وەڵامی فیدڕالیزم، ئیسانیەت و یەکگرتویی ئیرادەی هاوبەشی ئێمەیە!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

جوڵانەوەی ئێمە مامۆستایان و پەرەستاران و کارمەندان لە کوردستان لە پێناو ژیانە، لە پێناو ژیانێکی شایستەی مرۆڤی ئەمڕۆیە. ئەگەر ئەو کۆمەڵگەیە هێشتا بەپێوە ڕاوەستاوە، ئەگەر پەروەردە و خوێندن هێشتاکەش ماوەتەوە و خەستەخانە و خزمەتگوزاری تەندروستی دەچەرخێ و خزمەتی کۆمەڵگە و بەوانەی پێویستیانە پێشکەش دەکەن، ئەگەر شار و گەڕەک هێشتا لە پیسی و زبڵدا نقوم نەبووە، بە کورتی ئەگەر هێشتا بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی لەگەڕدایە و وەڵامی نیازەکانی کۆمەڵگە دەداتەوە، بەرهەمی کار و زەحمەتی ئێمە، کرێکاران و کارکردوانی کۆمەڵگەیە.

بۆیە  حەقمانە کە لە نیعمەتەکانی بەری کار و زەحمەتی خۆمان کەڵک وەرگرین و حەقمانە کە لە کەڵک وەرگرتن لە بەروبومی کاری کۆمەڵایەتی خۆماندا بەشداربین. مافی خۆمانە کە سەرکز و بێچارە و بێ ئیرادە نەبین لەبەرامبەر چارەنوسی خۆمان تەنیا بە هۆی ئەوەی کەمایەتیەکی زۆرداری بۆرژوا سەروەتی کۆمەڵگەیان دەست بەسەرداگرتوە. حەقمانە کە ئەم مەنتیقی دەستدرێژی و بیحورمەتیەی ئەم کەمایەتیە زۆردارە بێکەڵکە قبوڵ نەکەین.

هیچ خەباتێک لەو خەباتە بەرحەقتر و شەرافەتمەندانەتر نییە کە لە زاتی خۆیدا لە پێناوی ژیانێکی شەرافەتمەندانە و خۆشگوزەرانە، هیچ خەباتێک لەو خەباتە بەرحەقتر نییە کە لە دژی بەبارمتەگرتنی نان و کرێ و مافی ئەو کار و زەحمەتەیە کە ئێمە دەیکێشین، لە پێناو لەسەرپێ ڕاگرتنی هەمان ئەو ئاستەی ژیان و مەدەنیەتی کۆمەڵگە. ئەم جوڵانەوەیە جوڵانەوەیەکی بەرحەقە و فیدڕالیچیەکانی عێراق و کوردستان بۆ سەدەمین جار نیشانیاندا کە جگە لە درۆ و سەرکوت و شەقاوەگەری لەبەرامبەر مرۆڤایەتیەک کە خەریکە بەرگری لە ژیان و نان و ئاسایش و خۆشگوزەرانی خۆی دەکا، وەڵامێکی تری پێ نییە.

ئەم بەبارمتەگیری و ئەم شەقاوەگەریە قبوڵ ناکرێ و ئێمە چارەیەکی ترمان نییە جگە لەوەی بە خەباتی یەکگرتوانەی خۆمان ئەم کەمایەتیە زۆردارە کۆنەپەرەستە ناچار بکەین بە پاشەکشە لە جۆرە مامەڵەیە و دەستیان لەسەر ژیان و گوزەرانی خۆمان کورت بکەینەوە.

 بەڵام بۆ ئەمە دەبێ یەکگرتوبین و ئەگەر هێز و ئیرادەی ئێمە ئەو لێشاوە گەورەیە مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشە یەکگرتو بێت، ئەم کۆنەپەرەستیە لەوە زەبونترە کە دەرەقەتی بێت.

هێزی ئەوان لە پەرش و بڵاوی و پارچەپارچەکردنی ئیرادە و هێزی ئێمەدایە. ئەو شتەی کە توانا و جورئەتی ئەوەی بەو هێزانە داوە کە بەم شێوەیە و لەو ئاستەدا ژیانی ئێمە و کرێ و موچە و ماف و ئازادیەکانی ئێمە بە بارمتە بگرن، یەکگرتوونەبوونی ئیرادە و هێزی ئێمە و پەرش و بڵاوی ڕیزەکانی ئێمەیە.

ئەگەر ئەم کۆمەڵگەیەو ئەم جەماوەرە کرێکار و زەحمەتکێشە لە شار و گەڕەک و دێهاتەکانیدا، لە فەرمانگە و قوتابخانە و کارخانەکانیدا شورا و ئەنجومەنەکامی خۆیان هەبوایە و ئەگەر خاوەنی ئەو کەسایەتی و ڕابەرە ڕادیکاڵە جەماوەریانە بوایە کە خۆیان هەڵقوڵاوی ئەم کۆمەڵگەیە و خەباتێکی ڕەوای کرێکاران و بێبەشانن، ئەم کەمایەتیە جورئەتی ئەوەی نەدەدکرد کە بەم جۆرە ڕەفتار لەگەڵ ژیانی ئێمە، ئاسایش و خۆشبەختی و ئازادی ئێمە بکا.

ئەوان پێشوەخت و لە یاسا و دەستوریاندا، ناسنامە و پێناسەی ئینسانی ئێمەیان پارچەپارچە کردوە، مرۆڤایەتی ئێمە و جەوهەری هاوبەشی مرۆڤانەی ئێمەیان دەستکاری کردوە و بە پێی چەندین ناسنامەی پوچی عەرەبی و کوردی و سوننی و شیعی و تایفی دابەشیان کردوین تا مرۆڤایەتی ئێمە بتاسێنن لە ژێر ئەم ناوە پڕوپوچانەدا. تا بە ئارەزوی خۆیان و کەی ویستیان، یاری بە ژیانی ئێمە بە موچە و کار و گوزەرانی ئێمەوە بکەن. پارچەپارچەکردنێکی کۆنەپەرستانە کە ناوی فیدڕالیزمە.

فیددڕالیزم هەر بە تەنێ بۆ بەش بەشکردنی ناسنامەی هاوبەشی مرۆڤایەتی ئێمە نییە،  بەڵکو بۆ پارچەکردنی ڕیزەکانی ئێمە و خەباتی چینایەتی و ڕەوای ئێمە بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە و زۆرداری و کەڵەگایی چینی دەسەڵاتدارە و بە کورتی فیدڕالیزم موسادرەکرنی پێشوەختەی ئیرادەی سیاسی و ئینسانی ئێمەیە و پیلانێکی حەقیرانەی چینی دەسەڵاتداری ئەمڕۆیە بۆ ئەوەی بتوانن ئەم هەلومەرجەی ئەمڕۆ بسەپێنن.

 فیدڕالیکردنی موچەی پێنج میلیۆن لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش تەنیا گۆشەیەکە لە پیلانی پیس و کۆنەپەرەستانەی فیدڕاڵیزم خۆی.

ئەم پیلانەی پارپارچەکرنە کۆنەپەرستە فیدڕالیستیەی ئێستا، وەڵامەکەی یەکگرتویی ئێمە و هاوپشتی و هاودڵی  چینایەتی ئێمە و ڕێکخراوبوونی ئیرادەی مەزنی ئیسانیەتی ئێمە و ڕەتکردنەوەی ئەم پارچەکردنە و ئەم فیدڕالیزمە شومەی ئێستایە.

ئەم وڵاتە سەرزەمینی مرۆڤایەتی و هاوڵاتیانێکە کە ژیانی شایستەی مرۆڤ و یەکسان و ئازادیان دەوێ و لە پێناو هەر ئەندازەیەکی زیاتری ژیانێکی مرۆڤانە و خۆشبەخت کار دەکەن و هەڵدەسوڕێن و ئەو پێداویستیانەی کە بۆ ئەو جۆرە ژیانە پێویستە دەخوڵقێنن، نەک مەملەکەتی دارودەستە و ملوک الطوائيفى كۆنەپەرەستی نەتەوەپەرەست و دینی و تایفی لە هەولێر و سلێمانی و بەغداد.

Leave A Reply

Your email address will not be published.