هاوڕێ حەسەن مارف، سیمای خۆشەویست و تێکۆشەری نەسرەوتووی کۆمۆنیزمی کرێکاریی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا!! هاوڕێم حەسەن گیان کاتی پشووە!
١٢ی ئەم مانگە هاوڕێم حەسەن مارف دوای ماوەیەک ململانێی و جەنگین لەگەڵ نەخۆشییەکی نەگریس و دەگمەن، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێک نا… هاوڕی حەسەن کۆمۆنیستێکی لێبراو، خۆشبین و ئومێدەوار، تیژ و سازش هەڵنەگر و پڕ جوڵەو وزە بوو… دەیویست لە هەموو چالاکییەکی کۆمۆنیستی و ئازادیخوازانەو یەکسانیخوازانە بەشدار بێت و جێ پەنجەی خۆی جێ بهێڵێت… ماندوو نەناسانە لە هەموو ئەو جوڵانەوەو چالاکیەکانەدا کە ئەو لێی نزیک بوو، بەشدار و رۆڵی چالاکانە و رابەری دەگێڕا. بە خەباتی نهێنی و فکری چەپ و لەگەڵ رێکخراوە چەپەکانی سەردەمی بەعس دەست پێدەکات، لە راپەرین و راماڵینی بەعسدا، چالاکانە بەشداری دەکات، لە بزوتنەوەی شوراییدا رۆڵ لە ئەلگۆیەکی نوێی بزوتنەوەی جەماوەریدا دەگێرێت، لە پیکهێنانی شورای سەرشەقام دەبێتە سیمایەکی ناسراو… لەدەستپیکی هەوڵ بۆ پیکهاتنی حزبی کۆمۆنیستی کریکارییدا بەشداری دەکات و یەکێک دەبێت لەو کادرانەی بەچاوی پر ئومێدەوە بۆ رزگاری خەون و خولیا خەباتکارانەی بە حزبەوە گرێدەدات… لەگەڵ پییکهاتنی حزبەوە تا دەگات بۆ دوا رۆژی چاو لیکنانی، چ لە ناوخۆی کوردستان و چ ئەوکاتەی دێتە دەرەوەی ولات و لە ئوسترالیا نیشتەجێ دەبێت، بەبەردەوامی بێدابران لە ریزی کۆمۆنیزم و ئەم حزبەدا دریژە بە هەلسورانی کۆمۆنیستی و ئازادیخوازنە دەدات… هاوڕی حەسەن لە ژیانی تایبەتی و شەخسی خۆیدا چ لە ئاستی کۆمەڵگە و چ لە ناو خیزان و دەوروبەرەکەی هەموو ئەو تایبەتمەندییە کۆمۆنیستی و ئازادیخوازی و یەکسانی خوازییەی باوەری پتەوی پێی هەیە، پراکتیکی دەکات… هەمیشە دەم بەخەندەو یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی بزە خستنە سەر لێوی هاوڕی و کۆرو کۆمەڵەکانی بووە، جێگای متمانەو دڵسۆز لە پەیوەندی خێزانی وهاوڕییانەدا ئەوی کردبووە کاراکتەرێکی خۆشەویست. ئینسان لەگەڵ هاوڕی حەسەندا هەمیشە هەستی بە ئارامی و پاریزاو بوون دەکرد… زیاتر لە چوار دەهە هاوڕی حەسەن بەم خەسڵەت و تایبەتمەندیانەوە ئاڵاهەڵگری کۆمۆنیزم بوو لەدژی نیزامی ستەم و چەوساندنەوە و بیمافی سەرمایەداری. بروای پتەوی بە کاری رێکخراو و ئامانجدارانە هەبوو، لەو رێگایەدا نەک دریغی نەکرد، بەڵکو زیاد لە توانای خۆی تیکۆشا و قوربانیدا… دوای ئەم هەموو خەبات و تیکۆشانە بەردەوامە، کە زیاتر لە چوار دەهەی خایاند، چاوەکانی لیکنا و ڕێبازی کۆمۆنیستی خۆی جێ هێشت بۆ هاوڕییان و نەوەکانی دوای خۆی تا درێژە بەو رەوت و رەوەند بدەن لە پێناو دنیایەکی باشتردا… ژیانئاوایی هاوڕی حەسەن خەسارەتێکی بەرجەستەیە لە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئازادیخوازی…
لێرەوە سەرەخۆشی خۆم لە خێزانە جوان و بەرێزە ئازیزەکەی لە چیمەن و دوو گوڵە جوانەکەی زاریاو پۆشکین و لە خوشک و براو سەرجەم هاوڕی و ئازیزان و هەموو ئەوانەی نیگەرانی ماڵئاوایی ناوادەی حەسەنن دەکەم و دەڵێم بخەوە هاوڕیم، دوای ئەو هەموو ماندووبوون و تیکۆشانە بێ پسانەوەیە… کاتی پشووە…
عەبدوڵا مەحمود