جێگەو ڕێگەی ئەنفالەکان لەنێو دەسەڵاتی ئێستای هەرێمدا نووسینی: عوسمان محەمەد
لەم ڕۆژانەدا هەواڵی گرتنی تاوانبارێک کەدەستی لەکوشت و بڕو و ئەشکەنجەدانی ئەنفال کراواندا هەبووە لە بەندینخانەی نوگرەسەلمان بەدەستی دەسەڵاتدارانی عێڕاق، بەناوی عجاج احمد تکریتی، راگەیەنرا. ئەم هەواڵە خەڵکی کوردستانی خۆشحاڵ کرد بەتایبەت کەسوکاری ئەنفال کراوان. لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی کوردستان وەکو پیشەی هەمیشەییان دەستیان کرد بەهات و هاوار و شای لۆغان و هەرچی دەزگای ڕاگەیاندیان هەیە خستیانە گەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی وەک دەستکەوتێکی زۆر گرنگ باسیان لێوە ئەکرد، بەمەرجێ خۆیان هیچ دەورێکیان نەبووە لەدەستگیرکردنی، ئەم هات و هاوارەی ئەوان جارێکیتر توێژاڵی زامی کەسوکاری ئەنفال کراوانیان خوێ ڕێژکرد و برینەکانیان جارێکیتر تاسەر مۆخ کولاندەوە. ئەمەش نەک لەبەر خاتری کەسوکاری ئەنفال کراوان، بەڵکو بۆ جارێکیتر دەمەزەرد کردنەوەی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی کوردی، ئەمانە پێویستیان بەوەیە کەهەموو هەلێ بقۆزنەوە بۆ ئەوەی کاروکردەوە دژی ئینسانیەکانی خۆیان بشارنەوەو درێژە بەدەسەڵاتی نەنگینیان بدەن. ئەوان ئەیانەوێ لەسەر ڕەنج و ئەرکی خەڵکی کوردستان برەو بەسیاسەت و کردەوە دژی ئینسانیەکانیان بدەن، بۆ ماوەیەکیش خەڵکی کوردستان بەم کێشەیەوە مەشغوڵ بکەن، بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی کەبەم گەرمای هاوینە سکاڵا لەسەر ئەو تاوانبارە بکەن، کەسوکاری ئەنفال کراوان لەخۆڕا ماندوو ئەکەن و ئەیانوروژێنن بۆ کارێکی لەو بابەتە کەسودێکی بۆ دادگا و یاسا نییە، چونکە ئەوە ڕوونە هەرکەسێک کەتاوانێک ئەکات دادگا پێویستی بەدوو شایەت زیاتر نییە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کەئەم کەسە تاوانبارە. زۆر لەئێمە دادگامان بینیووە، هەر تاوانبارێک ئەگەر یەک کەس شایەتی لەسەر بدات ئەوە ئەتوانێ ئینکار لەو کارە بکات کەکردوویەتی یان ئەیدەنە پاڵی، بەڵام کاتێک بوو بەدوو شایەت ئیتر ئینکارکردن هیچ سودێکی نامێنێ، ئیتر بۆچی ئەم هەموو خەڵکە ماندوو ئەکەن ئەگەر شای لۆغانەکەتان بۆ خاتری دەمە زەردکردنەوەی سیاسەت و پراکتیکە دژی ئینسانیەکەی خۆتان نەبێ. ئێوەی دەسەڵاتداران هیچ شتێک لەبەرخاتری خەڵک ناکەن، تەنها مەبەستان درێژەدانە بەدەسەڵاتی نەگریسی خۆتان، بەڵام بەداخەوە خەڵکێکی زۆر بۆتە قوربانی ئەم سیاسەتەی ئێوە، ئەم هات و هاوارە لەگشت کوردستان وەک یەک شای لۆغانی بۆ ناکرێ، ئەمەش لەبەر خاتری چاوی کاڵی خەڵک نییە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە(٤٢٣) تۆمەنباری ئەنفالەکانتان لەلایە زیاتر لە (٧٠٪) لەزۆنی زەردن و لە (٣٠٪) لەزۆنی سەوزن، ئەمە بەپێی لێکۆڵینەوەی ئەوانەی کەتایبەتمەندن بەکەیسی ئەنفال، ئەم ژمارە لەتۆمەتبارە تائێستا، نەک لەگوڵێک کاڵتریان پێ نەوتراوە، بەڵکو زۆریان پلەوپایەی بەرزیان هەیە لەحیزب و لەحکومەتدا، ئەوانەش کەپلەوپایەیان نییە مانگی چەندین ملیۆن دینار دیوەخانانە وەرەگرن. زۆر سەیرە کەبەشێک لە خەڵکی کوردستان بێدەنگن لەئاست ئەم هەموو کاروکردەوە دژی ئینسانییە، هەر لەم دەسەڵاتەدا ئەوانەی کەگیانی خۆیان کردە قوربانی موچەکانیان نیوەی ئەو بەکرێگیراوانە!! نییە کەلای یەکێتی و پارتی موچەیان هەیە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەجدی بەدوای کەیسی ئەنفالەوەیە بابێت ئەوانە دادگایی بکات کەتاوانبارن و لای خۆیان داڵدەیان داون. لەماوەی ئەم سی و چوار ساڵەدا دەیان و سەدان ناڕەزایەتی لەسەر ئەو مستەشار و جاشانە!! کراوە بەڵام گوێتان لێ کەڕ کردووە.