حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق تەنها ڕێگای گەیشتنە بە بەختەوەرییەکی پایەدار… نووسینی: ئیبراهیم حسێن
ساڵی نەوەد و سێ ساڵێکی تایبەتە. ساڵی دامەزراندنی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکارییە. ئەوەش لە نێو دۆخێکی تایبەتدا کە بڕیار بوو جیهانی کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە بە ئامانجی خۆی بگات، کە بریتی بوو لە چارهەڵنەگری و هەتاهەتایی بوونی چەوسانەوە. جیهانێک کە بڕیار بوو تێکۆشان و ئومێدی مرۆڤ بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە، بگاتە خەتی کۆتایی خۆی. نەک هەر ئەمە، بەڵکو کۆتایی مێژووشیان ڕاگەیاندبوو و دەیان فەرموو کە ئەم جۆرەی مرۆڤ دوا جۆری مرۆڤە و ئەم شێوازە لە ژیان، دوایین و پەسەندترین شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ئیتر مرۆڤ نە دەتوانێت و نە دەشبێت چاوەڕوانی شتێکی باشتر لەمە بێت. هەر لەو ڕۆژانەدا، دەستدرێژیکردنە سەر ناسنامەی باوەڕپێکراوی مرۆیی خەڵک لە کارنامەی چینی دەسەڵاتداری دنیادا بوو. دەیانگوت خەڵک پێش ئەوەی مرۆڤێک و هاوڵاتییەکی ئەم گۆی زەوییە بن، ئەندامێکی بێزمانی ئەم یان ئەو کەلتوور و ئەم یان ئەو نەتەوە و گرووپی قەومی و ئایین و ئایدۆلۆژیان.
لە دۆخێکدا کە ڕاستڕەوی تەراتێنی دەکرد و ئایدۆلۆژیای باڵادەست، مرۆڤی وەک شایستەی چەوسانەوە پێناسە دەکرد و دەیگوت کە پشکی مرۆڤ هەر ئەوەندەیە کە هەیە. هەمووان پشتیان لە بەها باڵاکانی مرۆڤ بۆ ڕزگاری دەکرد و تێکۆشانی مرۆڤیان بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە بە بێهودە وەسف دەکرد و تەنانەت نەفرەتیان لە تێکۆشانی مرۆڤی چەوساوە دەکرد و هەمووان دەبوونە پۆست مۆدێرنیست و ڕێژەگەرا و دیموکرات و ناسیۆنالیست، ئەم حیزبە لە درێژەی ئەو خەتەدا دامەزرا کە ئەم لۆژیکەی قبووڵ نەبوو؛ درێژەی لۆژیکیی خەبات و بەرگریی ئەمڕۆی مرۆڤ دژی چەوسانەوە و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە، ئیرادە و پراکتیکی مرۆڤ بۆ گۆڕینی ژیانی خۆی و ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و کۆیلایەتیی کاری کرێگرتە بوو.
بەم مانایە، ئەگەر ئەو خەتە نەبوایە کە ئەم حیزبە درێژەپێدەری بوو، ئارەزوو و هیوا شەریفەکانی مرۆڤی چەوساوەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی نەدەکرا، و ئەم ئارەزوو و هیوا بوونییانەی مرۆڤ، لەژێر دارو پەردووی درۆ ئایدۆلۆژییەکانی چینی دەسەڵاتداری جیهانی ئەمڕۆدا، ژێرخاک دەکەوتن.
بەڵام ئەمڕۆ ئەم ئاوا و ئارەزووانەی مرۆڤ بۆ گۆڕان و بۆ ڕزگاری و بۆ ژیانێکی مرۆیی لە هەر کاتێکی تر زیاتر پێویستی بەم حیزبە و بەو هێڵە هەیە کە ئەم حیزبە درێژەپێدەری بووە و هەیە. ئەگەر ئەم جیهانە هێشتا لەسەرپێی خۆی وەستاوە، هۆکارەکەی ئەوە نییە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کەموکوڕی لە مرۆڤایەتی و مرۆڤدۆستیدا هەبێت، یان کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئازاد نەبێت، بەڵکو هۆکارەکەی سیاسییە.
هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەم کۆمۆنیزمە کە لەم خەباتەی مرۆڤەوە بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە دەست پێدەکات، سەرکوت کراوە و خراوەتە پەراوێزی ململانێکانەوە لەسەر چارەنوسی کۆمەڵکە.
ئەگەر ئەم هێڵە و ئەو حیزبانەی درێژەپێدەری ئەم هێڵەن، نوێنەرایەتیی ئەم ئاوات و ئارەزووە وجودی و شەریفانەی ئەم مرۆڤایەتییە و کۆمۆنیزمی وجودی ئەم مرۆڤایەتییە کرێکار و زەحمەتکێشە بکەن بۆ گۆڕان و گرتنەدەستی چارەنووسی کۆمەڵگە لە ململانێی دەسەڵاتدا و بژاردەیەکی مومکین بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی و سۆسیالیستی لە بەردەستی چینی کرێکار و جەماوەری کارکەری کۆمەڵگەدا بێت، ئەوا بەرەبەیانی گۆڕانکارییە سۆسیالیستییەکان دەست پێدەکات و داهاتوو هی ئێمە دەبێت.
بژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق.