ڕێکەوتن و لێک تێگەیشتنی دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم، وەڵام بە کێشەی موچەی فەرمانبەران ناداتەوە!

0

دوای ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی!! بەغدا و هەرێم لەسەر پرسی موچەو نەوت و داهات و دابەشکردنی موچەی مانگی ٥ ی ئەمساڵ، مۆتەکەی دوبارە نەهاتنی موچە، بۆ مانگەکانی داهاتوو دێوەزمەیەکە لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم بەگشتی و فەمانبەران بەتایبەتی.

ڕێکەوتنی بەغدا و هەرێم لەسەر پرسی موچە، لەسەر بنەمای ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم نەوت رادەستی سۆمۆ بکات و داهاتی نانەوتی و تەوتینی موچەخۆران لەماوەی ٣ مانگدا تەواو بکات و بەغداش لە بەرامبەردا موچە بنیرێت… ریکەوتن و لێک تیگەیشتنێکی لەرزۆکە. مل دانی دەسەڵاتی هەرێم بەو خاڵانەی بەغدا لە بنەرەتدا بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، لە لایەکەوە لە ترسی هاتنەمەیدانی فراوانی جەماوەری و وەڕێکەوتنی نارەزایەتی فراوان بەشیوەی زبر و یەکلاکەرەوە، لەلایەکی تریشەوە پرسی هەڵبژاردنەکانی مانگی ١١ ی ئەمساڵە، کە بۆرژوازی کورد بەو ئاستە لە نابەرپرسیاریەتی ناتوانێت نەک فەرمانبەران، بەڵکو موچەخۆرە بن دیوارەکانی خۆیشی بانگهێشتی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات. بۆ دەسەڵاتی بەغداش ناردنی موچەیەک یان چەند مووچەیەک تەنانەت ئەگەر هەرێمیش پابەندی بەڵینەکانی نەبێت، لەلایەکەوە بۆ شێواندنی رای گشتی و لەلایەکی تریشەوە بۆ کاریگەری دانانە لەسەر دەنگدەری هەرێم تا لەبەرامبەر تورەییان بەرامبەر بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، دەنگ بە لیست و قەوارەکانی دەرەوەی هەرێم بدەن.

حکومەت و دەسەڵاتی بەغدا بە پاساوی دەستکورتکردنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و بە بەهۆی پابەند نەبوونی بە ڕیکەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا، موچەی فەرمانبەران رادەگرێت، بەم هەنگاوە نائینسانیەش لە جێگای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم سزا بدات، ژیان و گوزەرانی موچەخۆران توشی سەخترین دۆخ دەکاتەوە. دەسەڵاتی سیاسی هەرێمیش لە ململانێی خۆی لەگەڵ بەغدا و بۆ خۆدزینەوە لە پابەندییەکانی بەدەسەڵاتی بەغدا، فەرمانبەران دەکاتە هێزو قەلغانی بەرگری لە پیناو ئامانجە چاوچنۆکەکانی خۆی و بەردەوامی دان بە دزی و تاڵانییەکی ئاشکرا و خۆ دزینەوە لە هەموو بەرپرسیارییەتیەک.

هێرشە درۆنیەکانی سەر چەند جیگای هەرێم، ئەگەر ئامانجێکی ترساندنی دەسەڵاتی هەرێم و گوشار و پەیامێک بێت بۆ دەستکۆتاکردنی دەسەڵاتی هەرێم لەسەر پرسی نەوت، ئەوا بۆ دەسەڵاتی هەرێمیش پاساوێکە بۆ خۆدزینەوە لە رادەستکردنی بڕی نەوتی پێویست بە سۆمۆ. ئەوەش بەکردەوە یانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم لێک تیگەیشتنە لەرزۆکەی لە نێوان بەغدا و هەرێمدا کراوە. لەوەش زیاتر یانی دوبارە برینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم و سەرجەم خەڵکی نەداری کوردستان، پێویست دەکات لە ململانێ و کایەی بەردەوامی بەغدا و هەرێمدا، بە ریزێکی فراوانەوە بینە مەیدان بەدژی هەردوو دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بۆرژوازی کورد و عەرەب، کە قوتی خۆیان و مناڵەکانیانی کردۆتە بارمتەی ململانێی تاڵانچیانەی نیوانیان.

ئەم رێکەوتنەی کە کراوە، رێکەوتنێکی لەرزۆک و ناچاری و کاتییە و بە پلەی یەکەم ئامانج لە بەرژەوەندیەکانی ئێستای خۆیانە، نەک وەڵامدانەوە بەو کیشەیەی زیاتر لە دەهەیەکە بۆتە مڵۆزمی سەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێم. ریزێک لە رێکەوتنی پێشوتری نیوان دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا و بە جێگایەک نەگەیشتنی، پوچی ئەم رێکەوتنەش دەخاتە روو.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.