برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە یان هۆکارێکە بۆ بێدەنگ کردن!؟… نەژاد عوسمان

0

 سەرنجێک لە چواردەورت بدە تێ ئەگەی کە هیچ شتێک لەجێگەی خۆی نەماوە. بۆت روون ئەبێتەوە کە مرۆڤەکان ناتوانن بەتەواوی هاوسەنگی لە نێوان وتار و کرداریان دا دروست بکەن و ئەو حەقیقە چەپێنراوەی لە ناخیاندا پەنگی خواردۆتەوە بیکەنە وەرچاخانێک بۆ نەهێشتنی زوڵم و وەستاندنی ئەو پرۆسە بەرنامەڕێژیەی کە لەم ڕۆژگارەدا بۆ برسیکردن و بێکارکردنی خەڵک گیراوەتەبەر. بێدەنگیەکی کردەیی باڵی کێشاوە بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەی کە لە دووگەورەترین نیعمەت بێبەشکراون کە ئەوانیش ئاسایشی فیزیکی و ئاسایشی خۆراکە کە خۆی لە مووچە و بەبازاڕکردنی ئەو داهات و سەروەتە نیشتیمانیەدا ئەبینێتەوە کە لەبەرژەوەندی چەندکەسانێکی بنەماڵە سیاسەکاندا وەگەڕخراوە و ئێستا ئەوان بەسیاسیان کردووە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی شاخ و شاریان !

ئەم هەموو بێدادی و ناڕێکی و برسیکردنە هەیە چەقۆی قەساب لەسەر ملت دانراوە! کەچی  کاردانەوەکان لەچوارچێوەی بۆڵەبۆڵی میدیایی و سۆشیەڵ مێدیا تێناپەڕێت و شەقامی ناڕازی ڕاستەقینە جمەی نایەت و هێشتا گەمژەکان هەر لەسەر کورسی دەسەڵاتن! لەوە خراپتر ئەوەیە هەندێک کەس ئەو جوڵەیەشیان نییە کەچی لەگەڵ ئەوەشدا سەرزەنشت ئەکرێیت کاتێک تۆ ئەتەوێت لەجیاتی ئەوان دەست بخەیتە سەر کەم و کوڕیەکان !

 کورد ئەڵێ برسێتی ڕەگی هاری پێوەیە و ماکیاڤیللیش ئەڵێ هۆکاری ڕەدووکەوتنی خەڵکە بۆ دەسەڵاتێکی چەوسێنەر. من زیاتر لەگەڵ بۆچوونەکەی ماکیاڤیللیم، چونکە زۆر بە ئاشکرا کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانەوە بەش بەش و برسی و بێدەنگ ئەکرێن تا ئەگەر ڕۆژێک ئەو ڕەگی هاربوونە تەشەنەی کرد ئەوا هەموو کۆمەڵگە نەگرێتەوە و مەجالی کۆنتڕۆڵکردنی تیا هەبێت !

خۆ ناشکرێت و ڕاست نییە بڵێی جارێ کۆمەڵگەی کوردی هێشتا برسی نییە، بۆیە خەباتی جددی دەست پێنەکردووە؟! ژیانی خەڵک لەبەرچاوماندا ئەو گومانە ڕەد ئەکەنەوە! ئەوەتانێ کۆمەڵگە بەشێکی کەمی بە سەربازیکراو تێرکراوە بۆ پەلاماردان و سەرکوتکردنی بەشە زۆرینە برسیکراوەکە مەدەنیەکە .

بۆیە گومانی تیا نییە تا خاوەنی پارتی و یەکێتی بین، تاخاوەنی میللەتێکی ئاوا خەمسارد و پەرت و بێ بەرنامەبین، کارەسات و ژینگەیی و ژیاری و مرۆییەکان ڕوو لەزیادبوونە !

خۆزیا میللەت هەر ئێستا درەنگتر نەبێت درکی بەو مەترسییە ئەکرد کە سیاسیەتی هەرزەیی و نەزانی پارتی و یەکێتی دروستیان کردووە. خۆزیا گەل ئێستا مەنهۆڵی ئەو زەلکاوەیان هەڵئەدایەوە و ئەو دەسەڵاتەیان ئەکرد بەڕابووردوو کە سی و چوار ساڵە بەردەوامی هەیە، نەک درێژە بکێشێ بۆ چەند ساڵێکی تر. بۆئەوەی چارەسەرەکان زیاتر لە گرێژنە دەرنەچن و زووتر بتوانرێت کۆمەڵگەکە جارێکیتر بخرێتەوە سەرپێ و هەناسەیەکی بە بەردابێتەوە .

Leave A Reply

Your email address will not be published.