سوپاسەکان بۆ ئێوە، ئێمە موچەمان دەوێت!
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی!! هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، کە ٢٥ حوزەیران ئەنجامیدا، لە پەیوەند بە پرسی موچەوە سوپاسی خەڵکی کوردستان و موچەخۆرانی کرد بۆ خۆراگریان. بارازنی لە بەخشینی سوپاس بۆ موچەخۆران تابڵێی دەست بڵاوەو لەهەموو دیمانەو کۆنفرانسە رۆژنامەگەرییەکان و لێدوانەکانیدا، سوپاسی فەرمانبەران دەکات، لە کاتێکدا فەرمانبەران لە وەرگرتنی سوپاسدا تێرن، بەڵام بەهۆی بێ موچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، برسی و لەژێر مەنگەنەی سەختی ژیان و گوزەراندان. مەسرور بارزانی و بەرپرسە دەستڕۆشتوەکانیان لە حزب و حکومەتدا!! لە کاتێکدا باش دەزانن سوپاس و باسی کەرامەت، سکی برسی کەس تێر ناکات و ویستی هیچ مناڵێک لە دایک و باوک و سفرەی بێنازی هیچ خێزانێک وەڵام ناداتەوە، کەچی لەهەموو کۆبونەوەیەکدا لەلایەکەوە سوپاس دەبەخشنەوە و لەلایەکی ترەوە باس لە هەوڵدان بۆ بەرگری لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و بەردەوامی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، دەکەن. ئەم سوپاس بەخشینەوە و هەوڵ لەگەڵ بەغدا بۆ ڕیکەوتن و چارەسەری پرسی موچە زیاتر لە ١٠ ساڵە درێژەی هەیە، کەچی نەسوپاسەکان و نە هەوڵەکانی سەرانی هەرێم، بەجێگایەک نەگەیشتن و بن بەستن. بارزانی و بەرپرسەکانی هەرێم، لە کاتێکدا هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانی کوردستانیان لە دەستدایە و دەتوانرێت لەو داهاتانە موچەی فەرمانبەران دابین بکەن، خۆیان دەدزنەوەو ئولفەتیان بە بەغداوە گرتووە، دەیانەوێت بودجەی بەغدا، بۆ فەرمانبەران وداهاتی نەوتی و نانەوتی ناوخۆیی، بەتەواوەتی بۆخۆیان بێت… کاتێک لەگەڵ بەغدا توشی کێشە دەبن، ئامادەنین لە داهاتی ناوخۆ موچە دابەش بکەن… جیا لەوانە هەموو بەرپرسانی هەرێم پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە لە ماوەی دوو ساڵدا زیانی ٢٥ ملیار دۆلار بە داهاتی عێراق گەیشتووە، کەچی دوای نزیک بەدەساڵ لە فرۆشتنی نەوت نەک داهات دیار نییە، بەڵکو هەرێمیان خستۆتە ژێر قەرزێکی نزیک بە ٣٠ ملیار دۆلاری. تەنانەت لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاغ دەفرۆشرێت، کەچی داهاتی ئەو نەوتە دیار نییەو دەچیتە گیرفانی حزب و بنەماڵەو بەرپرسەکان. لە دۆخێکی ئاوادا کەبەرپرسانی حزبی و حکومی و بنەماڵەی دەسەڵات خۆیان و بنەماڵەکانیان، لەو پەرێ نازو نیعەتدا دەژین و بوونەتە ملیۆنیر و ملیاردێر، تەنها سوپاس و هەوڵ لەگەڵ بەغدا بۆ ڕیکەوتن بەیان دەکەن و شکۆ و کەرامەت، وەکو بەدیلی موچە و دابەش کردنی بەدەستەوە دەگرن. لەوەش زیاتر هیشتا داوای خۆراگری لەخەڵکی کوردستان و سەبر و پشتوانیان لێ دەکەن، بێ ئەوەی خۆیان ئامادەبن، دەست لە دەست بەسەراگرتنی داهات و دزی و فرۆشتنی نەوت بە قاچاغ هەڵبگرن.
خەڵکی کوردستان و موچەخۆرانی، کە قوربانی دەستی دەسەڵاتی حزبۆکراتی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیانیانن، پێویستە بەکردەوە و بە هاتنە مەیدانیان وەڵامی فریوکارییەکانی دەسەڵات و دزیییە چەند سەرەکانیان بدەنەوە و لەسەر هیڵ و ئاراستەی کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە خەبات و تیكۆشانیان یەک بخەن و فراوان بکەنەوە. لە ژێر ئاسۆی رزگاری یەکجارییدا کۆببنەوە و هەنگاوەکانی سپاردنی ئەم دەسەڵاتە بە میژووی تاوانکارانەیان بسپیڕن…
بۆپێشەوە