رێگری لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ناتوانێت پاشەکشە بە بزوتنەوەی ڕەوای فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان بکات!
موچەخۆرانی کوردستان، بۆ داوای مافی زۆر سادەی خۆیان کە موچەیە، بریار بوو رۆژی ٢٦ حوزەیران خۆپیشاندانێکی مەدەنی سازبدەن، بەڵام لە جێگای ئەوەی دەزگا ئەمنیەکان بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ و پاریزگای لەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە بکەن، لە رێگای بڵاوپێکردنی ژمارەیەکی زۆری ئاسایش و پۆلیس، نەک تەنها ڕیگریان لە ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە گرت، بەڵکو ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوراوانییان دەستگیر کرد و کەوتنە ئازاردانی ژمارەیەکیشیان…
پاساوی ئەم مامەڵەیەی دەزگا ئەمنیەکان نەگونجانی دۆخەکەو بوونی زانیاری بووە لەسەر ئەوەی کە کەسانێک هەن دەیانەوێت گرژی دروست بکەن و ئاژاوە بنێنەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە خودی دەستگیرکردنی پیش وەختەو میلیتاریزەکردنی شار خۆی ئاژەوەگێری و سەرچاوەی دروستکردنی گرژییە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە، هاوکات ئەگەر هەواڵیكی لەچەشنی ئەوەی کەسانێک دەیانەوێت توندوتیژی بنوێنن، رێگاکەی ئەوە بوو ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن و توشی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە، نەک سزای فەرمانبەران و چالاکوانە مەدەنیەکان بدرێت و رێگە لە خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین بگیرێت…
کیشەی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان، کیشەی سەرجەم خەڵکی بێبەشی کوردستانە و هەردوو دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان لە حکومەتی کارتۆنی و دیکۆردا، بەرپرسی ئەم کێشەیەن. کەچی لە جێگای ئەوەی بەدوای ریگەچارەیەکی کارسازدا بگەرێن و لەو هەموو داهاتەی لە ڕیگای جۆراو جۆرەوە دەستیان دەکەوێت، پرسی موچە چارەسەر بکەن و چیتر چاوەروانی هاوبەشە گەندەڵ و دزەکانیان لە بەغدا نەبن، رێگا لە خۆپیشاندانیان دەگرن و رێگای سەرکوت و زیندان بەدەستەوە دەگرن.
دیارە هێز گەلێکی سیاسی کە بۆ زیاتر لە سێ دەهەیە دەسەڵاتدارێتی هەرێمن، نەتوانن ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان زامن بکەن و سەرەتاییترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن و لەوەش زیاتر خۆیان ببنە مۆتەکەو ئەندازیاری دزینی قوتی هاوڵاتیان و هەرزان فرۆشکردنی خزمەتگوزارییەکان، نابێ هیچ چاوەروانیەکیان لێ بکرێت لەوە زیاتر کە لەلایەکەوە خۆیان لە دابینکردنی موچەی موچەخۆران بدزنەوە و لەلایەکی تریشەوە هیزی چەکداری قارەمانیان!! بەر بدەنە فەرمانبەرانی برسی کراو جەماوەری بێبەشی کوردستان.
ریگری لە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی فەرمانبەرانی کوردستان و دەستبردن بۆ دەستگیری و سەرکوت و ترساندن، نەک رێگایەک بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتییەکان و پاشەکشەپیکردنی نییە، بەڵکو بەنزین کردنە بە ئاگری تورەیی موچەخۆران و خەڵکی کوردستاندا و بەهیز کردنیەتی، ئەگەر فەرمانبەران پیشتر نارەزایەتیان بەرووی بێ موچەیی و لە پێناو موچەدا بوو، ئیستا نارەزایەتییەکان بەدژی سەرکوت و دەستگیری و قفڵکردنی ئەو پەراوێزی ئازادیەیە، کە لە بنەرەتدا بەرهەمی خەبات و تیکۆشانی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و راماڵینی بەعس، ئەزمونێکی لە بیر نەکراوە.
چ موچە و خزمەتگوزارییەکان و چ مافی کۆبونەوە و خۆپیشاندان و نارەزایەتی، مافێکی هەرە سادەی جەماوەری خەڵکی کوردستانەو لە رێگای سەرکوت و زیندانەوە، بە جێگایەک ناگات.
فەرمانبەران و سەرجەم جەماوەری نەداری کوردستان، پێویست دەکات نارەزایەتی و کۆبونەوە و خۆپیشاندانەکانیان، بە جیا لەناو جەرگەی شارەکان، بگوازنەوە بۆ بەردەم بارەگا سەرەکیەکانی حزب و بنەماڵەو هاوکات لە رێگای ریگری کردن لە دزینی نەوت و داخستنی خاڵە سنورییەکان، شادەماری دەسەڵات بگرن… ئەم دەسەڵاتە تا گوشار لەسەر خۆیان و سەرچاوەکانی داهات و سامانیان دروست نەبێت، دەست لە دزی و تاڵانی و بیمافی فەرمانبەران و جەماوەری کوردستان هەڵناگرن.
بۆ ئەوەی بتوانرێت دەسەڵات ناچار بەوە بکرێت بیتە سەر خەت و وەڵام بداتەوە، پیویستە فەرمانبەران هاوئاهەنگ بن، پشتیوانی چینی کرێکار و زۆرتری کۆمەڵگە زامن بکەن، لە رێگای جۆراو جۆرەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو ستەمەی لەسەریانە ئاگادار بکەنەوە، خۆیان رێکخراو بکەن و هاوئاهەنگی لە نێوان شارو شارۆچکەکان دروست بکەن و دەست بۆ دروستکردنی رێکخراوەی سەربەخۆی خۆیان ببەن و وەڵامی درۆ و پاساوەکانی دەسەڵات و بەهرەبەرداری ئۆپۆزیسیۆنی بودەڵەی بۆرژوای بدەنەوە.
بۆپێشەوە