ئەزمونێکی بەخوێن نووسراو…عەبدوڵا مەحمود
لەسەرو بەندی ئەزمەی کەنداوی یەکەمەوە لە ساڵی ١٩٩٠دا کە بەداگیرکردنی کویەت لەلایەن عێراقەوە دەستی پێکرد تا ئامادەکارییەکانی ئەمریکا و غەرب بۆ هێرش کردنە سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، بە پاساوی بوونی چەکی کیمیایی و پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە و مەترسی بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە، هیزەکانی بۆرژوازی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی “باڵەکانی بۆرژوازی عەرەب، بۆرژوازی کورد” کە ببوونە هێزی لاوەکی و تێکشاو پەرتەوازە ببوون، کەوتنە خۆ کۆکردنەوە، و پێشوازی کردن لە سیاسەت و ملهوری ئەمریکا و غەرب. ئومێدی زیندبوونەوە و دوبارە هاتنە مەیدانی خۆیان گرێدا بە بۆمب و وێرانکاری جەنگێکی گەورە، کە ئامانجەکەی زۆر گەورەتر لە عێراق و چەکی کیمیای بوو. چەکی کیمیایی پاساوی هیرش و عێراق مەیدانی جەنگ، بەڵام ئامانج و پەیام، جێخستنی نەزمی نوێی دنیا بۆ ئارایش دانەوەی دنیای دوای شکستی بلۆکی شەرق.
لەو راستایەدا باڵەکانی بۆرژوازی عێراقی، کەوتنە هەل هەلە و بەخشینەوەی پرۆپاگەندەی رزگارکردنی عێراق و دەربازبوون لەدەستی رژێمی بەعس و هێنانە دی خەونی ئازادی و گێرانەوەی شکۆ بۆ هاوڵاتیان. هەر لەوچوارچێوەیەدا، لەگەڵ لاوازبوونی رژێمی بەعس و قەسابی کردنی سوپاکەی لەلایەن ئەمریکا و غەربەوە، سەرەتا لە خواروی عێراق و پاشان لە کوردستاندا خەڵکی دەستیان دایە راپەرین. بۆرژوازی لە عێراقدا توانی ئاسۆ و ئامانجی خۆی و سیاسەتەکانی بکاتە سیاسەتی زاڵ و خەڵکی خوازیاری ئازادی و رزگاری لەستەمی بەعس، خۆشباوەر بکات بەوەی کە ئەگەر بەعس روخا، ئەوا ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافە فەردی و مەدەنییەکان زامن دەبن و ئاسەواری ستەم و سەرکوتگەری و بێمافی ناهێڵن.
سەرئەنجام عێراق، دوای دەورەیەک کە زیاتر لە دەهەیەکی خایاند، لە رێگای جەنگ و ملهوری سەربازییەوە لەساڵی ٢٠٠٣ دا، روخا، کە لەگەڵ خۆیدا نەک تەنها رژێمی دڕندەی بەعس، بەڵکو دەوڵەتی عێراق لە بناغەوە هەڵتەکێنراو و ژیرخانی ئابوری و هەموو سیمایەکی مەدەنی عێراقی لەبەریەک دارماند و پاشەوپاش گەرانەوەیەکی یەکجار گەورەی لە هەموو ئاستەکانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و تەنانەت ئەخلاقی داسەپاند و لەجێگاییدا، نەتەوەپەرستی، فاشیزم و راسیزم، کۆنەپەرستی دینی و دەیان و سەدان گروپی ئینسانکوژی بەدوای خۆیدا هێنا و عێراقی دابڕ دابڕ لەسەر بنەمای دینی و مەزهەبی و تایفی و قەومی… کرد، و کۆمەڵگەی عێراقی بۆدەیان ساڵ بردە دواوە و ئاستی چاوەروانیەکانی تاکی عێراقی هیندە هینایە خوارەوە، تا ئاواتی مانەوەی فیزیکیان بخوازن. جەنگی ناوخۆیی لەسەر بنەمای تایفی و دینی، لە عێراقدا بەو پەری خۆی گەیاند و بە دەیان هەزار ئینسان لەسەر ناسنامەی تایفی ومەزهەبی بوونە قوربانی و نائارامی و کردەوەی تیرۆریستی ئینسان کوژی، بووە سیمای زاڵی عێراق. لە هەرێمی کوردستانیشدا، کە پێشوازی لە جۆرج بۆش و جەنگ لەلایەن حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییەوە پیشوازی لێکرا، زۆر زوو جەنگی دەسەڵات لەناو باڵەکانی بۆرژوازی کوردا بەتایبەتی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا، دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەزاران ئینسان بوونە قوربانی و هەرێم کرا بە دوو زۆن و کوشتنی دیل و کردەوەی تیرۆریستی، وەکو بەرهەمی دیموکراسی و نەزمی نوێی دنیا، لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بووە دێوەزمەیەک لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان. تەنانەت تا ئێستا چارەنووسی هەزاران کەس لە دیلەکانی هەردوو لا دیار نییەو نازانرێت پارتی و یەکێتی ئەو هەزاران ئینسانەیان لەکام پێدەشت و بنار و تەپۆلکەو چیای کوردستاندا ژێر خاک خستووە. خۆ ئەگەر چەکی کیمیاوی و ناوکیان هەبوایە لەدژی یەکتری بەکاریان دەهێنا. دواتر هەر ئەم دەسەڵاتە نۆکەر پیشانە لەگەڵ هاتنەوەیان و گەێشتنیان بەدەسەڵات، بە پێچەوانەی هەموو بانگەشە پوچەکانیان سەبارەت بە ئازادی و مافی مرۆڤ و سەروەری و مافی تاک، دەستیان کرد بە تاڵانی دام و دەزگاکانی کوردستان و ئاودیووکردنی بۆ ئیران و فرۆشتنی، کەوتنە کوشتنی ژنان و لێبوردن لە تۆمەتباران و نۆکەرە ئینسان کوژەکانی بەعس، کەوتنە هیرش بۆسەر شوراکان و هەموو ئازادیخوازییەک و دەستبردن بۆ تیرۆری نەیارانی سیاسی و رۆژنامەنووسان و هەردوو لاش پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان خۆی بە لایەک پارتی بەتورکیا و یەکێتی بە ئیرانەوە هەلواسی و بوونە نۆکەری ئەوان و جێبەجیکاری سیاسەتەکانتان. لەو نۆکەر پیشەیەشدا هیرش بۆسەر ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتانی ناوچەکەو هاوکاری بۆ تیرۆری کادر و رابەران و چالاکوانیان دەستی پێکرد.
ئەم پێشوازییەی بۆرژوازی عیراقی و کوردی لە جەنگ و گریدانی ئاسۆو ئامانجەکانیان بە بۆمب و جەنگ و کوشتار و سیاسەتی ئەمریکا و غەرب، سەرئەنجام ئەم ئەلگۆ شکستخواردووەی لە دەسەڵات لە عێراق و کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا، جەماوەری چینی کریکار و بێبەشی لە عێراقدا رووبەرووی سەخترین هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و کەلتوری کردوتەوە و پاشەکشەیەکی یەکجار سەختی بەسەر کۆمەڵگەی عێراق و کوردستاندا هێنا. لە جێگای سەدام حسێنێکی دیکتاتۆر، دەیان سەدام حسێنی قەومی و دینی و تایفی جیگەیان گرتەوە. ئیستا دوای زیاتر لە دوودەهە لە دەسەڵاتی باڵەکانی بۆرژوازی عێراق بەسەر ناوەراست و خواری و عێراق و زیاتر لە سێ دەهە لە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورددا، خەڵکی عێراق و کوردستان لەگەڵ نەبوونی خزمەتگوزاری و سەرەتایترین مافە فەردی و مەدەنیەکان و نەبوونی ئازادی سیاسی و تەنانەت نەبوونی موچە بەرەو روون، تاڵانی و دزی و گەندەڵی هەموو کەرت و جومگەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، یاسای کۆنەپەرستانەی سەرچاوە گرتوو لە عەشیرەت و هۆز و دین داسەپێنراوە. یاسای جەعفەری و بەشوادنی مناڵانی ٩ ساڵی بەفەرمی کراوە، لە هەرێمی دزەکانی کوردستاندا گۆرستانی بێ ناو نیشانی ژنان هەیە. ئودوی هەژاران و بێبەشان رۆژ بەرۆژ لە بەرین بوونەوەدایە و لەبەرامبەردا کەمایەتیەکی حزبی و بنەماڵەیی بوونە ملیاردیر و ملیۆنیر… ئەمە بەرهەمی خۆبەستنەوەی باڵەکانی بۆرژوازی ئێراقی بە کورد و عەرەبەوە بە جەنگ و ملهوری ئەمریکا و غەرب بوو… ئەمە بۆ چینی کریکار و جەماوەری بەشمەینەتی عێراق و کوردستان ئەزمونێکە لە وێرانکاری و پاشەکشە و ئەلگۆیەکی بەخوێن نووسراوە، کە قوربانیانی زۆر لە قوربانیانی دەستی بەعس و رژێمە دیکاتۆر و فاشیستەکان زیاترە… ئەم ئەزموونە کە بە جەنگ بە پاساوی بوونی چەکی کیمیاوی و هاوکاری لەگەڵ قایدەی تیرۆریست دەستی پێکرد، دوای جەنگ و ئاشکرا بوو، بیانویەکی پوچ و عێراق خاوەنی ئەو چەکی کیمایی نەبوو، قاعیدە و تاڵیبانیش، لەلایەن خودی ئەمریکاوە دەسەڵاتیان بەدیاری پێ بەخشرایەوە.
لە ئیستادا کە بەپاساوی نزیک بوونەوەی ئیران لە دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئیسرائیل و بە هاوکاری ئەمریکا و غەرب هیرش بۆسەر رژێمی کۆنەپەرستی ئیرانی دەستی پێکردووە، باڵەکانی بۆرژوازی ئێرانی لە ئاریامیهرییەکانەوە بۆ سلیبرتیەکان و ناسیونالیست و ئیسلامیەکان، لە سەراسەری ئیراندا هەل هەلە و پیشوازی لەم جەنگ و ملهورییە دەکەن، وەکو هیزە بۆرژوازییەکانی عێراق، ئاسۆ ئامانجی خۆیان بەستۆتەوە بە جەنگ و ملهوری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، و دەیانەوێت لەو رێگایەوە و لە ئاکامی جەنگ و وێرانکردنی کۆمەڵگەی ئیران و لەسەر لاشەی لە خوێنهەڵکیشراوی خەڵکی ئیراندا، دەستیان لەدەسەڵات گیر ببێت و خەونی دوبارەکردنەوەی دەسەڵاتی نەنگینی بۆرژوازی عێراقی لە ئێراندا بەدی بهێنن.
ئەم جەنگ و ملهورییە ئاشکرایە کە دەتوانێت و دەبێتە هۆی پاشەکشە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی چینی کریکار و چین و توێژە بیبەبەشەکان و لاوازکردنی جوڵانەوەی سەرنگونکردنی دەسەڵاتی نەنگینی رژێمی جمهوری ئیسلامی، و بزوتنەوەی شۆرشگیرانەی”ژن، ژیان، ئازادی”، لەلایەن هیزو گروپەکانی بۆرژوازییەوە وەکو رێگایەک بۆ رزگاری و رزگارکردنی خەڵکی ئیران و دەستراگەیشتنی خەڵکی کوردستان بە مافە سیاسیەکانی تەپڵی بۆ دەکوترێت.
ئەم هیزو لایەنە سیاسیانە، کە ئومیدیان بە جەنگ و ملهوری ئیسرائیل بەستۆتەوە، هیز گەلێکن لە دژی بزوتنەوەی چینی کریکار و بزوتنەوەی” ژن، ژیان، ئازادی” و بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان لە پێناو مافە سیاسیەکانیان. ئەم هیز و لایەنانە کە بەکردەوە چوونەتە پشتی دەوڵەتی ئیسرائیل و سیاسەتی ئەمریکاو غەرب، جگە لە هیز گەلی نۆکەر پیشە لەدژی خەڵکی ئازادیخوازی ئیران و زیاتر شتیکی تر نین و دەبێ ماهیەتی دژی ئینسانیان، رووبەرووی نارەزایەتی بزوتنەوەی چینی کریکار و هیزو لایەنە چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکان ببێتەوە وەکو تۆمەتبار لەپاڵ ئیسرائلیدا، لێیان بروانرێت…