گۆرانی ومۆزیکای کوردی و بەهای ژن… نووسینی: نەجم محەمەد

0

ئەگەر بە وردی سەرنجی گۆرانی ومۆزیکای کوردی بدەیت وخوێندنەوەیەکی ورد بۆ تێکست وناوەڕۆکی گۆرانیەکان بکەیت، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کەزۆرێک لەوگۆرانیانە پڕیەتی لە سوکایەتیکردن بەبەهای ژن، بە بەهای مرۆڤ، بەبەهای خۆشەویستی وهتد. زۆرێک لەوگۆرانیانە هاڵاوی  فەرهەنگی پیاوسالاری لێ هەڵدەستێت و وەک مرۆڤ ناڕوانێتە ژن، بەڵکو وەک کاڵاو لەش و سێکس وئامێر دەڕوانێتە ژن، بەداخەوە هەمان ژەهری فەرهەنگی پیاوسالاری نێو کۆمەڵگە گوازراوەتەوە بۆنێو هونەری گۆرانی ومۆزیکای کوردی وڕەواجی پێ دەدرێ و بەگۆرانی وئاوازو مۆزیکاوە دەرخواردی خەڵکی دەدرێ وناوی لێنراوە هونەر .

لەهەندێک لەوگۆرانیانەدا ژن بە پلە دوو بەدەستی دوو وێنا دەکرێ و دونیایەک سوکایەتی بەبێوەژن!! دەکرێت وباسی فرەژنی دەکرێ و بەڕەوای دەزانێت ئەمە لەکاتێکدایە کەوەزیفەی هونەرو هونەرمەند، گەڕانەوەی بەهاو شکۆیە بۆ مرۆڤ، بۆ ژن، لەڕێگەی هونەرەوە، نەک گواستنەوە وبەرهەمهێنانەوەی فەرهەنگی دزێوی پیاوسالاری سەرلەنوێ لە هونەردا .

بەداخەوە  هەندێک هونەرمەند بیرکردنەوەیان لەئێستادا هێشتا بیرکردنەوەی سەردەمی فیوداڵی تێنەپەڕاندووە.

دیارە زۆربەی هەرەزۆری گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان وگۆرانییە دانراوەکان لەلایەن پیاوە دانراون وبەهەستێکی پیاوانەوە، نەک هەستێکی مرۆییانە و بەدانسفە دەبینیت، یان دەبیستیت، گۆرانیەکی فۆلکلۆری یان دانراو ژن داینابێت و ژن بەهەستێکی مرۆییانەی ژنانەوە گوتبێتی، ئەوی تری هەر هەمووی پیاو دایناون وهاڵاو وهەستی پیاوسالاری تیادا زاڵە.

بەداخەوە وەک هەرکایەیەک لەکایەکانی تر لەهونەری گۆرانی ومۆزیکاشدا فەرهەنگی پیاوسالاری حاکمە. بەداخەوە زۆرێک لەژنانی گۆرانیبێژ دێن، ئەوانیش بەهەمان هەستی پیاوسالاری گۆرانی دەڵێن وەک پیاو بەبەژن وباڵای ژندا هەڵدەدەن وهەندێ جاریش سوکایەتی بەبەهای ژن دەکەن. بەداخەوە هەندێ لەفیمینست و چالاکوانانی ژنانیش لەشای وئاهەنگ وموناسەباتەکاندا بەدەم ئەم گۆرانیانەوە هەڵدەپەڕن وزۆرجار سەرچۆپیەکەشی لێ دەگرن .

من پێم وایە لەئێستادا دەبێت گۆرانیبێژان ومیوزیکیەکان گۆرانی ومیوزکی کوردی پاککەنەوە لەفەرهەنگی پیسی پیاوسالاری و لەبری ئەو فەرهەنگێکی جوانی مرۆیی دابنێن کەوەک مرۆڤ بڕوانێتە ژن، چونکە نەشازبوون هەرلە دەنگ ومۆزیکا وڕیتمدا نییە، بەڵکو لەتێکست و ناوەڕۆکیشدا نەشازی هەیە، بۆنموونە ئەمە چەند نموونەیەکە لەو دەیان و چەندان نموونەی تێکستی نەشازی پیاوسالاری لەگۆرانی کوردیدا:- 

بێوەژنە دەستی دووە

هەفتەیەکە شووی کردووە

بڕوانن ئەم تێکستە نەشازە، چۆن وەک سەیارەو کەلوپەل و کاڵا وێنای ژن دەکات .

 

ئەشێ بۆم بێنن، چواردە دانە ژن

حەوتیان گەورەکچ، حەوتیان بێوەژن

 

بڕوانن ئەم تێکستە نەشازە چۆن ڕەوایی دەدات بەفرەژنی و ژن وەک کەنیزەک وکۆیلەو لەش و سێکس وێنای ژن دەکات، ژن پۆلێن دەکات بۆ کچ و ژن وبێوەژن.

بەوخاڵانەی دەوری لیمۆت

دایکت ماچکەم یانە بۆخۆت

 

بڕوانن ئەم تێکستە نەشازە چۆن سوکایەتی دەکات بەخۆشەویستی و ژن بێ بەهادەکات.

 

شووت نەکرد بەمن گوتت نەبوونە

شووت کرد بەکابرا دەڵێی مەیموونە

 

بڕوانن ئەم تێکستە نەشازە چۆن سوکایەتی  بەمرۆڤ و ئاژەڵ دەکات وچۆن ئازادی ژن بێ بەها دەکات .

ئەمانەو چەندان نموونەی تری تێکستی نەشازو ژەهراوی فەرهەنگی پیاوسالاری هەن بەداخەوە زۆرێک لە گۆرانیبێژان لەگۆرانیەکانیاندا بەکاری دەهێنن وناویشی لێ دەنێن هونەر. بەلای منەوە ئەمە ژەهرە نەک هونەر.

Leave A Reply

Your email address will not be published.