خوێندنەوەم بۆ ئەم جەنگە دڕندانەیەی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتی کۆماری سێدارە!… نووسینی: تاهیر حاجی حەسەن
جەنگی دەوڵەتی ئیسرائیل دژ بە دەوڵەتی کۆماری سێدارە، چۆن خوێندنەوەیەکی پێویستە؟ گەر هەرکەسێک لەنێو خودی مێژوودا خوێندنەوەی واقعی و زانستیانەی نەبێت بۆ پێگەی سیستەمی سەرمایەداری و توانای ناسینی یاسا دژ بەیەکەکانی ئەم سیستەمەی نەبێت، لە ڕەوتی مێژوویی خۆید، توانای ناسینی شێوازی بەرهەمهێنانی ئەم سیستەمەو ئەو پایانەی لەسەری وەستاوە نەبێت، ئەوکات ناتوانێت خوێندنەوەیەکی دروستی بۆ هەر ڕوداو یان ئاڵوگۆڕێک یان جەنگ و قەیرانەکان و چەوساندنەوەی چینایەتی و هەژمونی داگیرکاری و کێبەرکێ و ڕکابەریەکانی نێو دنیای بازاڕو بەکاڵا بونی هێزی کار، تا دەگات بەبونی داهێنانەکان کە کراونەتە موڵکی تایبەت بە کسێک و لەنێویشیدا چینێکی کەمایەتی کە بوەتە خاوەن دەوڵەت و لەوێیشەوە سیستەمێکی ڕێکخستوە لەژێر ناوی گشت کۆمەڵگەداو وایش نیشان دەدات کە ئەو سیستەم و یاساو دادگاو حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگای سەربازی و سەرکوتکارەکان، تەنها لە بۆ بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگەیە، نەک بۆ بەرژەوەندی چینێکی تایبەت ڕێکخراون. ئەوا ئەو جۆرە خوێنەر یان شرۆڤەکار یان نووسەرو سیاسی و ڕۆشنبیرانە، ناتوانن هیچکات واقعیانە شرۆڤەکانیان بخەنە نێو چەمکی مێژووییەوە. ئەم جەنگەی زیاد لە ساڵە یانی لە 7 ئۆکتۆبەری 2023 دەستی پێکرد، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس و حزبوڵای وەکیلی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئاخوندەکان بۆسەر ئاهەنگێکی خەڵکی سڤیل لە ئیسرائیل و لێکەوتە تەواو وێرانکاریەکانی لە غەزەو کوشتن و ئاوارەبوونی دەیان هەزاری و دواجاریش کوشتنی کۆی سەرکردایەتی ئەو دوو حزبە ئیسلامیە وەکیلەی ئێران و کۆتایهێنان بەڕژێمە دیکتاتۆرەکەی سوریا، بوونە ئەو دەرئەنجامەی کە پێویستی ئەو نەخشە ڕێیەی دەوڵەتی ئەمریکاو ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتدا بەشوێنیەوەن تا ئەوەی کۆی بەربەست و ڕێگریەکان لەناو ببەن، وا ئێستا چوەتە قۆناغی ڕاستەوخۆی نێو دوو دەوڵەتی تەواو دڕندەو فاشی و ڕاسیستی و کاپیتاڵیزمی چڕەوە، یانی دەوڵەتی سەرمایەداری ئیسرائیل و دەوڵەتی سەرمایەداری کۆماری سێدارەی ئاخوندەکانی ئێرانەوە، بۆخۆی، دەرهاویشتەی ئەو پێکدادان و قەیرانە قوڵ و گەورانەیە کە کۆی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەتانی ڕکابەری زلهێزانی جیهان تێیدان. ئەم جەنگە، جەنگی نێوان دوو دەوڵەت نییە بەتەنها، هێندەی ئەوەی جەنگی ناڕاستەوخۆیە لەنێوان بەرەی ئیمپریالیزمی ئەمریکاو هەردوو بەرەی ئیمپریالیزمی چینی و ڕوسیدایە. ئەم جەنگە، لەواقعدا، جەنگی دوو بەرەی ئاینی یان دوو بەرەی قەومی دژ بەیەک نییە، هێندەی جەنگێکە دژ بەخواستە ڕەواکانی چینە کۆمەڵایەتیە زۆرینەکەیە، کە بەهۆکاری قەیرانە قوڵەکانی نێو سیستەمەکەو چڕ بونەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان و پەرەسەندنی تەواوی هەژمونی کەرتی تایبەتی نیولیبراڵیزمی بازاڕ بۆ قۆرخکاری تەواو وە تەنانەت بۆ لێسەندنەوەی مافی ژیان لەو کۆمەڵگەیانەی کە ئەو کەرتە ڕوی تێ دەکات، وە لە بەرانبەریشدا، خودی سیستەمەکە خاوەن یان توانای چارەسەری نایەکسانییە کۆمەڵایەتیەکەی نییەو هەردەمیش ترسی تەواوی لە تەقینەوە جەماوەریەکان هەیە. بۆیەشە، پەنا بۆ جەنگ دەبەن و لەو ڕێیشەوە کەڵەکەی سەرمایەو وێرانکردنی زیاترو ترس و تۆقاندن و لەیەک پچڕاندنی زیاتری چینە چەوساوەکە ئامانجیانە، وایشی نیشان دەدەن کە ئەو جەنگە لە پێناو پاراستنی کەرامەتی کۆمەڵگەدایەو لەژێر ناونیشانی ئاینی و قەومیدا جێگیری دەکەن. دەوڵەتی کۆماری سێدارەو دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل و کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە، لەدوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کۆتایهێنان بەشێوازی بەرهەمهێنانی فیودالی لەو ناوچانەدا، بۆ سیستەمی سەرمایەداری، پێکهێنانی دەوڵەتی قەومی و پێکهێنانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و سەپاندنیان بەسەر گەلانی ناوچەکەدا، وەک پێویستیەکی گرنگ بینویانە، بێگومان زلهێزانی سەدەی پێشو، کە دەوڵەتی بەریتانیاو فەرەنساو ئەمریکا، لەدوای دوو جەنگە کاولکاریەکانیان کە دەرئەنجامی کۆی قەیران و ڕکابەری و دابەشکردنەوەی جیهان بوو، بۆخۆیان دروستکەری دەوڵەتانی ناوچەکەیشن. کۆماری سێدارەیش، هەر خودی دەوڵەتی ئەمریکاو فەرانسەو بەریتانیا لەپشتیەوە بوون تا ئەوەی کۆمەڵگەی ئێران لەدوای ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری شا لەساڵی 1979 دا، نەبنە خاوەن خۆبەڕێوەبەریەکی سۆشیالیستی، ئەو دەوڵەتە کۆنەپەرستە بۆرژوا دینیەیان سەپاند بەسەر گەلانی ئێرانداو زیاد لە چل ساڵە، بەدڕندانەترین شێوازی دەستی ئاگرینی نەپاراستوە لەکوشتارو برەوپێدانی کۆنەپەرستی و سزای لەسێدارە بۆ بەرەی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی نێو کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی. جا خودی زلهێزانی جیهانی سەرمایە، هەروەک چۆن یاساکانی سەرمایە دژبەیەک و کوێرن، ڕابەرانی دنیای سەرمایەش، نە هاوڕێیەتیان هەیە وە نە متمانەو باوەڕ بەیەککردن، هێندەی ئەوەی هەمیشە لەناواخندا دژ بەیەکن. چونکە قازانج و هەژمون باوک و دایکیانە. کۆماری سێدارە لەو ماوەی زیاد لە چل ساڵەدا ، بەپێی ئەوەی سەر بەڕەوتی شیعە مەزهەبن، پێگە چینایەتی و جیاوازییە چینایەتیەکانیان لەناوچەکەدا پێ شاردنەوەو ڕکابەری و ململانێکانیان لەژێر ناوی شیعەو دژ بەسونەدا برەو پێدا. زۆرترین دەستێوەردان لەناوچەکەداو پەیداکردنی جێ نفوزو تەخشان کردنی سامانی کۆمەڵگەو بەهەدەرانی زۆرترین سامان و ئابوری لەپێناو برەودان بەچەک و جبەخانەی سەربازی، بۆ ئەوەی دواتر بشبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بوونەتە ئەو هۆکارە گەورەی، وا ئێستا زەنگی مەرگی ڕژێمی کۆماری سێدارە لێدەدرێت لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە، دواجاریش، ئەو ڕژێمە توانای لەسەر پێ وەستانی نەماوەو تەواو لەنێو قەیرانی قوڵدایە، یان ئەوەیە دەبێت تەواو ملکەچی بڕیارەکانی ئەمریکا ببێت و دوور بکەوێتەوە لە میحوەری چین و ڕوسیاو کۆریای باکور، یان ئەوەتا دەبێت کۆتای پێبهێنرێت. دەوڵەتی ئیسرائیل، یانی کۆی هەژمونی بەرەی ئەمریکایە لەناوچەکەدا، بۆیە بەهەموشێوەیەک دەیپارێزێت. ئەم دوو دەوڵتە دڕو هاربووە، تا دەگات بەدەوڵەتانی ناوچەکەو کۆی ئەوەی هەر لایەک زمان درێژی بکات یان زیاد لەسنورێک بۆی دیاری کراوە، پەل بهاوێت، ئەوا وێرانی دەکەن. ئێستای دەوڵەتی ئاخوندەکان لەو قۆناغەدایەو هیچ دوور نییە، دەوڵەتی ئیمپریالیستی چین و ڕوسیا، لە گوژمەیەکدا، نەیفرۆشن و بای بای لێ نەکەن. مێژووی نێو دنیای چینەچەوسێنەرەکان پڕیەتی لەکڕین و فرۆشتن. ئەم قۆناغەیش دێتە پێشەوە، دابڕاو نییە لەنێو دنیای فرە جەمسەری دەوڵەتانی زلهێزداو هەر لەو نێوەیشدا بڕیاری لەسەر لێ دەدەن کە ملکەچ بێت یان کۆتای پێ بهێنرێت. لەو بڕوایەدام، دەوڵەتی کۆماری سێدارە لەیەک ساتدا ئەیهێڵنەوە، ئەویش گەر ئاسۆی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار گەشتبێتە ئەو ئاستەی کە سەربەخۆ دەست بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی سۆشێالیستی ببات، گەر ئاوا ئەڵتەرناتیڤێک درک پێ بکەن، ئەوا ئەوکات، کۆی زلهێزانی ڕکابەر دەست دەخەنە ناو دەستی یەکترو ڕژێمە دڕندەکە زیندو دەکەنەوەو کۆی کۆمەکی پێویستیشی پێ دەدەن، بەڵام لەنەبونی ئاوا ئاراستەیەکدا، زۆرتر ڕێگەچارە بۆیان کۆتایهێنانە بەڕژێمی ئاخوندەکان و جێخستنی شێوازی بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەت دەبێت لە ئێرانداو ئەوکاتیش، هاوشێوەی عێراق و سوریاو ناوچەکە، دەرفەت بەناوی ئازادیەوە، بۆ بۆڵەبۆڵ و جنێودان و فرە میدیای و دا
ڕزانی کۆمەڵگە زیاتر دەبێت و نامۆبونیەکان دەیان جار زیاتر دەبێت لەنێو ژیانی چینە کۆمەڵایەتییە زۆرینەکەدا. سیستەمی سەرمایەداری بەپێی پێشوەچونە زۆرەکانی لەکۆی بوارەکاندا، نەک بوەتە مایەی بەختەوەری بۆ ژیانی دانیشتوانی ئەم سەر زەمینە، بەڵکو بەتەواوەتی بوەتە بەڵایەکی تەواو مەینەتی بۆسەر ژیانی زۆرینەکە لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا، بۆیەشە، هیچکات لەنێو ئەم سیستەمە چەوسێنەرو پڕ لەنایەکسانیەدا، ناتوانرێت چاوەڕێی ژیانێکی پڕ لەکەرامەت و یەکسانی و ئازادی فەراهەم بکرێت، ئەویش بەو هۆکارەی کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایە، خۆی لەسەر بنیاتنانی چەوساندنەوەی چینایەتی ڕاوەستاوەو لەم زەمەنی دەست کراوەیەی هەژمونی بازاڕو دنیای نیولیبراڵیزمیشدا کە نزیک بەنیو سەدەیە پەل دەهاوێژێت و ڕێگریەکانی بەردەمی وردوخاش دەکات، هیچ کات چاوەڕێی کۆتایهێنان بەجیاوازیە چینایەتی و قەومی و دینیەکانیش ناکرێت، هێندەی ئەوەی ئەو جیاوازیانە قوڵتر دەکرێنەوەو قۆرخکاری و هەژمونداری کەرتی تایبەت و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان خۆیان دەسەپێنن و ڕوتانەوەو تاڵانی سامانی کۆمەڵگەکانیش لە برەودان دەبێت و ئاسۆی بێ ژیانی لەنێو ژیانی زۆرینەکەدا برەوی زیاتری پێ دەدرێت!! ئەم جەنگەی ئێستایش لەو پێناو ئامانجەدایە…