۆڕن کە سیمبول و بیرهێنەرەوەی مێژوویەک لە بەربەریەتە، تەنها رتوشێکی وایان کردوە کە کۆنەپەرستی و سیما ئیسلامیەکەی تۆختر بکەنەوە.

ئێستا ئاڵای ناسیۆنالیزمی کوردیش وەکو دیاریەکی گەورە پێشکەش بە خەڵکی کەرکوک کراوە. لە راستیدا تا کاتێک باس باسی دابینکردنی مافە سەرەتایی و رەواکانی خەڵکی بێدەرەتانی کەرکوک بێت، تا کاتێک لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری رابردوودا خەڵکی ئەم شارە کەوتنە بەردەم پەلاماری دڕندانەی داعش، نە دەوڵەتی ناسیۆنال-ئیسلامی عێراق خۆی بە بەرپرسیار زانیوە و نە حکومەتی ناسیۆنالیستە کوردەکان، بەڵام کاتێک کێشە دێتە سەر سامان و دەسەڵات و سیمبولەکان دەسەڵات لەم شارەدا، هەمووان خۆیان بە خاوەنی کەرکوک دەزانن. ئەوەی ئێستا ناوی نراوە ئاڵای کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا سیمبولی دەسەڵاتێک بووە کە نوقمی گەندەڵی و تاڵانی و سەرکوت و بێدەرەتانکردنی خەڵکی کوردستانە و هەر بەم بۆنەیەشەوە کەوتۆتە بەرامبەر نەفرەت و ناڕەزایەتی فراوانی خەڵکی کوردستان. تا ئەو جێگایەش کە بەشاری کەرکوک دەگەڕێتەوە رۆڵی ئەم ئاڵایە تەنها ئەوەبووە کە فاکتۆرێکی قوڵکردنەوەی ناکۆکی و قڵشتی قەومی نێوان دانیشتوانی ئەم شارەی کردوەتە سەرباری نەهامەتیەکانی دیکەی ئەم خەڵکە. سەرجەم هێزە ناسیۆنالیستە کوردی و عەرەبی و تورکی و ئیسلامیەکان، وەکو درۆیەکی گەورە و شاخدار سوێند بەوە دەخۆن کە لایەنگری ئەوەن شاری کەرکوک شاری ئاشتی و پێکەوە ژیان بێت، بەڵام بە کردەوە بە هەموو توانایان هەوڵی خۆشکردنی ئاگری شەڕ و کێشەی کۆنەپەرستانەی قەومی دەدەن. بەرزکردنەوەی ئەم دوو ئاڵایە کە یەکێکیان سیمبولی شۆفینیزم و ئەوەی تریان سیمبولی نەتەوەپەرستیە، بە توندی ناکۆکن لەگەڵ پرەنسیپی پێکەوە ژیانی هەموو دانیشتوانەکەی بە دوور لە ناسنامە دەسکردە قەومی و مەزهەبیەکان.

یەکێک لە مەرامە تا سەرمۆخ دژی ئینسانیەکان کە لە پشتی هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” لە کەرکوکەوە راوەستاوە، ئەوەیە کە ناسیۆنالیستە کوردەکان خۆیان مەڵاسداوە بۆ ئەوەی چارەنوسی ئاوارە عەرەبزمانەکانی ئەم شارە وەکو کارتی گوشار بەرامبەر ئەگەری کاردانەوە و هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق  دژی ئەم بڕیار و هەنگاوە بەکاربهێنن. میدیاکان ئاماژە بۆئەوە دەکەن کە لە ئەگەری ئەوەی دەوڵەتی عێراق بودجەی ئەم شارە ببڕێت، هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە دەرکردنی ئاوارە عەرەبزمانەکان لە پاڵ دوو کارتی فشاری دیکەوە بەرامبەر بە دەوڵەتی مەرکەزی بەکاربهێنن. واتە هەردوولایان نان و ئاو و ژیانی خەڵکی بێدەرەتان و بێ دیفاع دەکەن بە بارمتەی بردنە پێشی مەرامە کۆنەپەرستانە قەومیەکانیان.

بەڵام بە پێچەوانەی سیاسەت و هەنگاوەکانی هەموو لایەنەکانی ئەم کێشانەوە، پرەنسیپی پێکەوە ژیان و هاوچارەنوسی خەڵکی ئەم شارە حوکم دەکات کە هەرجۆرە سیمبولێکی قەومی و مەزهەبی و تەفرەقە ئامیز لانی کەم لە دام و دەزگا فەرمیەکاندا قەدەغە بکرێن و لە جیاتی ئەوانە ئەو سیمبولانە بۆ ئەم شارە پێویستن کە ئاماژەن بۆ هاوچارەنووسی و هاوپشتی خەڵکەکەی. دانیشتوانی ئەم شارە پێویستە هوشیار و هەستیار بن و نەکەونە کەمینی ناسیۆنالیستە تاڵانچی و کۆنەپەرستەکانی کورد و عەرەب و تورکەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.