یادیك لە هاوڕێی کۆمۆنیست ئەرسەلان مەولود ” ئاراس“ دا…

0

 ئەرسەلان مەولود ناسراو بە (ئاراس) لە دایکبووی شاری(کۆیە)یە. ساڵی ١٩٦٦ لەو شارە چاوی بەدنیای چەوسانەوە و نابەرابەی چینایەتی هەڵێناوە. هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە کۆیە تەواو کردووە. پاشان لەساڵی ١٩٨٩ بەشی پێوەریار(مساحە)ی پەیمانگای بەغدا تەواو دەکات. ساڵی ١٩٨٤ بەهۆی نەچوونی بۆ مەشقی جەیشی شەعبی لە پەیمانگا دەردەکرێت (فەسڵ). پاش دوو ساڵ بە لێبووردنی گشتی بۆ خوێندکارانی دەرکراو، دەگەڕێتەوە پەیمانگا و خوێندن تەواو دەکات. لە قەیرانی شەڕی یەکەمی کەنداو سەرباز دەبێت، بەڵام پێش دەستپێکردنی شەڕ وەک هەزاران سەربازی دیکە ڕیزەکانی سوپا بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات و لە هەولێر بە خۆ حەشاردان خۆی دەپارێزێت. لە کاتی دەسپێکردنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١بەهۆی تەجروبەی سەربازی بەشداری چالاکانەی دەبێت لە شەڕی ڕزگارکردنی هەولێر لە گەڕەکی خۆیان لە خانووەکانی کارگەی نەسیج. هەر لەو کاتەدا بە شورای کرێکاران و ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست ئاشنایی پەیدا دەکات و دەبێتە یەکێک لە هەڵسوڕاوە بەرچاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە. بەتایبەتی بەشی چاپەمەنی و سەربازی کە پسپۆری و شارەزایی هەبوو تێیدا.

پاشان لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی بەعس بۆ گرتنەوەی شاری هەولێر سەرپەرشتی هێزێکی چەکداری شوراکان دەکات لە گەڕەکی حی عەسکەری و کوران. پاش دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بەرەی کوردستانی وڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە ناو شار و درێژە بە چالاکی سیاسی دەدات و بەشداری زووربەی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری هەولێر دەکات.

سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ١٧ی تەمووز ١٩٩١ بە ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری پلان بۆداڕێژراوی لە پێشینە، شەپۆلی جەماوەر بەرەو بەردەرکی سەرا و بینای پارێزگای هەولێر شەپۆلی دەدا، بەشیعاری (هێزی داگیرکەر لە کوردستان بچێتە دەر)، لەگەڵ دەیان ئاڵای سور.

پاش ئەوەی ڕێگریەکانی بەرەی کوردستانی بە سەرپەرشتی (ڕێباز، بەرپرسی سەربازی ی.ن.ک لەهەولێر) شکستی هێنا. ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی بەعس لە بەردەرکی سەرا ڕوویدا و جەماوەر لە ماوەیەکی کورتدا توانیان دەستبگرن بەسەر سەرا و سجنەکەیدا.

لەو خۆپیشاندانەدا هاوڕی ئاراس لە بەشی پێشەوەی خۆپیشاندانە دەبێت و کە بەرەو سەرای هەولێر دەڕۆن و لەگەڵ دەسپێکردنی تەقە و شەڕ لەگەڵ زانای موهەندیس دەپێکرێن دەچنە کاروانی گیانبەختکردوان بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی و سۆسیالیزم و دنیایەکی باشتر.  دوای گیان لەدەستدانیان قارەمانانی کوردایەتی!! و چەکدارەکانی بەرە بە دیاری کراویش (ڕێباز) کە بەرپرسێکی(ی.ن.ک) بووم بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ تەرمی ئاراس دەست بەسەردەکەن بۆ ئەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک کپ بکەنەوە. شایانی باسە لە ٢٦ ساڵیادی هاوڕی ئاراسدا، کاوان قادری هونەرمەند نەخشەی پەیکەری هاوڕێ ئاراسی کێشاوە، کە دواتر ئەو پەیکەرە لەسەر گڵکۆی هاوڕی ئاراس لە شاری کۆیە دانرا…

بەرزو بەرێزە یادی خەباتکارانەی هاوڕێ ئاراس و سەرجەم گیان بەختکردوانی رێگای دنیایەکی باشتر

Leave A Reply

Your email address will not be published.