لە نێوان “تورکیایی بێ تیرۆر” و “پڕۆسەی ئاشتی” دا… عەبدوڵا مەحمود
دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥دا، لەسەر بنەما و پێداگری لەسەر (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی)، پەکەکە بە شێوەیەکی خێرا، کۆنگرەی خۆی بەست و بریاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەسەند کرد. لە بەرواری ١١ تەموزیشدا، لەمەراسیمێکی تایبەتدا، نمایشی و مەراسیمی چەکدادان و سوتاندنی چەکەکانی بە شێوەی ئاشکرا بەڕێوەبرد. دەستبردنی پەکەکە بۆ ئەو هەنگاوانە بەپێی گۆرانی ستراتیجیەتی ئەو هێزە لە خەباتی چەکداری و لە پێناوی دەوڵەتی نەتەوەیی!! بۆ گهیشتنی به ئامانجی (ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی)…دا، روویان داوە. هەموو ئەو هەنگاوانەو ئاڵوگۆرە ریشەییە، لە سیاسەت و دونیا بینی ئۆجەلان و پەکەکەو هاو خەتەکانیان وەکو” پرۆسەی ئاشتی” وێنا دەکرێت. لە بەرامبەر بەو هەموو هەنگاوانەی پەکەکەدا، دەوڵەتی تورکیا جگە لە هەندیك ستایشی مەرجدار و گشتی، لە جێگای ئەوەی دان بنین بەوەدا کە ئەوە گفتوگۆ و “پرۆسەی ئاشتی” یە، کە دوو لایەنی هەیە، پێداگری لە “تورکیا بێ تیرۆر” دەکەن و ئەو هەنگاوانەی پەکەکەش لە راستای کۆتاییهێنان بە “تیرۆرو تیرۆریزم” لە تورکیادا وێنا دەکەن. ئەم روانین یان سیاسەتەی دەوڵەتی تورکیا، ئەوە دەخاتە ڕوو کە “پەکەکە” وەکو هیزێکی “تیرۆریست”، لە یاسا دەرچوو، خەریکە خۆی رادەست دەکات و کۆتایی بەو تیرۆریزمە دەهێنێت کە زیاتر لە چوار دەهەیە، لە تورکیادا هەیەو هۆکارەکەی “پەکەکەیە”.
دوای ئەوەی بەکردەوە پەکەکە لە ١١ تەموزدا، هەنگاوی چەک دانانی دەستپێکرد، رۆژی دوای ئەوە ١٢ تەموز ئەردۆغان لە کۆبونەوەی پارتەکەیدا رای گەیاند کە دوای ٤١ ساڵ بەڵای تیرۆرمان لە کۆڵ بۆوە… ئەم دەربڕینەی ئەردۆغان هەم رۆشن و هەم چاوەروان کراو بوو. رۆشن بوو بەوەی کە وەکو هەمیشە، هۆکاری نائارامی و جەنگی ٤١ساڵە خستە پاڵ پەکەکە وەکو هیزێکی “تیرۆریست” و شانی دەوڵەتی تورکیا و ئاک پارتی لە روداوەکانی ئەم چوار دەهەیەدا خاڵی کردەوە، هەمیش چاوەروان کراو بوو، چونکە وەکو سەرۆکی دەوڵەتی تورکیا و ئاک پارتی، نەک ئامادەیی بۆ چارەسەری پرسی کورد و پابەند بوون بە “کۆمەڵگەی ئاشتی دیموکراتی” و مافە سیاسیەکان نییە، بەڵکو تەنانەت ئامادەیی بۆ هیچ دەستپێشخەریەکی کەم و کورتی بەکردەوە لە هیج ئاستێکدا نییە…
رژێمی تورکیا، وەکو رژێمێکی نەتەوەپەرستی ئیخوانی، کە ئەردۆغان و حزبەکەی رەمزی ئەم رژێمە تاسەر مۆخ دڕندەیەن. سەرکوتی سیاسی، تیرۆریزمی دەوڵەتی و گەندەڵی، بەرجەستەترین دیمەنی دەسەڵاتی ئاک پارتی و دەوڵەتی تورکیایە. سەرکوتی دەنگە نارازییەکان، ئازادیخوازن و سەندیکاو بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە رادیکالەکان، نەیارانی دەوڵەتی تورکیا، بزوتنەوە سیاسیەکان، لەکەس شاراوە نییە. هیرش بۆسەر هەر دەنگێکی نارەزایەتی، بۆسەر نەیارانی دەسەڵات لەناوخۆ و تەنانەت ریزەکانی ئاک پارتی، هیرشی بەردەوام بۆسەر چینی کرێکار و نارەزایەتییەکانیان، هیرش بۆسەر خەڵکی کورد زمان… سەرکوتی سیاسی و میلیتاریزەکردنی کوردستان… گۆشە بەگۆشە لە کارنامەی ئەو دەوڵەت ودەسەڵاتەن. جیا لەوانە پاوانخوازی ئاک پارتی ئەردوغان و چرکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لەوانەش، دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری، دەسەڵاتی سەربازی و تەنانەت شۆرکردنەوەی ئەو دەسەڵاتە بۆ ناو کایەی خوێندن و پەروەردە و زانکۆکان، تادەگاتە بە پاوانی بەزۆر و بەدەستەوەگرتنی هەموو رێگاکانی سەرکوت و بڕیار و یاسا و چ بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان خانەوادەی بۆرژوازی تورک و چ بۆ یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی لەگەڵ دەرەوەی تورکیا و لە ئاستی ناوچەکەدا. دەوڵەتی تورکیا و دەسەڵاتی ئاک پارتی و ئەردۆغان هەموو جوڵانەوە سیاسیەکانی دژ بەدەسەڵاتەکەی و چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوەدا تۆمەتبار بە “تیرۆر، پشتیوانی لە تیرۆر، گەندەڵی” دەکات… ئەوە لە کاتێکدایە هیچ جوڵانەوەو رەوتێکی تیرۆریستی نییە، دەوڵەتی تورکیا و ئەردوغان و ئاک پارتی لە پشتی نەبن یان هاوکاری نەکەن….وە خودی دەسەڵاتی ئاک پارتی وئەردۆغان، بوونەتە رەمزی وەستانەوە بەرووی ئازادی و مافە زۆر سادە دیموکراتیکەکان!!.
دەوڵەتی تورکیاو فاشیزمەکەی کەسەرچاوەی هەڵاواردنی نەتەوەیی و بێمافی و سەرکوتی سیاسی خەڵکی کوردستان و هەموو ئازادیخوازیەکی ناو تورکیایە، وە دەوڵەتێکە ئەگەر خۆی بەشیک لە تیرۆریزمی ناوچەیی نەبێت، لە پشتی هەموو هیزو گروپە تیۆریستەکانی ناوچەکە وەستاوە. دەستێوەردانی ملهورانەی سەربازی و تەنانەت هیرشی و بۆسەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە چ بەشێوەی راستەوخۆ یان لە رێگای هیزە نیابەتیەکانییەوە کردووە. زیندانەکانی تورکیای سەررێژ کردووە لە نەیارانی سیاسی سەرۆک، و لە کەسایەتییە سیاسی و هەلسوراوانی چەپ و ئازادیخواز و هەموو ئەوانەشی بە پاساوی دژایەتی و وەستانەوە بەرووی “تیرۆر” ئەنجام داوەو دەدات. بەو هەموو راستیانەوە هیشتا، تورکیا، دەستەواژەی “تورکیای بێ تیرۆر” ی بەدەستەوە گرتووە، تا لەلایەکەوە شانی خۆی لەو کارنامە نەنگین و سەرکوتگەری و تیرۆریزمە دەوڵەتییەی خاڵی بکاتەوە و لەلایەکی تریشەوە هەموو نەیارانی تیرۆریزمە دەوڵەتی و ملهوریەکەی، بە تیرۆریست و بناسێنێت و ئۆباڵی نائارامی ناو تورکیا بخاتە سەرشانیان و بە پاساوی “یاسا” وە… لە کونجی زیندانیان توند بکات. تەنانەت ئەندام و بەڕیوەبەری شارەوانیەکانیش، دوو بخاتەوە یان زیندنی بکات. وەستانەوە و دەنگ هەڵبڕین بەرامبەر بەو ملهوری و سیاسەتانە، لەلایەن خەت و دنیا بینی ئۆجەلان و ویست بۆ بنیاتنانی” ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” کە بانگەشەی بۆ دەکەن لە چوارچیوەی “پرۆسەی ئاشتی”دا!!، مەسەلەیەکی بنەرەتییە. ئەگەر نەریتی چەکداری کۆتایی هاتووە، لە رێگای نەریتی سیاسی و مەدەنی و جەماوەرییەوە، دەبێ ئەم سەرکوت و ملهورییەی دەوڵەتی تورکیا، وەڵام پێ بداتەوە.
پەکەکەو خودی ئۆجەلان و دەیان کادر و کەسایەتی سیاسی تر، کە لە بنەرەتدا قوربانی دەستی سیاسەتی ملهورانەی دەوڵەتی تورکیان، لە جێگای ئەوەی لانی کەم مەرجی دەستهەڵگرتنی دەوڵەتی تورکیا، لە ناساندنی پەکەکەو نەیارانی بە تیرۆریست، بکەنە مەرجی گفتوگۆ و سازان، بیدەنگەیان هەڵبژاردووە… ئەم بێدەنگی و نەبوونی کاردانەوەی ئۆجەلان و هیزو رەوتانەی سەر بەو هێڵەن، هیچ مانایەک لە دنیای سیاسەت و گفتۆگۆدا نادات بەدەستەوە جگە لەوەی کە هەموویان قبوڵیان کردووە، کە بەشێکن لە “تیرۆر و تیرۆریزمی” ناو تورکیا…!!. دەوڵەتی تورکیا، هیندەی رۆڵی چاودێر بەسەر هەنگاوەکانی “پەکەکەی تیرۆریست” دەبینێ و چاوەروانە هەموو مەرج و خواستەکانی بەسەر پەکەکەو هیزەکانی هاوخەتیدا بسەپێنێت، و لەو رێگایەشەوە سیاسەتی نکۆڵی کردن و لە مافەکانی خەڵکی کوردستان درێژە پێبدات و سەرکوتی هەر دەنگێکی نارازی چەپ و ئازادیخوازی ناو تورکیا بکات، نیو ئەوەندە وەکو لایەنێک لە ململانێیەکی دریژ مەدواو میژوویی و بە کارنامەیەکی ئاشکراوە، خۆی ناخاتە روو.
دیارە لەو چوارچێوەیەدا کە کە لایەکەوە پەکەکەو هاوخەتەکانی پیداگری لەسەر” پرۆسەی ئاشتی” و لەلایەکی ترەوە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا کە پیداگری لەسەر” تورکیای بێ تیرۆر” دەکەنەوە، و هەنگاوەکانی پەکەکە بەرەو ئاراستەی خاڵی کردنەوەی لە تیرۆریزم دەخەنە روو، ئەگەر سوککردنی سزاو تەنانەت ئازادکردنی ئۆجەلان و زیندانیانی سیاسیش بگرێتەوە، هیچ لە راستییە ناگۆرێت، کە دەوڵەتی تورکیا کیشەی سەرەکی و سەرچاوەی نائارامی ناو تورکیا و بوونی کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانە. هاوکات ئەو راستیەش دەخاتە روو کە ملدانی پەکەکە و کۆتاییهاتن بە بوونی و بەشداری سیاسی پێکردنی ئەم هێڵە و تواندنەوەی لەناو پرۆسیسی سیاسی تورکیادا، بە مانای چارەسەری پرسی کورد، نییە.
هەروەها “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” کە بۆتە مانیفێستۆی ئۆجەلان و پەکەکە، لە رێگای ئۆجەلان و لە ئاستی خۆجێی و کوردستان و محەلییەوە، بە جێگایەک ناگات و ئەوە پەیوەستە بە ماهیەتی دەسەڵاتی ناوەندییەوە. پرسیارە سادەکە ئەوەیە دەولەت و سیستەمێک ئامادە نەبێت دەستبەرداری دەستەواژەی” تورکیای بێ تیرۆر بێت…” کە رۆشنە مەبەستەکە تورکیای بێ پەکەکەیە، و پەکەکەش بەو هەموو ئامادەیییە زیاد لە پێویست خەریکی هەنگاو هەڵگرتنی بەکردەوەیە، دەتوانێت” ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” بنیات بنێت؟ ئایا ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لەگەڵ ماهیەتی دەوڵەتی تورکیادا دێتەوە؟ دەوڵەتی تورکیا دەتوانێت بەشیک لە باڵی بۆرژوازی کورد لە دەسەڵاتی ناوەندیدا، بەشداری پێ بکات و بیکاتە بەشیێک لە پاریزەری “سەرەوەری”! دەوڵەتی تورکیا و بەرژەوەندییەکانی، بەڵام ئەوە نە بەمانای چارەسەری پرسی کوردو نە بەمانای دەستەبەربوونی” ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییە”.