کوردستان پێویستی بە ڕزگارییەکی سیاسی متمەدنانە هەیە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کوردستان و ژیان و چارەنوسی خەڵکەکەی لە مەنگەنەیەکی گەورەدایە و تەواوی ئاماژەکان پێمان دەڵێن ئەم خان و خانبازیە ملیشیایی و عەشیرەتیەی ئێستا، تاقەتی لەسەرپێوەستانی نەماوە و لە داڕوخاندایە.

پێکهەڵپڕژانی میلشیای عەشایەر و میلیشیای حکومەتی عەشیرەیی بارزانی و تاڵەبانی نیشانەکانی هەرەسهێنانی ئەم ستاتوسە بێکەڵک و عەشیرەتییەی کوردایەتییە و ئەگەر جوڵانەوەی مۆدێرن و شارنشینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، جوڵانەوەی بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد و خۆشگوزەران, جوڵانەوەی یەکسانیخوازی ژن و جوڵانەوەی ڕزگاری فەرهەنگی لە خورافاتی دواکەوتوانەی کوردایەتی و عەشیرەتبازی و ملیشیاییگەری کوردایەتی و لە کۆنەپەرەستی  دینی سیاسی و جوڵانەوەی گەڕانەوە بۆ ئیرادەی سیاسی ڕاستەخۆی هاوڵاتیان لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی خۆی و جوڵانەوەی بەرقەرارکردنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییە پێشڕەوەکان، جوڵانەوەی دەرهێنانی سەروەت و سامانی وڵات لە دەستی ئەم کۆنەپەرەستیە خۆی ئامادە نەکا، ئەم داڕوخانە دەکرێ خوێناوی و کۆنەپەرەستانە بشکێتەوە.

کوردستان و خەڵکەکەی کۆمەڵێک عەشیرەت و خان و خێڵ قەبیلە نییە، تا هەر کەس و خان و ئەربابێکی کۆنەپەرەست بە کەیفی خۆی و بە پێی ئەخلاقیاتی ئەرباب ڕەعیەتی هەر چارەنوسێک بیەوێ بەسەر ئەو خەڵکە و لەسەروی ئیرادەی ئەوانەوە بەسەریاندا بسەپێنێ.

کوردستان و خەڵکەکەی هاوڵاتیانی شارنشینی سەدەی بیست و یەکن و دەیانەوێ ژیانێکی ئازاد و خۆشبەخت بژین. دەیانەوێ لە کوردستانێکدا بژین کە حورمەت و کەرامەتیان، ئازادی و مافە فەردی و مەدەنییەکان یاسای وڵات بێ.

ئەمە لە چوارچێوەی ئەم قەوارە عەشیرەتیەی کوردایەتیدا لە بێخ و بنەوە ناتەبایە و تەنیا ڕزگاریەکی سیاسی متەمەدینانە دەتوانێ ئەم کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیە کرێکار و زەحمەتکێشە لەم کۆنەپەرەستیە سیاسیەی ئەمڕۆ بە کەمترین زیان و بە شێوەیەکی متمدنانە ڕزگار بکا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.