خەونی سندباد.. هۆنراوەی: جەمال نوری

0

لە خەونی پەڵە هەورێک دا

  “با” وتی ..

بارانێک بەڕێوەیە..

تا گەڵای درەختە بەژنزراڤەکان شانە بکا

شەونم بکا بەتاوە دەزوو

لە پرچی یادەکانەوە بئاڵێنێ

ئەو یادانە،

 لە دوکەڵێکەوە ئاڵان،

 کەلەگەرووی مندا هەڵیکردبوو

دەبووە شاخێک لەکا

ئۆقیانوسێک لە لەپی دەستا

شیعرو شاعیر لەلافاوی وشەدا ..!

باران و ئاسمان

دوو هاوڕێی هەمیشەیی,

 

” لەزمانی ئێمەدا!”…

زمان چەندە هێمای لەخاچ دراو بوون

بەداهۆڵەوە…

داهۆڵ، چەندە فریوو دەەربوو

لە چاندنی تۆوی ترس،

لە چاوی فڕینی باڵندەیەکدا،

ئەو باڵندانەی هەتا ئێستا بێ سۆراغن

لە مەملەکەتی وەرزی کۆچ…

ئەو وەرزەی درەختەکان گەڵاکانی تیا ناوەرێ

کارێزەکانی تیا ناتەقێ

کانیەکان ناڕژێنە سەر جۆگەو جۆبار

جۆگە سەری خۆی هەڵگرتوە

ئاوڕناداتەوە لەزێ و ڕووبار

 کاکەی شوان،

سایەک لەگەڵیا نایە، بۆ حەوانەوە

                                               

لەپاڵ درەختێکی بەژنزراڤی گەرمیان

بۆ ئاوازێکی خەمگینی شمشاڵێک

 کە شنەی با ئەیهێنێ و ئەیبات

حوزنێ دایگرێ، بۆ مەرگی زیندووی گەڵاکان..

بۆ ڕووت بوونەوەی درەختی پیرە دارستان،

بۆ وشک بوونی باڵی فڕین،

   لە ناو هەور،

 “با ” بردەڵەی گریە نشین *..!

                      

* گۆرانیەکی فۆلکلۆری یە.

* 10/حوزەیرانی 2025

Leave A Reply

Your email address will not be published.