تەقوایزم لە بەرگری لە جەنگ بە بەهانەی سەرنگونی!… ئیبراهیم حسێن
ڕەوتی تەقوایی بەرگری لە جەنگ دەکا و بەهانەشی بۆ ئەو سیاسەتە، سەرنگونی کۆماری ئیسلامیە. تەقوایی لە دوا نوسینی خۆیدا جەنگ و پاڕادۆکسی هەوییەتی ڕژێم دوای ئەوەی باسی پێویستی ڕێکخستنی تۆرەکانی هاوکاری و گەیاندنی کۆمەک و بە هاناوەچوونی قوربانیانی بێگوناهی ئەم کوشتار و کەڵەگاییە ناتۆییە و ئەم ملهوڕیە سەربازیە ئاسمانیەی دەوڵەتی ئەمریکا دەکا بێ هیچ ئەملاوئەولایەک دەڵێ (لە دڵی ئەم هەلومەرجەدا هەندێک هێزی ئۆپۆزیسۆن (سەرەنج بدەن ؛هەندێک هێزی ئۆپۆزیسیۆن) داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ دەکەن بئ ئەوەی ڕێگەیەک نیشان بدەن).
دواتر تەقوایی ڕێگەکەی بێ دواکەوتن و بە ڕوونیەکی تەواوە دەخاتە ڕوو و دەڵێ ڕێگەی یەکجارەکی و خێرا وبەرداری ڕاگرتنی جەنگ ڕادەستبوونی کۆماری ئیسلامی و ڕاگرتنی پڕۆژەی ئەتۆمی و بەرنامەی موشەکی و بڕینی پەیوەندی لەگەڵ هێزە تیڕۆڕیستیەکانی ناوچەکەیە. شەڕەکە لەسەر ئەو ئامانجانە دەستی پێکردوە و هیچکام لەو ئامانجانە نەک تەنیا بە زیانی خەڵک و خەبات و شۆڕشی ئەوان نییە، بەڵکو بەهێزکەر و هێزپێدەریەتی).
بەهانەی ئسڕائیل و ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی ناوچەکە و لێدان و خاپورکردنی کۆمەڵگەی ئێران وەک ڕایانگەیاندوە و تەقواییش دانی پێدادەنێ تەسلیم بوونی کۆماری ئیسلامییە بە خواست و مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانی ڕۆژئاواییانە بۆ دەستبەردار بوون لە خەونی بوونە هێزێکی ئەتۆمی و موشەکی و دەستەهەڵگرتنیەتی لەو خەسڵەت و کارکردانەی کە وا دەکا وەک ڕژێمێکی سەرڕۆ لە خانەی دوژمنانی ستراتیژیکی پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی تازەی دڵخوازی ئەمریکادا هەمیشە مایەی دەردەسەر بێت بۆیان.
سەرنج ڕاکێشە کە بەهانەکانی ئسڕائیل و ئەمریکا بۆ ئەو کەڵەگاییە و بۆ ئەو ملیتاریزم و وێرانکاریە ئاسمانیە ڕێک و ڕاست هەمان بەهانەکانی تەقوایزمە بۆ بەرگری لە جەنگ. تەنیا شتێک کە تەقوایزم لەبەرگری لە جەنگ بۆ خەرمانەی ئەو بەهانانەی ئیسڕائیل و ئەمریکا زیادی کردوە سەرنگونییە. بەهانەی ئەوان چەکی ئەتۆمی و بەرنامەی موشەکی و بەهانەی تەقوایی سەرنگونیە، گوایە ئەم جەنگە و ئەم بۆمبارانە کوێرانە ئاسمانیەی ئێران و ئەم کەڵەگاییە بێپەردەیە دەرفەتێکە بۆ واقیعیتر بوون و نزیکتر بوونەوەی ئاسۆی سەرنگونی کۆماری ئیسلامی. بە مانایەکی تر تەقوایزم شەڕ و کەڵەگایی ئیسڕائیل و ئەمریکا و بەهانەکانی ئەو جەنگەی تا ئاستی چاوەڕوانی و خۆشباوەڕیەکانی خۆی ڕاکێشاوە.
لەم شێوە هەڵوێستگرتنەدا ئەوەی کە کۆمەڵگە لەم جەنگە و لەم کوتان و بۆمبارانە کوێرانە ئاسمانیەی کۆمەڵگە، کۆمەڵگە لەبەریەک دەترازێ، ژیانی مەدەنی و ئاسایی وێران دەبێ و ئاوارەیی و کۆڵبەکۆڵی و داماوی و ڕاکردن و گەڕان بۆ پەناگەیەک دەبێتە مەسەلەی خەڵک، ئەوەی کە لەوەها سیناریۆیەکدا هێز و سەکت و دەستە و سەکتی دژی کۆمەڵگەی ملهوڕی دینی و نەتەوەپەرەست کە هیچ پابەندیەکیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و لانیکەمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بە خەباتێکی سیاسی کراوە و ئازاد نیە و جگە لە گەیشتنە دەسەڵات بە هەر نرخێک هیچ کارنامەیەکی تریان نییە مەیدانیان دەکەوێتە دەست و دەبنە مڵۆزمی سەرسینگی خەڵک و مایەی دەردیسەر بۆ هەر ئازادیخوازیەک و هەر ئاڵۆگۆڕێکی ئازادیخوازانە، هیچ جێگەیەکی نییە. ئەوەی کە گرنگە سەرنگونیە. ئەمە ئەو میوە قەدەغەکراوەیە کە دەکرێ بەرژەوەندی ئینسانیەت و ئازادیخوازی سۆسیالیستی کرێکاری کە هیچ، بەڵکو دەکرێ هەر جۆرە بەرپرسیارێتێک لە بەرامبەر مەدەنییەت و ژیانی مەدەنی و چارەنوسی خەڵکی بکرێتە قەباڵەی.
سیناریۆی ڕەشی شۆڕشگێڕانە:
لە کاتێکدا مرۆڤایەتی هەناسەسوار بووە و هەر ئێستا لە هەردوو لای ئەم جەنگە دا لە تەل ئەبیب و تاران خەڵک یان لە ژێر زەمینەکان یان ڕیزیان گرتوە بۆ ڕاکردن لە چارەنوسێکی تاڵی نەخوزراو، تەقواییزم لە خەونی ئەرخەوانی جێبەجێ بوونی سیناریۆی ڕەشی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا دەژی. سینارۆیەکی ڕەشی شۆڕشگێڕانەی تەقوایزم کە ئەو سەرەکەی و ئەوپەڕەکەی سەرنگونییە. سەرنگونیەک کە تیایدا خەڵک رادەکەن، ماڵوحاڵ و کاریان لەدەستدەدەن و چاویان لە ئاسمانە لە سۆراغی ئەوەدا ئاخۆ شەپۆلی دوایی موشەک و تەکنۆلۆژیای زیرەکی کوشتار کوێی تر دەپێکێ و کام ماڵ و خەستەخانە و کام شوێنێکی تری شار وێڕان دەکا. دنیای ئەمڕۆ پڕە لە سینارۆی ڕەش و تاریک کە لە هەموویاندا بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ خۆیاندا بوونەتە هۆی سەرنگونکردن و کەوتنی ئەم یان دەسەڵاتی بۆرژوایی کە نەک هەر نەیکردۆتە ئازادیەکی زۆرتر و کۆمەڵگەیەکی ئازادتر و خۆشبەختتر، بەڵکو لەگەڵ خۆیاندا کۆنەپەرەستیەکی زۆرتر و داماویەکی زۆرتری سیاسی و کۆمەڵایەتیان بۆ بەشەرییەتی کرێکار و بێبەش هێناوە. لە عێراقەوە تا لیبیا، لە ئەفغانستانەوە تا سوریا نمونە و گەواهی زیندوی ئەم راستیەن.
سەرنگونی لەو شێوە هەڵوێستگرتنەدا بڕیارە دەوری بەهانە و پاساوێکی ڕادیکاڵ و خەڵکپەسند بگێڕێ بۆ ڕەوا و بەرحەق لە قەڵەمدانی جەنگێکی سەروکۆنەپەرەستانە کە خەریکە نەک تەنیا چارەی ئێران و تەواوی ناوچەکە بە شێوەیەکی زۆر ترسناک و کۆنەپەرستانە و بۆ ماوەیەکی دورودرێژ بە قازانجی کۆنەپەرەستی ناوچەیی و ناوخۆیی و جیهانی وێنا دەکاتەوە، بەڵکو چارەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و پەیوەندیان بە کۆمەڵگە و چینەکۆمەڵایەتیەکانەوە دووبارە دەخاتەوە سەر جێگەی خۆی. چارەنوسی خەتی تەقوایی و بە مانایەک تەقواییزم بە شێوەیەکی بێگەرانەوە لەم توندپێچە ترسناکە سیاسیە وەک سوننەت و ڕەوتێکی سیاسی بۆرژوایی لە کێشمەکێشی چینایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆدا بۆ هەمیشە لە مەحەکدرا. ئەمە کۆتایی دەردناکی هەر جۆرە پەیوەندیەکی ئەو ڕەوتەیە بە کرێکار و ئازادیخوازی سۆسیالیستی کرێکاریەوە.
پاساو و خەون و خولیاکانی پشتی ئەم ڕاسترەویە بۆ بەرگری لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەمریکا هەرچیەک بن، لە ڕوانگەی دەوڵەتی جەنگی ئیسڕائیل و ئەمریکا، ئەم جەنگخوازی و ملیتاریزمە وەڵامە بە بنبەست و نادیاری ستراتیژی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە دنیای تازە دا.