ئاینندەی کۆماری ئیسلامی!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

کۆماری ئیسلامی لەم گەڕەی کێشمەکێشی لەگەڵ ئیسڕائیل و ئەمریکا بە جۆرێک لە دەستکەوت هاتە دەرەوە و گومانیشی تێدا نییە کە هەرچی لە دەستی دێت دەیکات بۆ ئەوەی ئەم هەلومەرجە بەکار بێنێت بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی لەبەرامبەر کۆمەڵگە و بەشەرییەتێک کە بە تەواوی وجودی خۆی خوازیاری سەرکەوتن و ڕزگار بوونە لە کۆماری ئیسلامی. بەڵام ئەوە بە هیچ جۆرێک مانای ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی یان بتوانێ لەو حەتمیەتە وجودیانەی کە لەگەڵی دەرگیرە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕابکا. ئیسڕائیل و ئەمریکا بەو گەڵەگایی و ملهوریەی کە پیادەیان کرد، بە جیا لەهەر ئاکامێکی تری ئەم  مڵهوڕیەیان, ئەو دەرفەتەیان بۆ ماوەیەکی کورت بۆ کۆماری ئیسلامی کڕی.

ئەوەش  ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامی لە کورتماوەدا ئەو هاوسەنگیە و ئەو سەرکەوتنە نیوە و ناچڵەی کە شەڕی دوازدە  ڕۆژەی ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆی ڕەخساند، بەکاردێنێ بۆ کۆکردنەوەی ناو ماڵی شەق و شڕ و داغانی خۆی لە بەرامبەر دوژمنە هەرە گەورە سترتیژیەکەی خۆی کە بزوتنەوەی سکولار و ئازادیخوازی گەورەی ئێرانە بۆ ڕزگاری لەو کابوسە. بەڵام بە لەلەبەرچاوگرتنی واقیعیەتی بنبەستێکی سەخت و بێچارەسەری کۆماری ئیسلامی، هیچ نەفەس بەربەرهاتنەوەیەکی کورتمەودا و هاشوهوشێکی سەرکەوتن و موقاوەمەت و ئوممەتی ئیسلام و لەناوبردنی ئیسڕائیل و شەیتانی گەورە و ئەم سەرو ئەو سەرکردنێک ناتوانێ ئەو ڕژێمە دینیە لە کابوسی ئەو حەتمیەتانەی کە لە جەرگەی کۆمەڵگەی ئێراندا پێکهاتون و هەموویان ڕێگە دەبەنەوە سەر پێویستی فەنابوونی ئەم کابوسە، ڕزگار بکا.

مێژووی واقیعی ئەو کۆمارە هەر لە سەرەتای هاتنەبوونیەوە تا بە ئەمرۆ مێژووی ڕاکردن بووە لەو حەتمیەتانە. شکستی ئیدیئۆلۆژیکی ئەم ڕژێمە لە بەرامبەر هێرش و پەلاماری سکولاریزمی کۆمەڵگە، ئێستا و ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوای شکستی پڕۆژەکانی ڕەفسجانی و خاتەمی و پڕۆژەی سەوزەکان و جوڵانەوە و تۆفانە گەورەکانی وەک “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەر کات ڕاشکراوترە و کاریگەرییەکانی لەسەر پەیوەندی ئەو ڕژێمە بە خەڵکەوە و لە هەڵسوکەوتی لەگەڵ مەسەلەکانی وەک حیجاب و شێوەکانی دەرکەوتنی متمدنانەی خەڵک زۆر بە قوڵی دەرکەوتوە. ئەم ئاڵۆگۆڕە ئەم فەلەجە ئیدئلۆژیک و قوڵە،  بێ گەڕانەوەیە.

٢٧.٦.٢٠٢٥

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.