ئیسرائیل لە گەمارۆی مرۆڤایەتید “ترامپ لە ئابڕووچووندا”… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ڕووداوەکانی ئەم دواییە و ئەو قێزەونییەی کە دەوڵەتی توندڕەوی ڕاستڕەوی ئیسرائیل لە کوشتار و برسی کردنی ملیۆنان خەڵکی فەلەستین و سەپاندنی فەرمانی دەربەدەری و پەرتەوازەیی هەمیشەیی بەسەر فەلەستینییەکاندا پیادەی دەکات، ئەم دەوڵەتە ڕاستڕەو و ئایینییەی بە تەواوی لە ئاستێکی بەرینی جیهانیدا خستۆتە بەردەم تسۆنامییەک لە ناڕەزایەتی ڕەوای مرۆڤایەتی شارستانی.
دیمەنی ترسناکی ئەو منداڵانەی کە لە برسا نەیاندەتوانی هەناسە بدەن، لاواز و هەناسەبڕاو، تەنانەت توانای خواردن و خواردنەوەشیان لەدەستدابوو، و دایکان و باوکان و خەڵکێکی سیڤیل و بێچارە کە بێکەس و تەنیا کەوتبونە بەردەم ئەم شاڵاوە ڕەشە و ڕەم فەرمانە بە دەربەدەری و کۆمەڵکوژ کردن و برسی کردنی بە کۆمەڵ بێ ئەوەی هیچ یاسا و دادپەروەرییەک لەم چارەنوسە بیانپارێزێ و پشتیوانییان بکات، بوومەلەرزەیەک بوو کە دیواری ئاگر و خوێن و دیواری درۆ و فێڵ و یاریکردن بە چارەنووسی شکاند و تاوانبارکردنی ئەم فەرمانە بە جینایەت سەلماند.
ترامپ بۆ کەمکردنەوەی ئەم ئیحراجە گەورە ئەخلاقییە و بۆ کڕینی کەمێک ئابڕوو بۆ سیاسەتی قێزەونی برسیکردنی بەکۆمەڵ و ملیۆنی خەڵک و گۆڕینیان بۆ مرۆڤێکی بێ هیچ مافێک، وتبووی “ئەوەی لە غەززە هەیە برسێتی نییە، بەڵکو بەدخۆراکییە”. دوای ئەویش نەتانیاهۆ دەستبەجێ هەمان قسەی دووبارە کردەوە. هەرچەندە ترەمپ دەیزانی کە ئەم فێڵانە نەک هەر چارەسەری ئەم ئیحراجە مرۆییە و ئەم بەتاڵبوونەوەیە لە هەر شتێک کە پەیوەندی بە مرۆڤایەتییەوە هەیە ناکات، بەڵکو خۆیان لە هەموو کاتێک ڕووتتر لە هەر ئیدیعایەک و لە هەر نزیکبوونەوەیەک لە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە هەر مانایەک نمایش دەکات، قسەکەی خۆی خواردەوە و دانی بە تاوانەکەدا نا.
بەڵام لەم پێشبڕکێی تاوان و درۆ و سوکایەتییەدا، بن گڤیر پێشی هاوشێوەکانی خۆی کەوتەوە و وتی “تەنانەت ڕازیبوون بە ڕێگەدان بە هاوکارییە مرۆییەکان شکستێکی ئەخلاقییە لە کاتێکدا بارمتەکانمان لای حەماسن”. ئەو کارەی کە دەبوو بکرایە، ناردنی بۆمبی زیاتر بوو بۆ ناچارکردنی فەلەستینییەکان بە قبوڵکردنی کۆچ و ئاوارەیی.
ئیسرائیل، ئەم خاکی بەڵێندراوی چاندنی دیموکراسیی ڕۆژئاوایی، ئەم دەوڵەتەی کوشتار و وێرانکاری و دەرکردنی ئاشکرای خەڵک، ڕەنگە یەکەمجار نەبێت کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و ڕق دەبێتەوە، بەڵام بێگومان یەکەمجارە کە ئەم دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیایەی کە لەگەڵ فەرمانی کوشتار و جینۆساید تێکەڵ بووە، دەکەوێتە ناو دۆخێکی وا ناسکەوە. یەکەمجارە کە خودی بوونی ئەم دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیا و پاساوە ئایدیۆلۆژییەکانی لە ڕەهەندێکی قووڵی بوونیدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بە جۆرێک کە دەنگی حاخامەکانیشی هێناوەتە دەنگ. لە ناڕەزایەتینامەیەکدا وتبوویان کە قێزەونیی ئەم دەوڵەتە و ئەم ئایدیۆلۆژیایە و ئەم فەرمانە بە دەرکەوتن و کوشتار و برسیکردن و ئینکاریکردنی مافی هاووڵاتیبوون و مافی بوونی ئەم خەڵکە گەیشتۆتە ئاستێک کە چیتر خودی جوولەکەبوون دەکاتە مایەی شەرمەزاری و ئەمەش قابیلی قبوڵ نییە.
وتبوویان کە زایۆنیزم خودی جوولەکایەتی و جوولەکەبوون دەکاتە کێشەیەکی ئەخلاقی قبوڵنەکراو. بە مانایەکی تر، وتبوویان کە زایۆنیزم و ئەو دەوڵەتەی کە زایۆنیزم فەلسەفەی بوون و ئایدیۆلۆژییەتی، بەم بەربەرییەتە، دەربەدەری مێژوویی و هۆلۆکۆستی جوولەکەکان دەکەنە بیانوو بۆ سەپاندنی دەربەدەری و هۆلۆکۆست بەسەر خەڵکانێکی تردا.
ئەم ئابڕووچوون و بنبەستە ئەخلاقی و ئایدیۆلۆژییەی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئولترا-ڕاستی ئایینیی ئیسرائیل، پشتیوانی بەرفراوانی دنیا لە خواستی دامەزراندنی دوو دەوڵەت و قبوڵنەکردنی ئەم ڕەفتار و فەرمانە ڕەشەی دەوڵەتی ئیسڕائیل هەنگاوێکە بەرەو کردنەوەی ڕووناکییەک، نەک تەنها بۆ ڕزگاربوونی خەڵکی فەلەستین لەم دیمەنە تاریکە، بەڵکو بۆ پێکەوەژیانێکی مرۆیی و ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی دادپەروەرانەتر لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە مەرجێکە بۆ بێ پەیوەندیکردنی ئیسلامی سیاسی کە لە لایەنی دیکەی ململانێکەدا کێشەی فەلەستینی بە گۆڕینی بۆ ململانێیەکی ئایینی کردۆتە دوکانێک بۆ کاسبی سیاسی. ئەم گۆڕانکارییەش لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی و گۆڕانکارییەکی ئازادیخوازانەدایە.
٤.٨.٢٠٢٥