ڕفاندن، سەرکوت و داپڵۆسین، تا کوشتنی خەڵکی ناڕازی… ناتوانێت بەر بە ڕەوتی ڕاماڵینی دەسەڵات بگرێت!
دواکەوتنی موچە و نەبوونی خزمەتگوزاری و مافە فەردی و مەدەنی و ئازادییەکان، لەپاڵ دزی و تاڵانییەکی ئاشکرای حزبە دەسەڵات بەدەست و بنەماڵەکانیان، ژیانی لەزوربەی هاوڵاتیانی کوردستان کردۆتە دۆزەخ. چینی کریکار و جەماوەری بەش مەینەت بەتایبەتی فەرمانبەران، لە پێناو بەرگرتن بە مەرگی شینیەیی و وەستانەوە بەرووی ئەو هەموو ستەم و بێمافیەی لێیان دەکرێت، ناچارن دەست بدەنە نارەزایەتی و رووبەرووی ئەو دەسەڵاتە نابەرپرس و حزبی و میلیشیاییە تاڵانچیە ببنەوە، کەسەرچاوەی دەیان مەینەت و کوێرەوەرییە، کەچی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد لە هەردوو زۆنەکە، لەجیاتی بە دەنگەوە هاتنی هاوڵاتیان و گوێگرتن لە داخوازییەکانیان و تیگەیشتن لە دۆخی ژیان و گوزەرانیان، لە رێگای دەزگا و هیزە ئەمنیەکانیان و پیاوە کرێگرتەکانیان هێرش دەکەنە سەر نارەزایەتیەکانیان. تەنانەت بەر لە کۆبونەوەو نارەزایەتیەکان، لەشکرێک لە هێزی سەرکوتگەر بڵاوە پێدەکەن، هەلسوراوان و چالاکوانان و رابەرانی نارەزایەتیەکان دەرفینن، زیندانی دەکەن و لەو جێگایانەش دەرفەتی پیش وەختە بۆ بەرگرتن بە هاتنەمەیدانی جەماوەییان نییە، بە زەبری هێز و لە رێگای دەستبردن بۆچەک وەڵام بە داخوازی زۆر سادەی هاوڵاتیان کە بەپلەی یەکەم موچەو خزمەتگوزارییەکانە دەدەنەوە. دەستگیرکردنی دەیان لە چالاکوان و هەڵسوڕاوانی جەماوەری لە سلێمانی، هیرش بۆسەر خۆپیشاندنی نارەزایەتی خەڵکی وەرتێ و کوشتنی هاوڵاتییەک و بریندارکردنی چەندین کەسی تر، ریگری کرتن لە خەڵکی هەولێر و عەنکاوە و بۆ کۆبونەوەی نارەزایەتی، هێرش بۆسەر خەڵکی نارازی خەبات، هەوڵی رفاندی پاریزەر شوان گەردی و شکنجەدانی لەناو جەرگەی شاری هەولێردا، هیرش بۆسەر هەر نارەزایەتیەکی تر تا درێژکردنەوەی سزای زیندانیان، وەکو بەرۆش دۆسکی…تاد، گۆشە بەگۆشەی ئەو سەرکوت و داپڵۆسینەن کە تەنها لەم ئەم یەک دوو مانگەدا، دەستیان بۆ براوە.
ئەم دەسەلاتە عەنتیکەیەی بۆرژوازی کورد، موچە دوادەخات و دەبڕیت و مانگەکانی درێژ دەکاتەوە، کەچی داوای سەبر و دان بەخۆداگرتنی هاوڵاتیان دەکات. خۆ ئەگەر دەنگت هەڵبری و داوای مافی خۆیی کرد، بە بیانوی خۆفرۆشی و دژایەتی” نیشتیمان” هیرش دەکات و زیندانیش ئامادەیە. خزمەتگوزارییەکان هەرزان فرۆش دەکات و کۆمپانیا تایبەتی و حزبییەکان و رادەسپێرێت جێگای بگرنەوە و گیرفانی هاوڵاتیان دابتەکێنن… نەوت بە قاچاغ و بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە ئاودیو دەکات و بێ ئەوەی هیچ داهاتێکی دیار بێت، کەچی ئاماری بەرزبوونەوەی قەرزەکانی سەر هەرێم رادەگەیەنێت. پرۆژەی بازرگانی وەکو “پرۆژەی روناکی” کە ئامانج کەڵەکەی سەرمایەیە وەکو پرۆژەی خزمەت و بەرەپیشەوچوونی هەرێم، دەرخواردی کۆمەڵگە دەدات. خۆی لە پابەندبوون بە ڕیکەوتنەکانی لەگەڵ هاوبەشە دزەکانی لە بەغدا دەدزێتەوە، کەچی باسکردنی بە حەرام و بە دوژمنایەتی” قەوارەی هەرێم” دەخاتە ڕوو. باسی نۆکەر پیشەیییان بکەیت، بە پاساوی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی!! تۆمەتبار دەکرێت.
هەموو ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد دەیکات، راستەوخۆ ریشەی لە ماهیەتی سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتەکەیدایە، کە لە رێگای زۆری هێز و دەسەڵاتی حزبی و دەست بەسەراگرتنی داهات و قوتی هاوڵاتیان و خۆبەستنەوە بە ولاتانی ناوچەکەوە، دەیەوێت تەمەنی نەگریسی بەسەر خەڵکی کوردستاندا بهێڵتەوە و درێژە بەو دزی و تاڵانیە بدات کە بۆتە سەرچاوەی کەڵەکەی کێوێک لە داهات و سامان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان.
ئەم دەسەڵاتە تاڵانچییەی لە رێگای سەرکوت و داپڵۆسینەوە، وەڵام بە ماف و داخوازییەکانی هاوڵاتیان دەداتەوەو درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات، ناتوانێت چارەنووسێکی جیاواز لەو دەسەڵاتانەی هەبێت، کە جەماوەری بەش مەینەت رەوانەی میژووی کردوون. جیا لەوانەش نەک هیچ سەرکوت و درندەییەک ناتوانێت تا سەر دەنگی جەماوەری نارازی کپ بکات، بەڵکو هەر رۆژە تورەیی و نەفرەتی جەماوەری پەرە پیدەدات و رێگاکانی خەباتی جیاوازی بۆ دەخاتە سەرپشت، تا کۆتایی بەو دێوەزمەیەی دەسەڵات بهێنێت. بۆرژوازی کورد ناتوانێت تاسەر ئەم لەسەر رێچکەیە لە دزی و سەرکوت بەردەوام بێت، بەڵکو بەم کارنامەی هەیەتی گۆڕی خۆیشی هەڵدەکەنێت.
بۆپێشەوە