رێبوار عارف: خالی هاوبەشی کۆی نەخشەو پلانەکان و سیاسەتەکانی هەردوو دەسەڵاتی بەغدا و هەرێـم  شکاندنەوەی قەیرانەکانە بەسەر خەلکی هەژارو کەمدەرامەت و مووچەخۆرانی کوردستاندا…  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەهادین حاجی بەکر ناسراو بە ”رێبوار عارف“، بەرپرسی لقی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری، لە پەیوەند بە پرسی موچە و خزمەتگوزارییەکان و ئاینندەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی…

0

بەشی دووەم و کۆتایی

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی بەغدا لە ململانێی خۆی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم، موچەی فەرمانبەران دەبڕێت و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیش خەڵکی کوردستان وەکو گوشارێک لەدژی بەغدا بۆ ئامانجەکانی خۆی بەدەستەوە دەگرێت، دەبێ چ بکرێت لەدژی ئەم مامەڵە نائینسانیەی دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم؟

ڕێبوار عارف: خالی هاوبەشی کۆی نەخشەو پلانەکان و سیاسەتەکانی هەردوو دەسەلات شکانەوەی قەیرانەکانە بەسەر خەلکی هەژارو کەمدەرامەت و مووچەخۆرانی کوردستاندا، بۆیە هەردوولا بە دوو ئاراستەو دوو مەبەستی جیاواز هەردوو دەسەلاتەکە ژیان و گوزەرانی ئەو خەلکە ستەملێکراوەکە بە بارمتە دەگرن و تەواوی کێشەو کەموکوڕیەکان بەسەر ژیانی ئەو خەلکەدا دەشکێننەوە. بۆیە لەلایەک دەسەلاتی هەرێم دەیەوێت مووچەخۆران و خەلکی کوردستان بکاتە پاشکۆی سیاسەت و ئامانجی خۆیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوەو لە ژێر ناوی پاراستنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەرادەیەک ئەم سیاسەت و فریووکاریانە توانیویانە کاریگەری خۆیان دابنێن و تەنانەت بەشێک لە هەڵسوراوانیش خۆشخەیال بکات بۆئەوەی لەباتی جەنگ دژ بە هەردوو دەسەلات بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەبنە سوورەی بەرلەشکری سیاسەت و ئامانجەکانی دەسەلات، بەدەر لەوەی کە ئایا ئەو کەسانە چەندە وشیارو ئاگان بەوەی کە بەشێک لە هەلوێستەکانیان ئاو بە ئاشی دەسەلاتدا دەکات.

بۆیە کارێک کە پێویستە رابەران و هەلسوراوانی نارەزایەتیەکان بەوردی وشیاریەکی زۆرەوە بەدوای ئامانج و بەرژەەندیەکانی خۆیەوە بێت و پێ لەسەر بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆمانەوە بین و تێبگەین لەوەی شاقامی نارازی کوردستان و ئەو دەسەلات و حکومەتەی کە ژیان و گوزەران و حورمەت و کەرامەتی ئێمەیان هێناوەتە ژێر پرسیار !

بۆپێشەوە: ئایندەی بزوتنەوەی نارەزایەتی خەڵکی کوردستان بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان چۆن دەبینن و زامنی سەرکەوتنی ئەم بزوتنەوەیە لە گرەوی چیدایە؟

ڕێبوار عارف: یەکێک لەو بابەتانەی کە لە قۆناغی رابردوماندا ئێمە زیانمان لێکردو پێویستی بە دیقەت و تیاڕامانێکی وشیارانەتر و لێبراوانەتر هەیە (سەربەخۆی سیاسی و پراتیکی) کۆی نارەزایەتیەکانە کە یەکجار پڕ بایەخە. ئەمەش واتە فاسلە گرتن لە کۆی گشتی حیزبە سیاسیەکانی پەرلەمان. ئەحزابی سیاسی ئەگەر گەرەکیان بێت پشتگیری لە نارەزایەتیەکان و داخوازیەکانی خەلکی کوردستان بکەن ئەوا دەتوانن لە پەرلەمان و رێگەو رەوشتە سیاسی و دبلۆماسیەکانی خۆیاندا کاری بۆ بکەن، نەک ئەوەی وەک ڕێکخەەی خۆپیشاندانەکان مامەلە بکەن، یان لەمەش خراپتربانگهێشتکردنی ئەم حیزبانە بۆ نێو جەرگەی نارەزایەتیەکان،

چونکە ئەمە دەبێتە پاساو بەهانەگیریەکی کە دەسەلات ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی هەرجۆرە چالاکیەک، وەک ئەوەی لە دواین خۆپیشاندانی شاری سلیمانیدا بەدیمان کرد کە چۆن ڕۆژێک بەر لە نارەزایەتیەکە دەسەلات کەوتە هاتوهاواری (پشێوی و نائارامی و پلانی موئامەرە)یەک بەرێوەیە کە نابێت رێگەی پێبدرێت، بۆیە بینیمان هەر لە شەوێوە چۆن هێزە ئەمنییەکان شوێنە گشتیەکانی شاری میلیتاریزە کردو هاوکات دەیان کەسیان دەستگیر کرد، نەبادا…. خوانەخواستە کودەتا بکرێت.

مەسەلەیەکی تر هەلوێستمانە بەرامبەر هەردوو دەسەلاتی هەرێم و بەغداد، کە دەبێت هەردوو وەک یەک بە بەرپرس بزانین لە برسیکردن و نەدانی مووچە و خزمەتگوزاریەکاندا.

کە بەداخەوە وێنەیەکی گشتی کە جێکەوتووە لایەنگری یەک لایەنە لە حکومەتی فیدرالی بەدێوەزمەکردنی دەسەلاتی هەرێمە لە بەرامبەر بەو دەسەلاتەی کە گوایە لە ژێر دەسەلاتی ئەواندا دنیا شامی شەریفە.

کە دەکرێت ئەمە پێچەوانەکەشی دروست بێت بەشێک لە هەلسوراوان بەداخەوە پاراستنی قەوارەی هەرێمیان کردوە بەو پاساوەی کە تەواوی کێشەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراق دەنین. کە ئەم دوو بۆچۆنە هەردووکیان دوو دیوی دراوێک کە زیانبارە بۆ جولانەوەکەمان.

دواجار پیاچوونەوەو بنیادنانەوەی کۆی کارەکانمان لاوازی و کێشەو کەموکوڕیەنمان پێشمەرجێکی گرنگە بۆ هاتنەوە مەیدان و بنیادنانەوەی ڕیزی خەبات و تێکۆشانمان ….

دەبێت لەمبارەوە وەک دواین خال ئەوە بڵێم کە کۆی گشتی ئەو کارانە پێویستی بە ( نەخشە ڕێگەیەکی گشتگیر بۆ کۆی نارەزایەتییەکان) و رابەریکردنی ئەو بزوتنەوە کۆمەلایەتیە هەیە کە کۆی موئەهەلاتەکەی ئامادەو تەنیا ئەوەی دەوێت کە بە هاودلی و ئیرادە ئەرکی شۆرشگێرانەوە پێکەوە بیانبەستینەوەو هەنگاوی بەکردەوەی بۆ هەلبهێنینەوە!

بۆپێشەوە: کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری لە کوێی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری خەڵکی کوردستاندایە و نەخشەی چییە بۆ چارەسەری کیشەی موچەو خزمەتگوزارییەکان؟

ڕێبوار عارف: ئەوە ڕۆشنە کە زیاتر لە ١٠ سالە مەسەلەی مووچە لە کوردستاندا بەرۆکی بە بەشێک لە خەلکی کوردستان گرتووەو کاریگەری لەسەر ژیانی بەشەکەی تریش داناوە. چونکە کاتێ ئەم بەشە لە خەلکی کوردستان دەرگیرە لەگەل بەدەستهێنانی ئەو مافە راستەوخۆ کارگەری لەسەر بزواندن و جولەی بەشێکی تری کۆمەلگە دەبێت کە مووچە مامەلەی لەگەلدا دەکات لە کابرای دەستفرۆش و سەوزە فرۆش و وشکە فرۆش و پیشەوەرو بگرە تا دەگاتە هەموو ئەو توێژانەی تر کەبۆ ساخکردنەوەی کالاوبەرهەمی پیشەکانی دەرگیرن لەگەل مووچە خۆراندا کارو ژیانیان پێکەوە بەستراوەتەوە، بۆیە بوون و نەبوومی مووچە بالانسی چەرخاندن یان وەستانی بازار رادەگرێت.

هەر بۆیە کاتێک کە مانگێک و دوان و سیان مووچە نادرێت یانی بازار ڕادەگیرێت و لەدەرەوەی ژیانی مووچە خۆرانیش ئەو قەیرانە گەورە دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر بازاڕو ژیانی سەدان هەزار هاولاتی دادەنێت بۆیە دەلین نەبوونی مووچە بە جۆرێک لە ئاستێکدا ژیان رادەگرێت.

لێرەدا باسەکە دێتە سەر پەیوەندی نێوان کریارو فرۆشیار، واتە ئەو بەشەی کە فرۆشیارە بەشێکی زۆری بەستراوەتەوە بە دۆخی کریارەکەوە کەئایا مووچە وەردەگرێت یانا. کەواتە مووچە خالی هاوبەشی کڕین و فرۆشتنی بازارەو سنووری ژیان و گوزەرانی خەلکی ئەو کۆمەلگەیە پێکەوە گرێ دەدات.

ئەمە واتە پێویستە سنووەی کاریگەریەکانی مووچە تەنیا پەیوەندی نییە بە تۆی مامۆستاو فەرمانبەرەوە، بەلکو لە راستیدا پەیوەندی بە ژیانی کۆی کریارو فرۆشیارەوە هەیە بۆیە پێویستمان بە تێگەشتنێکی بڕێک فراوانتر هەیە لەوەی کەئێستە بارەوە پێمانوابێت نەبوون و نەدانی مووچە تەنیا کێشە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران، نا لەراستیدا کێشە بۆ کۆی گشتی کۆمەلگە دروست دەکات و بازاری هەموو فرۆشیاران کزو بێڕەونەتق دەکات.

دیوێکی تری ئەم پرسیارە پەیوەندی بە چارەنووسی کۆی گشتی نارەزایەتیەکانەوە هەیە جیاواز لە مووچەخۆرو فەرمانبەرەوە، ئەویش قەیرانی ئاو و کارەبا، بەخسووسی کردنی کەرتی تەندروستی و ڕێگەوبان و بێکاری و دامەزراندن و گەندەلی و چەتەگەری و نائەمنیەکە کە سایەو سێبەری کردوە بەسەر ژیان و گوزەرانمانەوە وەک دەبینین سنووری نارەزایەتیەکان لەو بوارانەشدا لەم سالانەی رابردودا زۆرفراوانتر بووتەوە کە پێویست دەکات نەخشەمان بۆی هەبێت.

ئەمەش واتە کارکردن بۆ پڕکردنەوەی ئەو کێشەو لاوازیانەی کە لە وەلام بە پرسیارەکەی پێشترتان ئاماژەمان پێکرد، واتە پیاچوونەوەو چاوگێرانەوە بە مێژووی خەباتکارانەماندا… بەجۆرێک کە نەخشە ڕێگەیەکی گشتگیر بۆ کۆی نارەزایەتیەکان دەستەبەر بکەین…!

کۆی هەموو ئەم بابەتانە بەوەمان دەگەیەنێت کە کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری لەبەردەم ئەرکێکی قورس و گراندایەو لە دەورەی داهاتوودا دەبێت هەموو هەول تەقەلایەکی خۆی بدات بۆ ڕێکخستنەوەو خستنەوە سەرپێ نارەزایەتییەکان، بەهێزکردنی یەکیەتی و یەکگرتووی و هاودلی خەباتکارانەی بەرەی خەلکی نارازای و هەموو ئەو رێکخراوانەی کە ئامانجیان باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو خەلکە ستەملێکراوەیە.

لە هەمووشی گرنگتر هەولدانە بۆ دەستراگەشتنمان بە یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کە هەموو خواست و نارەزایەتییەکانی شەقام لێکهەلپێکێت تا بتوانین بچینە نیو جەنگێکی بەرفراوانترو چارەنووسازتر بۆ پشت سەرنان و کۆتایهێنان بە کۆی ئەم سووکایەتی پێکردن و بێمافی و ستەمگەریەی کە بەرۆکی بە خەلکی ستەملێکراوی ئەم ولاتە گرتووە!

Leave A Reply

Your email address will not be published.