برای ئاشبەتاڵ!… عبدالباسط عمر حمد

0

میللەتی کورد، دوای خەباتی دەیان ساڵە و پاش ئەو هەموو بەرخودانەی باشوور، بە چی گەیشتووە؟!

لەجیاتی حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو، دوو ئیدارە و دوو زۆنی زەرد و کەسک!

لەبری ژێرخانێکی ئابووری پتەو، برەودان بە کەرتی تەندرووستی گشتی، پێشخستنی سیستمی زانکۆکان و وەزارەتی پەروەردە، ژێرخانێکی داتەپاو و سیستمێکی تەندرووستی پاشکەفتە و شێوازێکی داڕزاوی خوێندن و پەروەردە.

لە جیاتی حکومەت، دەستووری دیوەخان و لەجیاتی یاسا، حەز و میزاجی سەرۆکی خێڵ و لەبری دادگا، بڕیاری دواکەوتوانەی سەرۆک عەشیرەت.

دوای ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان، گەیشتین بە کوێ؟!

تونێلێکی داخراوی ئەوسەرگیراو بە دزی لە داهاتی گشتی، خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی ڕەشوڕووت و هەژارەکان، تاڵانکردنی دەرامەتی سەرزەمین و ژێرزەمین.

بووین بە خاوەنی حکومەتێکی تاڵانکەری مووچەدزی گیرفانبڕ .

لە هەڕەشە و گوڕەشەی ریفراندۆم و جیابوونەوەوە، لۆ پاڕانەوە و ملکەچکردن بۆ بڕیاری بەغداد.

لە ئابووری سەربەخۆوە، بۆ مەمنوون بوون و داواکردنی شایستە داراییەکان لە حکومەتی مەرکەزی!

لە بانگەشەی درۆینەی هەولێر ئەکەین بە دوبەی، بۆ پیسی و بۆگەنی ئاو هەوا و کەشەکەی.

لە دامەزراندنی سیستمێکی دادپەروەرانەی باج و کرێ و ڕسوماتی حکومییەوە، بۆ کۆمپانیای تایبەتی گرووپەکانی بنەماڵەکان و بەشینەوەی داهات و دەسکەوتی تەواوی کەرتەکانی حکومەت بەسەر مناڵ و تواڵی بنەماڵەکانی خۆیاندا.

ئاخر پێم ناڵێن: کامەیە دەسکەوتی نیشتیمانیتان؟

کوا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکی ئاو و کارەبا و جادەوبانی پێشکەفتی؟

ئێوە نەک سەرکردە نەبوون و نین، بەڵکو فەرهوودچی نەوەتەکان و دزیاری نەفت و گازی هەنووکەن!

ئێوە ڕەگی گولیین بە شادەماری ژیان و گوزەرانی میللەتەکانەوە.

ئێوە ئەبێ بار بکەن و بڕۆن. بڕۆن و کارنامەی نەنگین و سەرشۆریتان، هیندە زەبەلاحە و میژوو ناتوانێت لە بیری بکات. شکستتان هێناوە و ئەمان شکست. بڕۆن و بەر بە دواوە نەکەن.

کاتی ئاشبەتاڵی سەدەی بیستویەکتانە و لە دڵی جەماوەردا، بوونە بە چیرۆکێکی بێزراو.

وەک ساڵی 1975 جارێکی دی، دان بنێن بە شکستی ئابڕوبەرانەتان و ئاشبەتاڵێکی نوێی لێ بکەن، بەڵکو ئەو کاتە ئێمەش ئاسوودە بژین و هەوای ئازادی هەڵمژین!

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.