نوێژەکەی پارکی ئازادی بۆ عەفرین نەبوو…

0

نوێژەکەی پارکی ئازادی بۆ عەفرین نەبوو…

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

بەرواری ٩ ئەم مانگە لەسەر بانگەوازی چەند مەلای جبەدارو مەلای بۆیناباغ لەمل و چەند چالاکوانێکی بەرگری کەر لە “سەوابیتی ئیسلامی” لە ژێر ناوی بەرگری لە عەفرین و هاوخەمی نیشاندان بۆیان… نوێژی هەینییان لە مزگەوت” ماڵی خواوە” گواستەوە بۆ سەکۆی پارکی ئازادی. گواستیانەوە بۆجێ نزرگەو گڵکۆی شیرکۆ بێکەسی شاعیرو پارکی گەورەی لاوان و شوێنی پشودانی هاوڵاتیانی شار…

دوای ئەوەی زیاتر لەچەند هەزار مزگەوتی تورکیا، بوونە شوێنی فاتیحا خوێندن و سەکۆی نزاکردن بۆ سەرکەوتنی سوپای رژێمی ناسیونال/ئیسلامی داعشی تورکیا، لە کاردانەوەیەکی هاوشێودا ژمارەیەک مەلاو نوسەرو چالاکوانی میشك مەیوو قفڵدراوی ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نوێژ کەری برسی و بێ موچە و زوڵملێکراویان، راپێچی سەکۆی پارکی ئازادی کرد، تا گوایە… نزا بۆ سەرکەوتنی شەرڤانان، بکەن و هاوخەمی بۆ خەڵکی عەفرین و رۆژئاوا نیشان بدەن.

ئەم رەفتارەی پێش نوێژان و ئەو ژمارە چالاکوانە بۆ بردی خەڵکی بۆ پارکی ئازادی و خوێندنی نوێژی هەینی لەو پارکە، هاوشێوەی هەمان نوێژی سیاسی بوو، کە لە شوباتی ساڵی ٢٠١١ دا، لەخۆپیشاندانەکاندا، گرتیانە بەر و هەمان کاری ئیخوانەکانی میسریان دوبارەکردەوە، تا لەو رێگایەوە پەیامی هاوپشتی و هاوخەمی بۆ برا ئیخوانیەکانیان لە میسر و بۆ دزینی شۆرش، نیشان بدەن…

لەعەفرین و کانتۆنەکانی رۆژئاوا، یاسای مۆدێرن پەسەند کراون، ژنان و پیاوان هاوشانی یەکتری بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانیان دەکەن، یەکسانی ژن و پیاو مەرسومی پێشکەوتنخوازیانە، مافی هاوڵاتی بوون، لە جێگای مافی ئتینکیییە، لە جیگای ناسنامەی دینی و مەزهەبییە، لەوێ سیستەمی خۆبەرێوەبەری لە خورەوە بۆ سەرەوە پەیرەو دەکرێت.

لە کوردستان و لە ژیر سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا، سەرچاوەی یاساکان شەریعەت” قورعان و حەدیس”ە. ژن بەزەعێفە و لە پەرلەمانەکەیان فرە ژنی یاسای لە پشتە، بیمافی ژنان بە پێی یاسا فەرمی کراوە، لە ژیر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا ژنان لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر جەنگ روویدا رایان دەسپێرن ناوساجی بۆ بەرەکانی شەر دروست بکەن. لەلایەن دەسەڵات و مەلاکان و ئیسلامیەکانی کوردستانەوە ژنان زەعیفەن و توانای شەر و هێزی پیاوانیان نییە… لە کوردستان لە جیگای هاوڵاتی بوون، “کورد” بوون تاکە ناسنامەی شانازییە و هاوڵاتیانی غەیرە کورد دنیاش هەستێت ناتوانن نەک ببنە سەرۆک و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و پارێزگار وقایماقایمێک، ناتوانن ببنە مدیر ناحیەیەک و پلەیان لە خوار برایانی” کوردە”وەیە. لە کوردستانی مەلا رێپیدراو چالاکوانانی پارێزەری” سەوابیتی ئیسلامی” دینی ئیسلام، دینی بە رەسمی ناسراو و خەڵکانی خاوەن دین و مەزهەبەکانی تر، پلەیان لە خوارترو زۆرجار جێگای بیرێزن. کەسانی بێدین و ئاتەئیست، لە زۆر مافی سادە بێ بەشن. ئەوە ئەگەر توشی هەرەشەو سزای دنیای دەسەڵاتیش نەبن…

لە کوردستاندا، لە جێگای سیستەمی خۆ بەرێوەبەری و هەڵبژاردنی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، سیستەمی پەرلەمانی و لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەیە. ئەم سیستەمی نوێنەرایەتیە هەر چوار ساڵێک یان زیاتر دوبارە دەبێتەوە، و موچەی ئەندامەکانی ئەگەر پەرلەمانەکەش دابخرێت، دەیان بەرابەری موچە کرێکار و کارمەند و مامۆستاو موچەخۆران و ئەو ئینسانانەیە کە کۆمەڵگە لەسەر شانی ئەوان دەچەرخێ.

ئەگەر مەلاکانی کوردستان و ئەو نوخبە چالاکوانە ئیسلامیەی، هاوغەمی خەڵکی رۆژئاواو عەفرینن، نزا بۆ سەرکەوتنی شەرڤانان دەبەنە پارکی ئازادی، خێرە بەرگری لە مەرسومی یەکسانی ژن و پیاو ناکەن و  دژی دەوستنەوە و وەستانەوە؟ لەکاتی هاتنی داعش و حەشدی شیعی و عەبادیدا، بانگەوازی ژنان ناکەن لەگەڵ پیاواندا بچن بۆ بەرەکانی جەنگ و بەرگری بکەن و چیتر بە چاوی کەمترو بی تواناتر سەیری ژنان ناکەن؟ یان بۆچی مافی هاوڵاتی بوون بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە، بێ لەبەرچاو گرتنی قەوم و دین ومەزهەب، دیندارو بێ دین بە فەرمی ناناسن و کورداندن و ئیسلاماندن… جیگاشانازیتانە؟ ئەگەر عەفرین جیگای شانازی و هاوغەمییە، بۆچی لە جێگای دەسەڵاتی پەرلەمانی کارتۆنیدا، هاوارو نزا!! بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆ بەرێوەبەری لەخوارەوەی جەماوەری ناکەن؟

   ئەو نوێژەی برایە سەکۆی پارکی ئازادی و نوێژی سیاسی بوو، بەمەبەست بوو تا کەشی سلیمانی لیخن بکەن، فەزای ئیسلامی بگوازنەوە و تەنانەت ئەو شوێنەی کەمێک ئازادی تیاهەیە، بە قیرەی مەلای کرێگرتەو بەلاشخۆر و بەرگری چیانی” سەوابتی دینی” هەراسانی بکەن. بۆ ئەوە بوو لەجیگای دەنگ و موسیقای و گۆرانی هونەرمەندان، کە شیرکۆ بێکەسی شاعیر بەر لەمردنی راسپاردەی بوو، خشەی جبەی مەلاو رشانەوەی چالاکوانانی کۆنەپەست، ئەو کەش و ویستەی شیرکۆ، بلەوتینن… بەڵی گواستنەوەی ئەو نوێژە بۆ سەرکەوتنی عەفرین و نزا بۆ شەڤانان و هاوسۆزی بۆ جەماوەری ژیر بۆمباباران و هیرشی رژێمی فاشیستی و ئیخوانی و داعشی توکیا نەبوو، نمایشی مەلاو ئیسلامیەکان بوو، بۆ زاڵکردنی کەشی کۆنەپەرستی بەسەر شاردا، کەشیک کە لە کۆبانێ و کانتۆنەکان بە بەرەسمی ناسینی مافی تاک و هاوڵاتیان و ئازادی و دینداری و بێ دینی و یەکسانی ژن و پیاو، پەیرەوکردنی دەسەڵاتی لەخوارەوەی خۆبەرێوەبەری… توانراوە تارادەیەکی زۆر ئیرادە بۆ ئینسانەکان بگیردرێتەوە، هەر ئەوەشە نهینی خۆراگری و سەرکەوتنیان… بۆ پشتیوانی لە عەفرین و کۆبانی و کانتۆنەکان، نزا پیویست نییە، کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکەیان و گوێزانەوەی پێویستە، پەسەندکردنی یاساو ریسای شارستانی، بەفەرمی ناسینی مافی هاوڵاتی بوون، ئازادی دینداری و بێ دینی و یەکسانی ژن و پیاو، یاسای دور لە دین و سەرچاوە دیننیەکان و، بەرەسمی ناسینی ئیرادەی جەماوەری و خۆبەرێوەبەری… تاد، پیویستن… هاتنە سەر جادە و خۆپیشاندانی جەماوەری داخوازی چوونە دەرەوەی بنکە سەربازی و جاسوسیەکانی تورکیا لە کوردستان پیویستە، خۆ پیشاندان دژی داگیرکاری و ملهوری تورکیا بۆ سەر کانتۆنەکان پێویستە، بەرگری لەدەستکەوت و مافەکانی دانیشتوانی کانتۆنەکان گرنگە، ناردنی کۆمەک و هاوکاری مرۆیی پێویستە، نزا بۆ خۆتان و خوای خۆتان… نزاو پارانەوە، یانی دەست بەستی خەڵکی بۆ ئەوەی پشت بەئیرادەی خۆیان نەبەستن و چاوەروانی روحمی خودا بن، ئەی خێڵی مەلای بەلاشخۆر و چالاکوانی بە نرخی رۆژ نان خۆرو کۆنەپەرستانی ئیسلامی ئیخوانی! سەرکەوتن لە جەنگ و شەردا، بەنزاو پارانەوە وەدی نایەت، بە پشت بەخۆ بەستن و خستنەگەری ئیرادەی یەکگرتوانەو و رێکخراوبوون و پشتیوانی بەرەی ئازدیخوازو پێشکەوتنخوازی دنیا، بەدی دێت…

کردنی شارو شوینی کارو ژیان و پشوی هاوڵاتیان بە مزگەوت، لە کاتێکدایە بەهەزاران مزگەوت هەن و زیادەن، کارێکی تەواو نائینسانییە، خەڵکی کوردستان پێویستیان بە قوتابخانەو بنکەی تەندروستی و شوینی سەرگەرمی لاوان و یانەو هۆڵی هونەری و وەزشی و ئەدەبیییە…نەک مزگەوت و کردنی شوینی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان، بە مزگەوت و بازاری سیاسی بۆ نزاو پارانەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.