ئێمە بەرەی سێیەمین!… نوسەر: سۆران لوتفی

0

ئیسرائیل بە کەڵک وەرگرتن لە بێدەنگی و هاوبەشی ئاشکرا و شاراوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی سیستماتیکی لەسەر کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە بەردەوامە. تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، لانیکەم ٨١ کەس لە هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە؛ زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. ئەم دڕندەکارییانە چیتر تەنیا “قەیرانی مرۆیی” نین، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیدا شیکارییان بۆ بکرێت: نەهێشتنی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنی بۆ مەبەستی سیاسی، سەپاندنی سزای بەکۆمەڵ، لەناوبردنی ژێرخانی کۆمەڵگە و بێبەشکردنی بە ئەنقەست لە دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان.
هەروەها ئەوانەی لە ڕابردوودا نەیانتوانی تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە ئیدانە بکەن، بێدەنگ بوون یان لەگەڵ تاوانەکانی ئیسرائیلدان لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێران. ئەم ڕەفتارانە ڕەنگدانەوەی ئەو دووانەیە کە لە سیاسەتی جیهانیدا هەیە؛ لەو شوێنانەی کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری هەندێک وڵات زاڵ بێت بەسەر پرەنسیپە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤدا.
بەڵام چەندە ئەم تاوانانە مەحکومن، بێدەنگی ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش بەشێکە لە هەمان پێکهاتەی تاوانکاری. هەر ئەو دامەزراوانەی کە بە توندترین شێوە تاوانەکانی دەوڵەتانی دژبەری ڕۆژئاوا ئیدانە دەکەن یان پەنا بۆ پاساوهێنانەوە دەبەن یان بە سادەیی بێدەنگ دەبن کاتێک ڕووبەڕووی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەبنەوە. ئەم بێدەنگییە بەڕێکەوت نییە یان بەهۆی نەزانییەوە؛ دەگەڕێتەوە بۆ لۆژیکی دەسەڵاتدار لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، کە بنەما گوماناوییەکانی وەک مافی مرۆڤ، دادپەروەری و خێرخوازی تەنیا تا ئەو ڕادەیە ڕەوان کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی زلهێزە هەژموونەکان دروست نەکەن. وە جێگەی داخە کە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ هەڵوێستەکانیان لەگەڵ ئەو بەرژەوەندیانەدا دەگونجێنن. بە واتایەکی تر داکۆکیکاران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان هەڵوێست وەردەگرن.
بۆیە ناتوانین متمانەمان بە نەزمێکی جیهانی وا هەبێت کە جیاوازی لە نێوان قوربانییەکان بکات. وە هەر لەم چوارچێوەیەدایە کە ڕەخنە لە دووبەرەکی و هاوپەیمانی ساختە دەبێتە پێویستییەکی مێژوویی. ئەمڕۆ زۆرێک هەوڵ دەدەن دووبەرەکییەکی درۆینە لە نێوان “بەرەی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل” لە لایەک و “بەرەی میحوەری بەرخۆدان” لە لایەکی دیکەوە دروست بکەن؛ وەک ئەوەی جیهان لە دوو هەڵبژاردەی ئەگەریدا سنووردار بێت: یان لەگەڵ زایۆنیزم و ئیمپریالیزم، یان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتە سەرکوتگەرە هاوپەیمانەکانی.
ئەم دووبەرەکییە فریودەر و وێرانکەرە. چونکە هەردوو جەمسەرەکە دوو دەرکەوتەی جیاوازن لە پێکهاتەکانی سەرکوت و توندوتیژی دەوڵەتی و هەژموون. ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی میلیتاریزم و داگیرکاری و ئاپارتاید و نیوکۆلۆنیالیزمەوە مافی گەلان پێشێل دەکەن. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران کە بانگەشەی پشتیوانی لە خۆڕاگری و دادپەروەری دەکات، لە ڕێگەی توندوتیژی ڕووت، سەرکوتی ناڕازییان، لە سێدارەدانی نەیاران، هەژاریی پێکهاتەیی و حوکمڕانی ئامێرە ئەمنییەکان، ژیانی ملیۆنان ئێرانی لەناو سنوورەکانیدا لەناوبردووە.
کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا خۆی ڕژێمێکی تاوانکارە؛ تاوانێک کە هەم لە ناوخۆدا لە ڕێگەی سەرکوت و گەندەڵی دامەزراوەیی و هەم لە ڕووی ناوچەییەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی پرسی فەلەستین و چەسپاندنی بلۆکە تاکڕەوەکانەوە بەردەوامە. ئێمە لە هیچ هەلومەرجێکدا تەنانەت لە دژایەتی زایۆنیزمیشدا لە پاڵ ئەم ڕژێمەدا ناوەستین. چونکە شەڕی داگیرکەری بە هیچ شێوەیەک ڕزگاریکەر نابێت ئەگەر بە تێچووی ڕەوایەتیدان بە دیکتاتۆرییەت و ئینکاری ئازادی لەناو وڵاتان کۆتایی پێبێت.
بەرەی ئێمە بەرەیەکی سەربەخۆیە لە هەردوو جەمسەری هەژموون. ئێمە بەرەی سێیەمین: چینی کرێکار، بێبەشان، ژنان، گەنجان، و هەموو ئەوانەی بەدەست ستەم و جیاکارییەوە دەناڵێنن بە هەموو شێوەکانییەوە، جا لە لایەن دەوڵەتە ئیمپریالیست و داگیرکەرەکانەوە بێت یان دەوڵەتە پاوانخواز و کۆنەپەرستەکان. ئێمە لەسەر بنەما گشتگیرەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئازادی تاک، هاودەنگی مرۆڤ و کەرامەتی سروشتی مرۆڤ وەستاوین.
هاوپشتیمان لەگەڵ گەلی فەلەستین بێ مەرجە؛ بەڵام ئەم هاودەنگییە کاتێک ڕاستەقینەیە کە خەباتی ئازادی لە ئێران، سوریا، یەمەن و ناوچەکانی دیکەی جیهان لەگەڵیدا بێت. بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤ ناتوانێت هەڵبژێردراو و ئایدیۆلۆژی بێت؛ دەبێت گشتگیر و ڕادیکاڵ و لە خوارەوە بۆ سەرەوە بێت.
ئێمە خەبات دەکەین بۆ جیهانێکی ئازاد و دادپەروەر و مرۆڤانە؛ جیهانێک کە هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێت بەناوی ئاسایش و ئایین و نەزمی جیهانییەوە مافی ژیان لە مرۆڤەکان بێبەش بکات.

تونا حەمە نوری: لە فارسییەوە کردویەتە کوردی

Leave A Reply

Your email address will not be published.