پرسی ڕۆژ کێشەی عەشایەری و شکست و بێ توانایی حکومەت… هاوڕێ کامەران محەمەد، وەڵامی پرسەکەی داوەتەوە
پرسی رۆژ: کێشەی عەشاییری یان شکست و بێتوانایی حکومەت ویاسا؟
لەم هەفتەیەدا لەقەزای خەبات کێشەیەکی کۆنی عەشایەری لەنێوان هەردوو عەشیرەتی هەرکی وگۆران سەریهەڵدایەوە، وتوندوتیژی لێکەوتەوە. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتر هێزەکانی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان لەژێرپەردەی یاساوە بۆدەستگیرکردنی یەکێک لەئاغا و دەستڕۆیشتوەکانی عەشیرەتی هەرکی بەناوی (خورشید هەرکی) چونە سەر ماڵیان وبەریەککەوتن وتوندوتیژی لێکەوتەوە وقوربانی لەهەردوولا بەکوژراو برینداری لێکەوتەوە.
پرسی رۆژ: ئایا ئەو رووداوە کێشەی نێوان دوو عەشیرەتە یان شکستی حکومڕانی وپاشەکشەی یاسایە؟
بەڕێز کامەران محەمەد چالاکوانی مەدەنی وەڵامی ئەم پرسەمان دەداتەوە…
بابەتی خورشید هەرکی، بابەتێکی فرە ڕەهەندە، بەدەر لەوەی لە نێوان ئەم دوو عەشیرەتە (هەرکی و گۆران) کێ لەسەر هەقە و کێ ناهەقە، لایەنێکی دیکەی گرنگ هەیە دەبێت لەسەری بوەستین، ئەویش ڕۆڵی حکومەت و دەسەڵاتە. حزبی دەسەڵاتداری کوردی چونکە لە بنەڕەتەوە مێنتاڵیتییەکی خێڵەکیانەی هەیە، بۆیە سیاسەتی ئیدارەدان و حوکمڕانیشی لە بازنەی خێڵگەرایی دەخولێتەوە. بۆ نمونە پارتی و یەکێتی لە ماوەی حوکمڕانی خۆیاندا هەمیشە هەوڵیانداوە خێلگەرایی ببوژێننەوە! لە جیاتی ئەوەی کار لەسەر ئەوە بکەن کۆمەڵگە بەرەو مەدەنییەت بچێت، و تاک خۆی چەق بێت، هاتوون پارەوپولێکی زۆریان لە تاکێک سەرفکردوە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرۆکی هۆزێک و سەرجەم تاکەکانی ئەم هۆزەی پێ ببەستنەوە. بۆ نمونە ئەو پارەی لە ڤیستیڤاڵی عەشیرەتەکان سەرفکراوە، هەوڵێک بووە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەزاران کەس لە ڕێگەی کەسێکەوە، ئەم حاڵەتە چەندە سودی حزبی هەبێت، بەڵام هەڵەیەکی ستراتیژییە و پایەکانی دەوڵەت لەرزۆک دەکات. هەر ئەو شەڕەی هەولێر نمونەی ئەم لەرزۆکییەی حکومەتی دەرخست!
دیوێکی دیکەی کارەساتی بە خێلکردنی کۆمەڵگە، ئەوەیە کە زۆرینەی هەردوو لایەنی شەڕکەر، چەکداری یەک حزبن، هەر هەموشیان لەلایەن حزبی دەسەڵاتدارەوە چەکیان پێدراوە! لێرەدا شتێک نامێنێت بە ناوی حکومەت و سەروەری یاساوە، چونکە لەم حاڵەتە خێل لە یاسا بەهێزترە، و سەرۆک خێل خۆی حاکمی موتلەقە! زۆر بە کورتی هەتا حزبی عەقڵ خێڵەکی لەسەر حوکم بێت؟ کۆمەڵگە ناتوانێت هەنگاو بەرەو عەدالەت و ڕێزگرتنی یاسا بهاوێژێت و کارەساتەکان بە شێوازی جۆراوجۆر چەندپاتە دەبنەوە!