جەنگ و ئاشتی دۆڕاوەکان!… نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

سەرەنجام پاش ئەوەی جمهوری ئیسلامی لە کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکە ئەتۆمیەکان، هێرشیێکی موشەکی پێشوەخت ڕاگەیەنراوی کردە سەربنکەی عدید لە قەتەر، چ کۆماری ئیسلامی و چ دەوڵەتی ناتانیاهۆ ڕایانگەیاند کە ئارەزوی ئاشتیان هەستاوە و تڕامپ بێ دواکەوتن ڕایگەیاند کە ئێستا ڕەنگە کاتی ئاگربەست بێت.

حیساباتی ئەم گەڕەی شەڕی ئەمانە لەسەر ئەوە هەڵچنراوە کە هەر کامەیان چ وەک واقیع و چ وەک ناچاری دەبێ وەکو سەرکەوتوی ئەم ملیتاریزم و کوشتارە خۆیان هەڵخەن و هەر کامەیان دەبێ بەو پۆزەوە دەرکەون کە کاری خۆیان کردوە و ئامانجی خۆیان پێکاوە.

یەکەم؛ کۆماری ئیسلامی چ وەک واقیع و چ وەک ناچاریەک لەم گەڕەدا دەیەوێ و دەتوانێ پۆزی ئەوە لێ بدا کە هەرچەندە گورزی بەرکەوت و ڕوبەڕوی لێدانێکی گەورە و غافڵگیر و کەم وێنە بوویەوە، بەڵام توانی بەرگری بکاو ڕابوەستێ. توانی ئیسرائیل لە ئاستێکی چاوەڕواننەکراو  بپێکێ و ئیسڕائیل نا ئەمن بکا و  پارێزراو بوونی ئاسایشی ئیسڕائیل بکاتە ئەفسانە و ئەمەش لاوازی جیوسیاسی ئیسڕائیلی لە نێو جوغرافیای گەورەی دنیای عەرەب و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندا. کۆماری ئیسلامی بەم مانایە دوای دۆرانەکانی لە سوریا و لوبنان و شوێنەکانی تر خوازیاری بەرەکەتێکی وا بوو، خوازیاری زۆرئازماییەکی لەو جۆرە بوو ڕووبدا، کە تیایدا بتوانێ پۆزی سەرکەوتن لێبدا، بەڵام بێ ئەوەی ڕووبەڕوی ئەگەری مان و نەمانی یەکجاری و کەوتن  ببێتەوە،؛ یەکەم تا بتوانێ ئیعتبارێک بۆ ئابڕوی ناوچەیی خۆی بکڕێتەوە و دۆرانەکانی پێشوتر و کاریگەریەکانی قابیلی قبوڵتر بکا.

  لەوەش گرنگتر سەرکەوتنێکی لەوجۆرە وەک ئیعتیبار نامەیەک بەکاربهێنی بۆ ڕێکخستنەوەی بۆ نێو ماڵی شەق و شڕی کۆماری ئیسلامی کە لە نێو خۆدا پرسیاری وجودی مان و نەمانێکی بێچارەسەری هەیە لە بەرامبەر بەشەرییەتێکدا کە ئازادی و خۆشگوزەرانی و ڕزگاربوون لە کابوسی کۆماری ئیسلامی داوا دەکا، واتە دوژمنە گەورەکەی کۆماری ئیسلامی، ئەگەر بەشێوەیەکی  کاتیش بێت.

گومانی تێدا نییە هەر هەستانەوە و نەفەس بەبەردا هاتنەوەیەکی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ و بە ناچاری بۆ کۆماری ئیسلامی وەک نەفەس بەبەرداهاتنەوەی ئەو کابوسە بێت لە بەرامبەر دوژمنی گەورەی ناوخۆ، لەبەرامبەر ئیعتیڕازی ڕادیکاڵ و ئەو مرۆڤایەتیە کرێکار و زەحمەتکێشی خوازیاری ڕزگاربوون لەو کابوسە و  بۆ ڕاکردن لەو پرسیارەوجودیانەی کە لە ناخۆی ئێراندا دەمێکە یەخەی پێگرتوە. ئیسڕائیل و ئەمریکا بەو جەنگە کەخۆیش بەرهەمی بنەستێکی ستراتیژی بوو کە تێیکەوتون، ئەو کارتەیان بەخشیە کۆماری ئیسلامی.

ئەوەی کە گومانی تێدا نییە کۆماری ئیسلامی  و خامەنەیی دەیەوێ و ناچارە  ئەم ئیعتیبارنامەیە لە دژی دوژمنەوجودیەکەی خۆی لەناوخۆدا، لە دژی چینی کرێکار و جوڵانەوەی ڕزگاری لە کابوسی ئیسلام و کۆماری ئیسلامی بەکار بهێنێ، بەڵام گومان لەوە دانییە کە کە کێشەکانی ئەم کۆمارە دینیە لەوە وجودیتر و بنەڕەتیتر و بەرکەوتن و ناسازگاریەکەی لەگەڵ خواست و چاوەڕوانیەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ ڕزگاریەکی گەورە لەوە قوڵتر و بێدەرمانترن کە بتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ ئەو کۆمەڵگەیە، چینی کرێکار و ژن و لاوی ئەو کۆمەڵگەیە خامۆش بکات. دەبێ چاوەڕێی تەقینەوەکانی داهاتوی ئەم بەرکەوتنە ناچاریانە بین.

دوەم؛ بۆ ئیسڕائیل کە وەک وەک پێشقڕاوڵی دنیای دیموکرات لە پای ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئاسایشی ستراتیژی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دڵخوازیاندا،  بێسەرزەمین و بێماڵ و حاڵ و سەرگەردان و یێچارەکردنی کۆمەڵگەیەکی چەندین میلیۆنی وەکو غەززە بە ناوی لێدانی حماس و حیزبوڵڵا و تەنانەت خستنی رژێمی ئەسەدیش هێشتا بەس نەبوو کە بتوانرێ بەو سەرەنجامە یەکلاکەرەیەوە بگەن کە ئیتر ئاسایشی ئیسڕائیلی وەکیلی کارە پیسەکانی دنیای دیموکرات چیتر لە مەترسیدا نییە، بۆیە بە ناچار دەبوایە بەهانەی تر پەیداکەن بۆ ئەوەی کەڵەگاییەکی تر، وێرانکاریەکی تر بەڕێبخەن بۆ ئەوەی دنیا بیسەلمێنن کە ئەوان پۆلیس و گوپاڵ بەدەستی دنیان و هەر شوێنێک بیانەوێ بۆردومان دەکەن و دەبێ هەموان ملەکەچ بن. هەرچەندە ئەوان بەم حیسابانەوە دەرگای جەنگیان کردەوە، بەڵام هەلومەرجی گۆڕاوی دنیا و سەرسەختی و بەپیرەوەچوونی حکومەتی مەلاکانی ئێران بۆ ئەو گرەوە بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕونەوەیەکی لەوجۆرە، وای کرد کە ڕەنگی  سەرکەوتنەکانی پێشوتریان کاڵ ببێتەوە و ناچاربن کە دۆڕانی ئەم گەڕە بە تامی سەرکەوتن، قبوڵ بکەن و بڵێن؛ ئەوانیش سەرکەوتن و کاری خۆیان کرد و بۆ چەندین ڕۆژ توانیان کە ئاسمانی ئێران کۆنتڕۆڵ بکەن و دەیان کەسایەتی سیاسی و سەربازی و ئەتۆمیان لە ناوبرد و سەرەنجام توانیان نمایشی کەڵەگاییەکی گەورە ڕێکبخەن و بنکەئەتۆمیەکان بپێکن و لە ئاستێکی کەم وێنەدا دزەبکەنە ناوکۆماری ئیسلامیەوە.

سەرباری ئەوەی کە تڕامپ ڕایگەیاند کە خەونی کۆماری ئیسلامی بۆ بوون بە خاوەن چەکی ئەتۆمی دوای لێدانەکانی بنکە ئەتۆمیەکان کۆتایی پێهێناوە و بەو مانایەش ئەویش لەلای خۆیەوە خۆی بە سەرکەوتوی جەنگەکە و دواتریش وەک داوەری گفتوگۆ داوای لە ئێران و ئیسڕائیل کرد کە جەنگ و هێڕشەکان ڕابگرن، بەڵام ئەوەی کە دیارە هێشتا  ناڕۆشنی و سەرەگێژە و بنبەستی ستراتیژی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل وەڵامی وەرنەگرتۆتەوە و بە هێزی خۆیەوە ماوەتەوە.

لەلایەک چارەنوسی  ئیمپراتۆری داوەشاوی  شەڕی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئیسڕائیلی وەکیلی کارە پیسەکانیان، بە مێژوویەکی گەورە و دورودرێژی وێرانکاری و تاوان کە لە دژی مرۆڤایەتی کرێکار و ئازادیخواز و مەدەنیەت تۆماریان کردوە لەو ناوچەیەدا دەینێرێ کە خەریکە هەموو ڕەسیدێکی ئەخلاقی و مرۆڤانە لە دەستدەدا کە جگە لە نائارامی و کۆنەپەرەستی زیاتر و زیاتر هیچی تریان لەکارنامەدا نییە و  کەوتۆتە بەرامبەر نەفرەت و بێزاری مرۆڤایەتی کرێکار و ئازادیخوازی دنیای متمدن و  لەوسەرەیتردا کۆمارێکی تاوان و خوێنی دینی و ئیسلامی بۆرژوایی بێ ئاینندە ڕاوەستاوە کە لەبەرامبەر پرسیاری حەتمیەتی چارەنوسی خۆیدایە و لەسەرشەقام و کۆڵان و لە هەر سوچ و لە هەر لێدانی دڵێکی مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەی ئێران خولیا و خەونی ڕزگاربوون لێی دەجۆشێ و لە چاوەڕوانی فرسەتێکدایە بۆ ئەوەی لە لێدانێکی گەورەی سوسیالیستی و سکولاردا چارەنوسی یەکلا بکاتەوە.

٢٥.٦.٢٠٢٥

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.