ئاشبەتاڵەکەی سەقز *: نووسینی: کاوان قادر
ئاپۆڕەی نائومێدی چوار ڕای شەقامی ئازادی تەنیبوو، چارەنوس دێوەزمەیەکی ترسناک بوو لەسەر دڵی هەریەک لە چەکدارە دۆڕاوەکانی شەڕ، هیلاک وماندوو کۆڵەوار و دەست وپێ سپی، لە شەڕ زیاتر هیچی تریان فێر نەکردبووین، زۆربەمان بەلاوی هاتبونە دەرەوەو ئێستاش ڕیش وسمێڵ سپی. هەموو پیاو بووین، بەڵام برسی کراو لەبۆنی خۆشەویستی و عەشق لە باوەشی نەرمی خێزان، دەستە دەستە لە لێواری شەقامەکاندا بێ هیوایی کۆیکردبوونەوەو ئایندەش نادیار بوو، یادگارییە تاڵەکان خاڵی کردبووینەوە لە هەموو بزەیەک، دوێنێ و ئەمڕۆو داهاتوو یەک چێژیان هەبوو ئەویش بێ ئومێدی بوو…
” ئێستا چی بکەین”؟ یەکێک پێشمەرگەکان کە شانی دابوو بە خەڵفەدارێکی سەرشەقامی بەردەم میوانخانەکەوەو پرسیاری کرد!
لەژێر نرکەی نیگەرانییەکەوە هاوڕێکەی وەڵامی دایەوەو وتی من هەر لەڕووم نایەت بگەڕێمەوە ئەو شارە، ئەو هەموو قوربانی وماڵوێرانییەی کەس وکارمان بۆ ئەم ئاشبەتاڵە بوو ؟
عومەر کوزەڵەیی کە لەوبەری شەقامەکەوە بە قەفەزێکەوە بەرە ئێمە دەهات، بە تەواوی ئەو نیگەرانی و پیش خواردنەوەیەی ئێمەی ڕەواندەوە، سەرنجی هەموومانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا **
وتم باشە وا ئێمە هەموو قوڕمان بۆ گیراوەتەوە ئەی ئەم کەنارییانە چی یە بەخۆتەوە توشت کردوون؟
بە تەوسێکەوە بێ منەتییەکەوە وەلامی دامەوەو وتی “جا برام من چیم بۆ ماوەتەوە هەموو کەس وکارم لە نوگرەسەلمانا ئەنفالکران و کران بە بەژێر خاکەوە، ماڵەکەمان بەشۆفڵ ڕوخا.
بۆ ساتێک برادەران ماتەمینی دایگرتن، هەرچەند هەموومان ئەو چیرۆکەمان دەزانی، بەڵام کاتێ بەهیوایەکەوە ئەژیت هێشتا تامی سەرکەوتن بەری نەداوی هەست بەو ئازارە ناکەیت، بەڵام دوای فەشەل لە هەموو شتێک پەشیمان ئەبیتەوە.
خۆم بۆ نەگیراو ویستم بابەتەکە بگۆڕم وتم ئەی ئێستا بەرەو کوێ ئەچی؟
بەدەنگێکی پڕ لە زوخاوەوە وتی بۆ ئێوە دوێنێ ئێوارە گوێتان لێ نەبوو ئەو قەل خۆرە چی وت ؟ گوێت لێ نەبوو وتی من لە ٢٥٠ پێشمەرگە زیاترم بۆ بەخێو ناکرێ، گوێت لێ نەبوو وتی ئیتر لێرە بەدوا هەرکەس با ئازاد بێت چی ئەکات وبۆ کوێ ئەچێت؟ ئەچمەوە بۆ سلێمانی هەرچی ئەبێ با ببێت خۆ لە باوک ودایکم زیاتر نیم کە سەریان تیاچوو، ئەگەریش تیاچووم ئەوە باجی بێ ئەقڵی خۆمم داوە، بە پێکەنینێکی گاڵتە ئامێزەوە وتی “ئەم کەنارییانەش ئەبەمەوە بۆماڵی خاڵ و مامەکانم و پێیان ئەڵێم ئەمە دەستکەوتی ئەو هەموو ساڵەی پێشمەرگایەتییەکەمە، بەڕاستی بێ ئومێد بووم ئیتر هیچ بەلامەوە گرینگ نییە چیم بەسەر دێت، من لە ژیانا تەنها فیشەکێ قەرزار بووم خۆشم نازانم بۆ ماوم، ئەچمەوە ئەودیو هەرچەند ئیتر دایک وباوکێک نەماوە تا سەرکەمە باوەشیان، بەلام تەنها ئەوە ئەزانم من ئیتر هیلاک بووم ” …
——————————–
* – لەدرێژەی شاڵاوی ئەنفالدا کاتێ پێشمەرگەکانی یەکێتی ڕویان لە ئێران کرد لە شاری سەقز گیرسانەوە هەرلەوێ جەلال تاڵەبانی لە میوانخانەکەی چوارڕیانەکەی سەقزدا ئیعلانی ئاشبەتاڵی خۆی کرد بەهەموو پێشمەرگەکانی وتبوو ئیتر لێرە بەدوا ئەوان ئازادن چی ئەکەن وبۆکوێ ئەچن ئەو تەنها دەتوانێت تەنها ٢٥٠ پێشمەرگە بەخێو بکات لەوێوە ئیتر دەستی لێ بەردابوون.
** عومەر کوزەڵەیی یەکێک بوو لەو پێشمەرگە سەرەتاییانەی کە تا ئەوکات هیچ پلەو پۆستێکی نەبوو، یەکەمین ماڵ کە بە شۆفڵ تەختی زەوی کرا ماڵی ئەوان بوو، لەسەرجادەی ابراهیم پاشا لە شاری سولەیمانی، دیارە هەر ئەو کات هەموو کەس وکارەکەی بێ سەروشووێن کران. بەداخەوە دوای گەڕانەوەی هیچ لە هەواڵی ئاگادار نیم ئەگەر لە ژیاندا مابێت یان نا!