دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سیاسییەو دەبێ دەستبەجێ ئازاد بکرێت!

0

شەوی ١٢ لەسەر ١٣/ ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە ماڵەکەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی لەلایەن پۆلیسی سلێمانیەوە دەستگیر کرا. پۆلیسی سلێمانی! لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند کە دەستگیر کردنی ناوبراو بەهۆی سکاڵای کۆنی یەکێک لە ئەندام پەرلەمانێ بووە کە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٩ و پەیوەندی بە ناوزراندن و هەرەشەکردنەوە هەیە.

بە پێچەوانەی لێدوانی پۆلیس و دادگای سلێمانی دەستگیرکردنی شاسوار عبدالواحید، سیاسییە و پەیوەندی بە لیدوان و چالاکیەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و فراکسیۆنە پەرلەمانیەکەیەوە هەیە، کە لەچوارچیوەی بەرنامەی ئەم جوڵانەوەیەدا رەخنە لە کارو کردەوەی دەسەڵاتی یەکیتی و پارتی و دەگرێت یان بانگەوازی خەڵک و بەتایبەتی موچەخۆران دەکات لەدژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و دواکەوتنی موچە و هەڵوێست وەربگرن و بێنە سەرجادە.

پۆلیس و دادگای سلێمانی چەندین جاری تر شاسوار عەبدولواحیدیان دەستگیر یان دەستبەسەر کردووە بە پاساو و بیانوی بوونی سکاڵا لەسەر ناوبراو…. بەڵام هەموو جارەکان ئەو کاتە بووە کە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لیدوان یان بانگەوازی بۆ نارەزایەتی خەڵک کردووە، یانیش ئەو کاتانەی کە هەڵبژاردنەکان نزیک بوونەتەوە. ئەوەش ئەو راستیە دەخاتە روو کە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، بە وینەی زوربەی هەرەزۆری دەستگیکردنەکانی تری چالاکوان و رۆژنامەنووس و رابەرانی بزوتنەوە جەماوەرییەکان، لە بنەرەتدا دۆسیە بۆ دروستکردن و داتاشینی پاساوە بۆ دەستگیرکردنیان.

ئەگەر شاسوار عبدالواحید بە پاساوی سکاڵای ئەندام پەرلەمانێکی پیشوو، وە هەرەشەوە دەستگیراوە، یان بە پاساوی سکاڵای خەڵکەوە لەسەر موڵک و ماڵ دەستبەسەرکراوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی دادگاو پۆلیس و یەکێتی و دەسەڵات ئەم دۆسیانەیان دواخستووە بۆ ئێستا؟ بۆچی پێشتر لەسەر ئەم کەیسە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرنەچووە؟ یان بۆچی چەندین جاریتر کە دەستگیر کراوە، ئەو دۆسیەیەی رووبەروونەکراوەتەوەو ئازاد کراوە؟ تەنانەت ئەگەر دەستگیر کردنی شاسوار عەبدولواحید وەکو دەوترێت پەیوەندی بە قەرزەکانی ناوبراوەوە هەیە و دادگا بریاری هەیە بۆ دەستبەسەراگرتنی سامان و موڵکی شاسوار عبدولواحید، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی بەم شیوەیە دەستگیر دەکرێت و بۆچی چەندین ساڵە، دادگا ئەم کەیسە یەکلایی ناکاتەوە و ماوە ماوە، بە پاساوی قەرزداری و  هەرەشەکردن و ناو زڕاندن، یان نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکان…تاد، دەستگیر دەکرێت.

خۆ ئەگەر بەراستی دادگا و پۆلیس، بریارە لەسەر دزی و هەرەشە و دەستبەسەراگرتنی سامان و داهات و زەوی کەسانی تۆمەتبار دەستگیر بکات، دەبێ چ لەشکرێک لە دزانی حزب و بنەماڵەی دەسترۆشتو دەستگیر بکرێن؟ دەبێ چەندین هۆڵی دادگا بۆ دادگایی ئەم ژمارە زۆرە دروست بکرێت؟ دەبێ چەند دەهە دادگا خەریکی یەکلاییکردنەوەی ئەو هەموو دزی و تاڵانی و سەرکوت و هەرەشانە بێت؟.

رۆژانە لە زمانی بەرپرسانی حزبی و حکومی و کاراکتەری سیاسیەوە، تا دەگاتە میدیا و ماس میدیا، بەڵگەی دزی و تاڵانی ئاشکرا، هەرەشەو چاوسوکردنەوە ….تاد، بڵاودەکرێتەوە، کەچی دادگا و داواکاری گشتی مێشیش میوانیان نییە.

دەستگیرکردنی شاسوار عبدالواحید، سیاسییەوە پەیوەندی بە ململانێی سیاسی ئەو هێزەوە هەیە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی، بۆیە دەستگیرکردنی پیشیلکردنی ئاشکرای ئازادی سیاسی و مافی مرۆڤە. ئامانج لەم مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی لە هەردوو زۆنی هەرێمدا، بۆ ملکەچپیکردنی نەیارانی سیاسی و لە بنەرەتدا بۆ ترساندنی هەلسوڕاوانی سیاسی و جەماوەری و چالاکوانان و هیرشێکی ئاشکرایە بۆسەر بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کە لەسەراسەری کوردستان بۆ موچە و خزمەتگوزارییەکان، لەدژی دزی و تاڵانی، قوڵپ دەدات.

سەلامەتی جەستەیی و گیانی و شاسوار عبدولواحید لە ئەستۆی دەسەڵاتە و پێویستە دەست بەجێ و بی قەید و شەرت ئازاد بکرێت. ئەگەر بەراستی بەڵگەیەک هەیە بۆ تۆمەتبار بوونی شاسوار عەبدولواحید با لە رێگەی دادگایەکی سەربەخۆ و ئاشکراوە دۆسیەکەی یەکلایی بکرێتەوە، نەک بەپێی ویستی دەسەڵات هەر کاتێک بە پێویستیان زانی، لە رێگای هێزی چەکدارەوە بچنە سەر ماڵەکەی و راپیچی زیندانی بکەن و دۆسیەی پاشەکەوتکراوی بۆ بەدەستەوە بگرن.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و لەپێشیانەوە دادوەرانی ئازاد و ئازا و رۆژنامەنووسان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و بەرگریکارانی ئازادی سیاسی  و پێویستە هەموو هەوڵ و رێکارێکی دروست و مەدەنی بۆ ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید بگرنەبەر و رێگە نەدەن بە هۆکاری سیاسی کەس راپیچی زیندان بکرێت.

بۆپێشەوە

١٣/٨/٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.