هێڵی جیاکەرەوەی دوو هێڵ، لە مامەڵەکردنی کارەساتی غەززە و خەڵکی فەلەستیندا مرۆڤایەتی لە ململانێدا لەگەڵ ئیسلامیەت… ئیبراهیم حسێن

0

خەڵکی غەززە و فەلەستین خەریکن کارەساتێکی مرۆیی ترسناک ئەزموون دەکەن، خەڵکێک کە ماڵ و حاڵیان بەسەریاندا ڕووخێنراوە و لە زێد و شوێنی ژیانی خۆیان دەرکراون و هیچ شوێنێکی ئارامیان نییە تا بتوانن پاشماوەی خۆیان و تەنانەت جەستە و ڕۆحی لاواز و برسی خۆیانی تێدا بپارێزن. پارووە نانێک بۆ مانەوە بۆ چەند ڕۆژێک یان چەند کاتژمێرێک، نرخی گیانی هەیە. هەزاران کوژراو و هەزاران بریندار، هەزاران لاشەی پانکراوە لەژێر خانووە وێرانکراوەکاندا و برسێتییەکی ملیۆنی و سەندنەوەیەکی سیستەماتیک و گشتگیری مافی خاوەندارێتی خاک و فەرمانێکی نەنگین و شەرمائاوەر بۆ کردنیان بە ئاوارە و کەمپنشینی بێ هیچ مافێک لە جیهانی ئەمڕۆدا.

ئەمە هۆلۆکۆستێکی ئاشکرا و ڕووتی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و ئایینی ئیسرائیلە، دەوڵەتێک کە بەوپەڕی بێشەرمییەوە وەک قەڵای دیموکراسیی ڕۆژئاوا لەم گۆشە سەرکوتکراوەدا، مافی ئەم ستەم و هۆلۆکۆستە مرۆییە گەورەیەی لە دیموکراسییەکانی ڕۆژئاوا وەرگرتووە. بزووتنەوەی ڕاستڕەو و ئایینی زایۆنیزم و ئەو دەوڵەتەی کە لەسەر بنەمای ئەم ئایدۆلۆژیایە سەروو-ڕاستڕەوە دامەزراوە، وا دەردەکەوێت کە خەریکە ئاوارەیی مێژوویی جووەکان بە ئاوارەیی فەلەستینییەکان و هۆلۆکۆستی قێزەونی جووەکان بە هۆلۆکۆستی فەلەستینییەکان قەرەبوو دەکاتەوە.

ئەم پێویستی  و سووربوونە ئاشکرایە دژی مافی بوونی فەلەستینییەکان، وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و ئایدۆلۆژییە کە کۆتایی بە ڕەسیدی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیی بەکارهێنانی ئاوارەیی مێژوویی جوو و هۆلۆکۆست دێنێت.

جیهانی شارستانی و مرۆڤایەتیی پێشکەوتووی دنیا، بەردەوام لەم مەیدانی جەنگەدا دژی ئەم بەربەرییەتەی کە دەوڵەتی ئایینی و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل پەیڕەوی دەکات، ڕاوەستاوە. بەجۆرێک کە تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە پشتیوانی ئەم ڕژێمەیان دەکرد، چیتر جورئەتی ئەوەیان نییە بەرگری لێبکەن و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت، ڕووی ناشرینی سیاسەتی بەرگریکردن لەم هۆلۆکۆستە پیشان نەدەن. نموونەکانی ئەم هاودەردییە قووڵە مرۆییە بۆ خەڵکی غەززە و فەلەستین یەک و دوو نین و زۆرن.

بەرپێچەوانەی ئەم هەوڵەی خەڵکی شارستانی، کرێکار و زەحمەتکێشی جیهان، ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی سەرەکیی ئیسلامی لە هەموو شوێنێک خەریکن هەوڵ دەدەن ئەم ڕەهەندە مرۆییەی پرسی غەززە و خەڵکی فەلەستین بسڕنەوە و ئەم پرسە لە جەوهەری مرۆیی خۆی و لە پوتانسیێلی مرۆیی خۆی بەتاڵ بکەنەوە و دایبەزێنن بۆ ئاستی پرسێکی ئایینی و تائیفی. هەر مەلا و ئاخوندێک کە دەمی دەکاتەوە، باسی ئیسلام و موسڵمانان، کوفر و ئیلحاد و ئەم قسە بێمانایانە دەکات و ئەم ملیۆنان مرۆڤە شەریف و ئازادیخوازە کە هەرچی لە دەستیان بێت بۆ یارمەتیدانی ئەم خەڵکە و دژی ئەم تاوانە سیستەماتیکە دەیکەن، لە کۆمەڵێک کافر و بێباوەڕ زیاتر نین.

سەندنەوەی جەوهەری مرۆیی و ڕەوای ئەم پرسە و گۆڕینی بە پرسێکی ئایینی و دوکانێکی سیاسی، هەمان ئەو کارەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە چنگ و ددان هەوڵی بۆ دەدات.

نە ئیسلامییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە جەوهەری مرۆیی و ڕەوای پرسی خەڵکی فەلەستین ناشرین بکەن و نە دەوڵەتی ڕاستڕەو و ئایینی ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە کە ئاوارەیی و ئازار و مەینەتی مێژوویی جووەکان بکاتە بیانوو بۆ ئاوارەیی و هۆلۆکۆستی خەڵکێک لە گۆشەیەکی تری ئەم جیهانەدا.

خەڵکی فەلەستین و غەززە بوونەوەری ئایینی و مەزهەبی نین، مرۆڤ و هاووڵاتی ئەم جیهانەن و مافی ژیان و مافی ئاسوودەیی و مافی کار و مافی ئەوەیان هەیە کە کەرامەتی مرۆییان پارێزراو بێت و ئەمە ئەرکی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار و مرۆڤایەتیی شارستانییە کە یارمەتی ئەم خەڵکە بدات لەم ڕێگایەدا. ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی ئیسلامی بەم هەوڵە شەریفانەی مرۆڤایەتی بێگانەن.

٢٨.٧.٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.