لە قەدەرەوە…. نووسینی: ڕێبوار حەمەشەریف
بایێ نامژەنێ..
تا هەنگاوێک بەرەو ئەودیوی خۆمم, ببا..
چ دۆزەخێکە ئەم ڕابردووەی مردن،
چ مەرگێکی ئەفسانەیە؛
نابینام و خۆمێک، بێ منم !
پەنجەرەکان ,,
بێ شوشەن، پەردەکان،
وەکو مردویەک لە کفن هەڵپێچراون !
تەنانەت تریفەیەک ناڕژێتە ژورێکەوە ،
سەیرکە ,,
ئەم هەموو باڵندانە لێرە … ئاوارەن و
ماڵێک لە پوش، بۆ تەنیا وەرزێکیان هەڵچنیوە!
ئاخر بڵێ :
گوناهی شەپۆل چییە ؟
دەریا بۆ ؟
سەر ئەنێتە سەری وا مەستە و تیژڕەو، بەچنگ،
تا دورترین کەنار سەری خۆ هەڵگرێت و نەوەستێت !
یا لەخۆوە ئەم هەموو دارانە…
بۆ هەر یەکیان، ناوێکی لە خۆ ناو ناوە !
بۆچی… ڕەشەبا بێزوکەرێکەو,
چوار وەرزیان پێ دەفرۆشیت ،
بێزم لەو چیمەنە دەبێتەو چەند بەناز خۆی دەنوێنێ و ,
وەرزێکی ساردیش دێ .. سڕو زەردوو مردوو .
نابینم کوا ؟!
دەنگێک و گۆرانیەک…
نەغمەیەک، لە گەرو وەوە، هەناسەیەک وەکو سید علی ئەسغەری و
چریکەیە لە سیاچەمانە…
دوور دەڕوا بیرێکی سەرگەردانی …
قەدەرێکە !
خۆم نیم و کەچی لێرەم، خۆم !
قەدەرێکە،
ئەو گوڵانە ئەبینم
ڕەنگاو ڕەنگ چاوشارکێیانە,
بەڵام نازانم کامیان عاشقەو + کێان-
بەتەمای جوت بوون !
هەنگێک،
لە دورەوە دەبینم سەرەڕۆ وەکو من ،
بێ پورە و تەنیا،
دەبێ ئەویش بۆ کوێوە بچێ ؟
قەدەرێکە !
دەرگایەک لەسەر گازەرەی پشتەو
کەسێک، ڕێبوارێک، هاتووچۆی پێدا نەکرد !؛
قەدەرێکە!
خۆمم بە خۆمەوە، مەشغوڵکردووە و سەرم ناوەتە باوەشی زەبونییەوە!
تۆ بڵێیت من لێرەبم یا/:
هەر بۆ پیاسەیەک لە ئێوارە تاوێک هەنگاوێکی کوێر،
پاڵێک، چوزانم ……
منی لێرەوە نەهانیبێت .
قەدەرێکە
خۆمم بەستووە بە تاڵەکانی پرچی هەتاو،
مووروە شینەیەکی شێخ ئامۆش و,
دوو دەنکۆڵە گەنمی …
گەنمە چرۆی عەبەی خاڵێ و,
ئەسپ زینکراوێکی ماڵی…
پاشای نەخشین و، هەموو هەموو
ئەمانە دێنە بەر نیگام و…
کەچی…خۆمم خۆمم لێ ونە،
قەدەرێکە
لێرە نامۆم و
ڕێبوارێکم بە تەوێڵی ناوچەوانی غوربەتەوە .
بۆیە نیگام لەو شۆخە وا ترازاوە
کە هێمن هێمن هەنگاوەکانی هەڵدەهێنێت،
دەکرێ …
هەردوو بە دیواری
مێژوویەکەوە
ناومان هاتبێتەوە بنوسرێت و بڵێن:
لە دێڕێکدا
ئێوەش… لە زەمەنێکدا لێرە بوون ….