پرسی ڕۆژ هۆکارەکانی کیشەی موچە و چۆنیەتی هاتنەمەیدانی خەڵک هاوڕێ مەحمودی حەلاق وەڵامی پرسەکەی داوەتەوە پرسی رۆژ: چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران لەنێوان دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر بەکوێ گەیشت؟
مووچە و قوت و گوزەرانی خەڵک، بەتایبەت فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠١٤ ەوە دانی مووچە کێشەی لێبڕین ودواکەوتن و نەدانی بەخۆوە بینیوە. روونوئاشکرایە کە کێشەکە زیاتر سیاسیە و لەراستیدا کێشەی سیاسی وحوکمڕانی دەسەڵاتدارانی نێوان هەردووحکومەتی ناوەند و هەرێمە. بەڵام ساتوسەودا بەگوزەران وکەرامەت وشەخسیەتی فەرمانبەرانەوە دەکەن. هەر رۆژە وبیانوو وکێشەیەکی تازەی لێدەبێتەوە.
محمود حلاق: ئێمە لەمێژە وتومانە کەمەسەلەی مووچە کایەیەکی سیاسیە لەنێوان بەغدادو هەرێمدا، ئەم کێشەیە بەردەوامەو هەتا حکومەتی کوردی وحزبەکانی هەبن ئەم گرفتە گەورەیەی
خەڵک بەشێوازی جۆراوجۆر دێتەوە پێش..
حزب وحکومەتی بۆرژوازی کوردایەتی قازانجی زەبەللاحی لەم کایە سیاسیە کەڵەکە کردووە، لەلایەک خەڵکی بەبارەمتە گرتووە بەپاساوی پوچی حکومەتی مەرکەز کەبودجەی تەواو نانێرێت هەتا ئێمە بیدەین، و بەم هۆیەوە دەستی خەڵکی شلکردۆتەوە لەدژی خۆی، لەلایەکی تریشەوە هێندە پارەی چەتەیی نەوت وغازو گومرک هەیە کەبتوانێت نەک تەنها مانگێک، بەڵکو لەتوانایدایە بۆ چەند ساڵێکیش موچەی مووچەخۆران بدات. ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتی حزبەکان، سەرەڕای ئەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵکیان بەبارەمتە گرتووە، خەڵکیان لەچاوەڕوانیداو لەناو کایەی سیاسی خۆیاندا لەگەڵ مەرکەزدا ڕاگرتووە. نەک هەرئەوەش، بەڵکو حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن هاوئاهەنگ لەگەڵ دەستەو تاقم و گروپگەلی پەرلەمانتارەکانی بەغداد لەپێناوی کورسی و دەنگی زیاتر نەک هەر بەشێکن لەم نەهامەتیانەی خەڵک، بەڵکو مووچەخۆران بەمامۆستاو کارمەندەوە دابەشیانکردوون بەسەر تیرەو تائیفەکانی ئەواندا، و بەم هۆیەوە ڕیزی سەدان هەزاری مووچەخۆران هەتا دێت لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە لەڕێگای گروپگەلی ئیسلامی و ئەندام پەرلەمانەکانی بەغداد
پرسی رۆژ: دەتوانن روماڵیکی کێشە وچارەنووسی مووچەمان بۆبکەن وبۆ خوێنەرانی بۆپێشەوەی روونبکەنەوە دوایین هەواڵەکانی ئەو پرسە چییە؟ پرسی رۆژ: بەڕای ئێوە چارەسەر چییە؟
مەحمود حەلاق: ڕوماڵکردنی مەسەلەی مووچە بەبەرچاوانەوە دیارە کەهەر ساڵەو چەند مانگ جارێک ئەم کێشەیە دەهێنرێتە پێشەوە. ئەوان خۆیان بەلێپرسراوی ژیانی خەڵک نازانن و نایانەوێت خەڵکی کوردستان لەئیستراحەتدا بژین، ئەمە بەجۆرێکە کە ڕق و تووڕەیی خەڵک لەئاستی تەقینەوەدایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەچەندین ساڵ پێش ئێستا گۆڕان و حزبەکانی هاوڕێی لەئۆپۆزیسیۆن بەرنامەی تەسلیمکردنەوەی خەڵکیان هەبوو بە قۆڵبەستراوی پێشکەشی دەسەڵاتیان کردەوە (بەناوی دابینکردنی ٤ ساڵی ئارام، کەنەوشێروان مستەفا پارتی دڵنیاکردەوە)، خەڵکی ئێجگار بێئاسۆو بێدەرەتان کردووەو هەر جارە ناجارێک ئۆپۆزیسیۆنی تر کەتاقیدەکاتەوەو ئەزانێت لەگۆڕان خراپیتر نەبن باشتر نین، بەم هۆیەوە ڕیشی خۆیان تەسلیم ناکەن بەلایەنێک تەنانەت ئەگەر ڕاستگۆو لەبەرەی خەڵکدا بێت.
بەبڕوای من یەک ڕێگا ماوەو ڕێگای دووەم نییە. ئەویش ئەوەیە کەچۆن خەڵک لەدەوری خواست و مافەکانی خۆی بەڕیزی سەدان هەزارییەوە پەیوەست بێت، و بتوانێت لەم ڕێگایەوە خۆی ڕێکخراو بکات. بەبێ خۆڕێکخراوکردنی خەڵک لەدەوری خۆی و لەژێر چەتری خۆی و لەدەوری مافەکانیدا، ئەستەمە ژیانی لەئێستا باشتر بێت. لیستی خواستەکانی کەهەر بەتەنها مووچە نییە، ئێجگار زۆرەو هەرئەوەش کیفایەتە بۆئەوەی بتوانێت لەدەوری کۆببێتەوەو بەئیردایەکی ترەوە بێتە مەیدانی ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەییەوە بۆ ڕاماڵینی ئەوان لەپێناوی زامنکردنی ژیانی ئێستای و چارەنوسی داهاتووش.