پرسی ڕۆژ پرسی موچە لەنیوان سات و سەودای دوو دەسەڵاتی ناوەندی و هەرێم بەڕێز هاوکار قادر وەڵامی پرسەکەی داوەتەوە

0

پرسی رۆژ: پرسی مووچە لەنێوان ساتوسەودای دوو دەسەڵاتی ناوەندی وهەرێم؟

جگە لەبێسەروشوێنکردنی نزیکەی ٥٤ مووچە وهەندێک مانگی دیکەی مووچەخۆرانی حکومی لەهەرێمی کوردستانی عێراق. مووچەخۆران لەکوردستان لەنێوان ساتوسەودای سیاسی وئیداری هەردوو دەسەڵاتدا ژیانی خۆیان وخێزانیان توشی دڵەراوکێی زۆر بووە. کاریگەری زۆری کردۆتە سەر هەموو کونج وکەلەبەرەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستان.

پرسی رۆژ: ئەو ساتوسەودایە بەچارەنووسی خەڵکی کوردستان بەرەوکوێ دەڕوات ورێگەچارەی بنەڕەتی لای دوو دەسەڵاتی ناوەند وهەرێمە یان خەڵک دەبێ رێگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە؟

بەڕێز هاوکار قادر وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.

ئەڵبەتە پرسی بەدواداچوونتان بۆ گرفتەکانی سەر ژیانی  خەڵک بەگشتی، و مووچەخۆرانی هەرێم بەتایبەت جێگەی دەست خۆشیە. ئەمەی لەگەڵ بەڕێزتان گفتوگۆی دەکەین، بەداخەوە لەدوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە  بەبڕینی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دەست پێدەکات، لەو کاتەشەوە حکومەتی هەرێم بە لێبڕین و نەدانی نیوە مووچە و نزیکەی ٥٤ مووچەی کلک وگوێ کردووە. تەواو ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم و خەڵکەکەی هێندەی تر ئاستەنگ تر کردووە. ئەوە لەکاتێکدا دەستەڵاتدارانی هەرێم کە بۆ خۆیان سەرەڕای فرۆشتنی نەوت و داهاتی نانەوتی دەڵێن توانای دابینکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێممان نییە، کەچی سەروەتی خۆیان وحزبەکانی دەسەڵات، واتە دەستەڵاتداران و سەرمایەدارانی هەرێم لە ملیۆنێر و ملیاردێرەکان ژمارە وسەروەتەکانیان زیادیکردووە. دەتوانین بشڵێین ئەم کێشەیە بۆ شکستی هەردوو حکومەت لە شێوازی ئیدارەدانی خەڵک و حکومڕانی دەگەڕێتەوە. ئەوە لەکاتێکدا دەستتێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێرەکانی دنیا، و شەڕوشۆڕەکانی پلان بۆ دانراویش هێندەی تر گرفتەکان و چارەسەریەکانی نێوان هەرێم وبەغدای بۆ مووچە خۆران ئاستەنگتر کردووە، بەشێوەک هەتا ئێستا بەردەوامیان هەیە و لەدوای چەندین ساڵ لە گفتووگۆ و دانیشتنی زۆری کار بەدەستانی هەردوو حکومەت. چارەیەک بۆ کێشەکانی نێوانیان نەدۆزراوەتەوە! کە من بۆ خۆشم پێموایە کێشەکان نەک بەردەوامی دەبێت، بەڵکو ئاستەنگەکان پتر دەبن و هیوایەک بۆ چارەسەری نییە. ئەوەی جێگەی داخە؛ وەک هەمیشە خەڵکە بەش مەینەت وکەمدەرامەتەکەیە دەبنە قوربانی یەکەمی کێشەکانی نێوانی هەرێم و بەغداد. ئەڵبەت بەبڕوای من پرسی چارەسەری ئەم بابەتە هەروا ئاسان نییە. چونکە سەرەڕای گرفتە نێوخۆیەکانی عێراق، دەستێوەردانی دەرەکی (ناوچەیی وجیهانی) هەیەو بەشێک لە بوون و نەبوونی چارەسەریەکان دواجار پەیوەست دەبێتەوە بەئەوانەوە. ئەوە لەکاتێکدا کێشەی چاوچنۆکی و گەندەڵییش لەناوخۆی هەردوو حکومەت هەتا ئاستی مەترسیدار ڕۆشتووە، بەبڕوای من؛ کاتێک قسە لەسەر چارەسەری دەکرێت؟ دەبێت پێش هەرشتێک، ئەم دووبابەتە و گرفتگەلێکی تر هەیە وەک پرسی نەتەوە و تائیفی و مەزهەبی و بوونی  هێزی چەکدار لەدەرەوەی یاسا، ئەوانەش کاریان کردۆتە سەر پرسی ئابووری و شێوازی ئیدارەدانی دەوڵەت لە عێراق و دەبێ چارەسەر بکرێن. بەداخەوە بۆ ئەوەی کە زیانی گەورەی بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانەکان، کەچی دەستەڵاتداران مووی لەشیان بۆی ناچووڵێت! خەڵکە زەحمەتکێشەکەی هەرێم و عێراقە کە وەک هەمیشە قوربانی سیاسەت و شکست و بەرژوەندی ئەوان بوون، و بەوهۆیەشەوە ، پێداویستیە تەندورستی و خۆراکیەکان و سەرجەمی پێویستیەکانی تریان بە زەحمەت دەست بکەوێت بەتایبەت دواکەوتنی ئەمجارەی مووچە بۆ ماوەی سێ مانگ خەڵکی هەتا ئاستی گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بردووە (هەتا خۆکوشتنیش روویداوە). کە سەرەڕای هەموو ئەوانەی وتم هەموومان بووین بەشاهیدی خۆکوژی دوو پێشمەرگە کە سەرچاوە هەواڵیەکان وتیان هۆکار کرێچێتی و نەبوونی و دواکەوتنی مووچەکانیان بووە.

لەکۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم؛ هەردوو دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند وهەرێم ساوت وسەودایەکی سیاسی وماڵی بەجەماوەری خەڵکی عێراق بەگشتی ومووچەخۆرانی کوردستان بەتایبەت دەکەن. چونکە ئەو کێشەیە هیچ پەیوەندی بەمووچەی فەرمانبەران و ژیان وگوزەرانی کاسبکارانەوە نییە. بەڵکو کێشەیەکی سیاسی و ئیدارییە کە سیستەمی فیدرالیزم هێناویەتە بەرهەم وحزبە قەومی دینی وتایفی وبنەماڵییەکان سوودمەندی یەکەمی مانەوەی ئەم هەلومەرجە ناهەموارە نائینسانیەن. بۆیە دەبێت جەماوەری خەڵکی عێراق وکوردستان خۆیان بێنە مەیدان وریزی خۆیان یەکخەن و لەبنەڕەتەوە چارەسەری ئەم هەلومەرجە نالەبارە بکەن کەپتر لە٣٠ ساڵە مامەڵە بەژیان وگوزەرانی ژن وپیاو ومنداڵی ئەم هەرێمە دەکرێت.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.