کامەران لەتیف: دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لە هەمووشتێک دزیوەتەوە لە پێناو کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیان.  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ مامۆستا کامەران سەبارەت بە کێشەی موچە لە ململانێی نێوان دەسەڵاتی بەغدا و هەولێردا…

0

بۆپێشەوە: لەناو ململانێی دەسەڵاتی بەغدا و هەرێمدا، پرسی بودجە و موچە هەمیشە ئامادەیی بووە، و کاریگەری زۆر سەختی لەسەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و کۆمەڵگە داناوە، هۆکاری ئەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە، ئایا دەسەڵاتی فیدرالی بەرپرسیاری ئەو کیشەیەیە یان دەسەڵاتی هەرێم… هەروەها کێ بەرپرسە لە دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، بەغدا یان هەولێر.

کامەران لەتیف: کێشەو ململانێی نێوان بەغدادو هەرێم ساڵانێکە بەردەوامە بە تایبەتی لە دوای ڕیفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر، بە جۆڕێک ململانێکان قوڵبوونەتەوە کە مەسەلەی مووچەو بوودجەو كێشەی ناوچە لە سەرەکان هەمیشە ئامادەییان هەبووە، بەردەوام کێشەی مووچە بۆتە میحوەری سەرەکی ململانێکانی نێوان بەغدادو هەرێم وە زۆرترین قورسایی و کاریگەری سەختی ژیان لە سەرفەرمانبەران ومامۆستایان بووە، کە کار گەیشتۆتە ئەوەی چەند مانگ مووچەیەک بدەن یان بە لێبڕین و  پاشەکەوت وکەم وکورتییەوە بیدەن، سەبارەت بەوەی کە کامیان بەرپرسیارن، هەڵبەتە دەسەڵاتی هەرێم بەرپرسیاری یەکەمە لە دابینکردنی ژیان وگوزەرانی فەرمانبەران ومووچەخۆران، چونکە فەرمانبەران بە فەرمی مووچەخۆری هەرێمین کار بۆ حکومەتی هەرێم دەکەن، کەواتە دەبێت هەرێم بەرپرسیارە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران. بەڵام چ هەرێم و چ بەغدا هەمیشە یەکتریان تاوانبارکردووە بەوەی هەرێم دەڵێت بەغدا پارە نانێرێت، بەغداش دەڵیت هەرێم داهاتی ناوخۆناگێڕێتەوە و پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نابێت، بەڵام چونکە عێراق هەمیشە بە ئیتفاقیات لە نێوان ئەحزاب وکوتلەکان کراوە بۆ بەڕێوبردن هەرکاتێک لایەک بەهێزتربووبێت پێشێلی ڕێکەوتنەکانی کردووە ئیتفاقیاتەکانی پشتگوێ خستووە، لە هەمانکاتدا شەرت ومەرجەکانی خۆی سەپاندووە. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم زۆر بەلاوازی لە نێو گفتووگۆکاندایە لەبەرئەوەی مەلەفی نەوتی بەفەرمی لە دەستا نەماوە…

 بۆپێشەوە: دەسەڵاتی بەغدا هۆکاری نەناردنی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێم، دەخاتە سەرشانی دەسەڵاتی هەرێم و تۆمەتباری دەکات بە پابەند نەبوونی بە ڕیکەوتنەکان، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی هەرێم بەغدا بەبرسی کردنی خەڵکی کوردستان تۆمەتبار دەکات… لات وایە کێ تۆمەتباری کیشەی موچەیە… دەسەڵاتی بەغدا یان هەرێم؟

کامەران لەتیف: دەسەڵاتی بەغدا هەمیشە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی تاوانبار کردووە بە جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، ئەمەش بەهانەیەک بووە بەدەست بەغداوە بۆ نەناردنی مووچە، هەرێمی کوردستانیش بەردەوام برسیکردنی  فەرمانبەرانی کردۆتە بارمتە بۆ دیفاع کردن لە خۆی بۆ نەناردنی نیوەی داهاتی ناوخۆو دەستپێکردنەوەی نەوت بە بۆری و جێ بەجێ نەکردنی تەوتین، بە بۆچوونی من دەسەڵاتی هەرێم تاوانبارە، چونکە هێشتنەوەی ئەم وەزعە ویارییکردن بە کات کوشتن لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، ڕۆژانە بە سەدان تەنکەر نەوت بە ڕۆژی ڕووناک ئاودیوی سنوورەکان دەکەن بەبێ ئەوەی داهاتەکەی دیاربێت و بەردەوام خۆی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران دزیوەتەوە، بەداخەوە فشارەکانی بەغداش بۆ هەرێم تەنها لەسەر شانی مووچەخۆران وبرسی کردنی فەرمانبەرانە دەسەڵاتی هەرێم هیچ بەرپرسیارتییەکی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستانی لە ئەستۆ نەگرتووە، لێکەوتەی ئەم برسی کردنە زۆربە ڕوونی لە سەرخەڵکی کوردستان دیارە، هەرلە نەبوونی بازاڕوخزمەتگوزاریی وزۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان وزۆربوونی توندوتیژییەکان وخۆکوشتن ودەیان دیاردەی تر… هەموو ئەمانە بارودۆخێکی نەخوازراوی بۆ خەڵکی کوردستان هێناوەتە ئاراوە لە ڕووی دەروونی وئیرادەوە تەواو تێکشکاون …

بۆپێشەوە: لە کاتێکدا دەسەڵاتی هەرێم داهاتی ناوخۆی نانەوتی و هاوکات رۆژانە خەریکی فرۆشتنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمە بە قاچاغ، بۆچی ئامادەنییە لە داهاتی ناوخۆ موچەی فەرمانبەران بدات؟ بۆچی دەسەڵاتی هەرێم هەر چاوی لەدەستی بەغدایە؟

کامەران لەتیف: هەروەک باسمکرد دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان یاری بە کات کوشتن ئەکەن لە پێناو ئەوەی ڕۆژانە بە سەدان تەنکەر نەوت ئاودیو بکەن کە داهاتەکەی دیار نییە، جگە لە داهاتی ناوخۆو باج وسەرانەسەندن وگرانکردنی کارەبا لە سەرهاوڵاتیان وکامێرای مروورو هەڕاج کردنی زەویی وزاری گرانبەها بۆ کۆمپانیاکانی خۆیان وبە دەیان جۆری تر پارە پەیدا دەکەن، لەولاشەوە ئامادەنین یەک مووچە بدەن بە فەرمانبەران لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی مووچەی فەرمانبەرانیان خستۆتە ئەستۆی حکومەتی بەغدا و هیچ پابەندیەکی بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە نییە، کە تاڕادەیەک لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی کوردستان بوو. بەم شێوەیە خەڵکی کوردستان لە نێوان بەرداشی هەردوولا بوونەتە قووربانی سەرەکی برسیکردن وەرنەگرتنی مووچەکانیان… دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان لە هەمووشتێک دزیوەتەوە لە پێناو کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیان.

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەهەر کیشەیەکدا کە دێتە پێشەوە. دەسەڵاتی بەغدا بە پاشگەزبوونەوە لە دەستور و فیدرالیزم تۆمەتبار دەکات، پرسیار ئەوەیە ئەم ململانێیە پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لە فیدرالیزم و دەستور؟

کامەران لەتیف: لە بنچینەدا فیدڕاڵیزمی قەومی ڕێگەچارە نییە بۆخەڵکی  کوردستان، چونکە لە سەربنەمای قەومی وتایەفی دانراوە هەرکاتێک لە ململانێکاندا لایەک بەهێزتربوو هیچ حساب بۆ فیدڕاڵیزم و دەستوورو لایەنی بەرامبەر ناکات، بۆیە هەمیشە فیدڕاڵیزم وەک بۆمبێکی چێنراو ئامادەیە کە لە کێشەکاندا سەرهەڵبداتەوە، بەداخەوە کێشەکە پاشگەزبوونەوە نییە بەڵکو دەستوورو یاسایەک لە ئارادایە کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و عێراق بە گشتی نییە. کێشەو ململانێکانی دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا هەمێشە بەوە یەکتر تاوانبار دەکەن کە پێشێلی دەستوور و یاسایان کردووە لە کاتێکدا هیچیان پابەندنابن وبەردەوام لە ژێرەوە ئیتفاقییەی نهێنی وکلک گرێدان بە دەوڵەتانی ناوچەکەوکاریگەری لەسەر ڕووداوەکان هەیە، بۆیە خەڵکی کوردستان وعێراقیش لە گێژاو مڵملانێیەکی سیاسیەوە ئاڵاون کە زۆر ئەستەمە خەباتی چینایەتی و ڕێگە ڕاستەکە بدۆزرێتەوە.

بۆپێشەوە: بەکردەوە فەرمانبەرانی کوردستان بوونەتە قوربانی نیوان دەسەڵاتی بەغدا و هەولێر، لە دۆخێکی ئاوادا فەرمانبەران بۆ دەستراگەیشتن بە مافی زۆر سادەی خۆیان کە موچە وەرگرتنە لە کاتی خۆیدا، دەبێ چی بکەن کام رێگا بگرنە بەر؟

کامەران لەتیف: بەداخەوە فەرمانبەران ومامۆستایان ومووچەخۆران بە گشتی ساڵانێکە لە نێو ململانێی بەغداو هەرێم بوونەتە قوربانی کێشە سیاسییەکان، بەو هۆیەوە مووچەکانیان پێنادرێت، یاخود بە کەم وکورتییەوە وەریدەگرن. دەسەڵاتدارانی هەرێم دەیان مووچەی فەرمانبەران قەرزارن وپێیان نەداون، ئەمەش ڕاستەوخۆ کارێگەری لەسەر دۆخی ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران کردووە، سەدان کێشەی جۆراوجۆر لە نێو کۆمەڵگە سەری هەڵداوە. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ باکیان بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان نییە، هەربۆیە خەڵکی کوردستان دەبێت بیر لە ژیان وئایندەی خۆی بکاتەوە، چونکە بەرژەوەندی دەسەڵاتداران زۆر جیاوازە لەگەڵ هاوڵاتیانی کوردستان، ئەوان ژیانێکی شاهانەیان بۆخۆیان دروستکردووە کە تەواوی سەروەت وسامانی کۆمەڵگایان لە بەردەستدایە، مناڵێکیان خاوەنی بیرە نەوت و زانکۆ وکەناڵی تەلەفزیۆنی و باخ وڤێلای …..تایبەت بە خۆیەی هەیە…

بۆیە ناکرێت خەڵکی کوردستان ژیانێکی ڕەزالەت و دەردەسەری بژی ودەسەڵاتدارانیش لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدابن… دەبێت بیر لە ئایندەی خۆیان ومناڵەکانیان بکەنەوە، چیتر ئەم نەهامەتییە قبوڵ نەکەن، ڕاستە لە ڕابردوودا بەردەوام خۆپیشاندان و بایکۆت ومانگرتن، و ناڕەزایەتی هەبووە، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە نەبۆتە فشارێکی ڕاستەقینە کە دەسەڵات ناچار بکات وەڵام بە داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە، بۆیە پێویستە بیر لەڕێگەچارەیەکی تر بکرێتەوە ئەویش ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخراوبوونی خەڵکە لە شوێنی ژیان وکاردا بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دیاری بکەن، لەپاڵ مووچەخۆراندا تەواوی کاسبکارانی ناوبازاڕ شان بەشانی فەرمانبەران خۆیان ڕێکخەن بەشداری ناڕازایەتییەکان بکەن، چونکە نەدانی مووچە بە فەرمانبەران هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سفرەی خاڵی ئەوانیش ..

پێویستە تەواوی تواناکان ڕێکبخرێت لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج و داواکارییەکاندا، بەگشتی دەبێت خەڵکی کوردستان بەرەی خۆی لەم دەسەڵاتە ملهوڕە جیابکاتەوە. کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستان نابێت چیتر گیرۆدەی سیاسەتی شکستخواردووی دەسەڵاتدارانی هەرێم بن. لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە بە خەڵکی کوردستان .

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.