ئازار… هۆنراوەی: سەلام سەعید
ئازار
من ئازارم
هەناوی خەم ئاگرمەداو
لە نسێی هەمو زامێکدا میوانم
زۆرجار ئەبمە قەتماغەی سوێیەک
زۆر جاریش دەستە خوشکی مەرگ
من دەبمە بارمتە و هاوڕێ
لە کوچە تاریکەکانی شاردا
دەچمە ژێر پێخەفە شڕۆڵەکان
لەگەڵ برسێتی شەوی تولانی بەڕێ ئەکەین
کەس متمانەی بەمن نییە
بێ لەدەرگا دان ئەچمە هەموو ماڵێک
من هیچ شکۆیەک نا ناسم
هەموو سوێیەک هاوڕێی منە
سوێی سوتانی جودایی
سوێی لەدەست دانی نیشتمان
سوێی فرۆشتنی جەستە بۆ نان
سوێی مردن لە سەرەی موچە و
مشتێ ئاردی دەم ڕەشەبا و
پارویەکی نەجوراوی پێش سەرە مەرگ
من ئازارم بێشەرمانە دێم و ئەچم
لەگەڵ قامچی دەستی جەلادو
لەگەڵ قاقای سەرکردەیەک
بێ باک لە خەڵک و نیشتمان
ئەمن هاوڕێم
***************