دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە با نەیبات!… نووسینی: کۆسرەت دڵشاد

0

بە بۆچوونی من، ئەو پەندە کوردییەی ئەڵێ (دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوەبگرە با نەیبات)! لە خراپترینی پەندە کوردییەکانە، چونکە ئاو دەکاتە ئاشی دەسەڵاتداران و ستەمکاران، هانت ئەدات بێدەنگ و ترسنۆک و دوورە پەرێز بیت و خەمی خەڵک بەهی خۆت نەزانی! واتە کەسێکی بەرژەوەندخوازی ناشیرینت لێ دەربچێ!

پەندێکە تاکەکانی کۆمەڵگە تەسلیم بە هێزی ستەمکار و ناداد ئەکات .

بڕۆن مێژوو یان ئەزموونی تەواوی گەلانی پێشکەوتوو بخوێننەوە و بزانن ئایا هەوێنی ئەو بەرەوپێشچوون و گەیشتن بە ژیانێکی لانی کەم بێ کێشە سەرەکیانەی وەک ئاو و کارەبا لە چییەوە ڕەگی داکوتاوە؟ برسیەتی گەورەترین ڕەگ و هۆکاربووە، ئەوان هەرکات برسی بووبن، یاخیبوون لەدەسەڵات. بەرامبەر بەزوڵم و ستەم بێدەنگ نەبوون و دەستیان بەکڵاوەکەی خۆیانەوە نەگرتوە. ئاخر چۆن کەسی برسی بێدەنگ ئەبێت؟!

بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەوە ٣٤ ساڵە لەلایەن دوو بنەماڵەی چەتە و تاڵانکەرەوە بەبەردەوامی برسی دەکرێین و دەچەوسێنرێینەوە جا برسیەتی تەنیا مەبەستم برسیەتی گەدە نییە، ئەوە ئەسڵەن زۆر لاوەکیە، ئەوە ڕەمەکی خواردنە کە دەبێ بە لێزانانە جڵەوی  بکەی تا جڵەوت نەکات و بتکات بە کۆیلەی نەفس.

برسیەتی ئەوەش دەگرێتەوە کە تا دەچی بۆ سلێمانی یان هەولێر سەدان جار لەگەڵ مەرگدا تەوقە دەکەی و ماچ ماچێن دەکەی. جگە لە قۆرخکردنی ئازادی، جادە و ڕێگا و بانێکی باش و مۆدێرنیشت پێ ڕەوا نابینن. برسیەتی نەبوونی مووچە، کارەبا، ئاو و هێڵێکی باشی ئینتەرنێت و خوێندن و پەروەردەو تەندروستی و بیمەکان و زۆر شتی تر دەگرێتەوە، بەڵام ئێمە لە پای ئەو هەموو برسیکردنە جیاواز و بەپێچەوانەی گەلانی پێشکەتوو تا ڕادەیەک یاخیبونمان ڕەتکردۆتەوە و بێدەنگیمان هەڵبژاردووە!

تەنها چینێکی کەم لە مامۆستایان و رۆژنامەنووسان و چالاکوان و خەلک یاخیبوون لەدەسەلاتی پارتی و یەکێتی ماباقی زۆرینەی خەلکەکەی تر کاتێ پرسیاری لێدەکەی بۆ هیچ کاردانەوەیەکت نییە بەرامبەر ئەو ستەمکارانە لەوەلامدا یا بێدەنگی هەڵدەبژێرن یا  بە ئاشکرا دەڵێن (برا واز بێنە زمان بەڵای سەرە و دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە با نەیبات)! بەڵام بەداخەوە خەڵکەکە بێئاگان لەوەی کە ڕە‌شە‌بای ستە‌مكاری دوو بنەماڵەی حوکمڕان نە‌ك ھە‌ر كڵاویان، بە‌ڵكو سە‌روماڵ و کەرامەتیشیانی بردووە! کە باسی موچە و مافی خۆشمان دەکەین، کەرامەتمان بۆ پیشنیار دەکەن!!.

پێچەوانەی یاخیبوون، کۆیلەیەبوونە. تۆ کە هەزاران هۆکارت هەیە ببی بە کەسێکی یاخی لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بەڵام فزەت لێوە نەیە ئەوە بەرەو بێدەنکگردن و کۆیلەبوون هەنگاو دەنێیت و دەچیە ژێرباری ئەوەی دەسەڵات چی دەیەوێت پێتی بکات. جا کێشە سەرەکیەکە لێرەدا ئەوەیە تاڕادەیەک، بەزۆرینە خەڵکەکە گیانی ڕووبەڕووبونەوە و دەنگ بەرزکردنەوەی ڕەتکردۆتەوە و بوونەتە کۆیلەی دەسەڵات.

لێرەدا نەهامەتیەکە ڕووبەڕووی کەمینە یاخیەکە ئەبێتەوە، ئیدی بۆ تەنیا ساتێکیش ژیانی یاخیەکان لە خۆشیدا نابێت هەم لە فکریان هەمیش لە ژیانی ئاساییان سەلامەت نین. یان لەبەردەم کۆلێژەکەیان دەڕفێندرێن یان لەباوەشی دایکیاندا خەڵتانی خوێن دەکرێن، یا ئەوەتا دەستگیردەکرێن و کوردستانیان لێدەکەن بە زیندان یان ناچار بە جێهێشتنی وڵات ئەکرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.