شورای کرێکاران چییە؟… وەرگێرانی: توانا حەمە نوری

0

شورای کرێکاران توانای پێکهێنانی بنەمای کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی هەیە. بەڵام ئەمە پەیوەستە بە فاکتەری تر و سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری.
ملیۆنەها خەڵک هەست بە بێمافی دەکەن بەهۆی شکستی دیموکراسی پەرلەمانیەوە.
دیارە چینی دەسەڵاتدار ناچار بووە ڕێگە بە هەڵبژاردن و هەندێک ئازادی مەدەنی بدات، وەک ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی ڕێکخستن لە سەندیکاکاندا.

لە بنەڕەتدا چینی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی سیستماتیک هەر هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی کۆنترۆڵی ڕاستەقینە لە خوارەوە پووچەڵ دەکاتەوە.

کارل مارکس ئەمەی بە “فێڵی دیموکراسی” ناوبرد. ئەو فێڵە بوونی هەیە، چونکە نە دەسەڵاتی ئابووری و نە دامەزراوە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەت لە پەرلەمانەوە کۆنترۆڵ ناکرێ.
بەڵام بەدیلێک هەیە، بەدیلێک کە لەسەر بنەمای درێژکردنەوەی ڕیشەی کۆنترۆڵی دیموکراسی دامەزراوە. شۆڕشە مۆدێرنەکان پشت بە بزووتنەوەکانی خۆپیشاندان و مانگرتنی جەماوەری دەبەستن. مانگرتنی جەماوەری، داواکارییە ئابوورییەکان، وەک زیادکردنی کرێ، لەگەڵ داواکارییە سیاسییەکان، وەک کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی پۆلیس، تێکەڵ دەکات.
ئەم جۆرە بزووتنەوە مانگرتنانە بەندە بە ڕێکخستنی کرێکاران بە شێوازی نوێ. بەڕێوەبەر و خاوەن کارەکان ڕادەکەن یان دەردەکرێن. کرێکاران دەست دەکەن بە بەکارهێنانی زانیارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی شتەکان بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ لە ڕێگەی شورای کارگەکانەوە.
بەڵام دەبێت هەماهەنگی لە سەرانسەری شوێنی کار و کۆمەڵگەکانیشدا هەبێت. کرێکاران پێویستە دڵنیابن لەوەی مانگرتنەکانیان لە دژی بەڕیوەبەر و خاوەن کارەکان کاریگەرە و لە هەمان کاتدا دڵنیابن لەوەی چینی کرێکار دەستیان بەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە بگات کە پێویستیانە.
هەموو شۆڕشێک، یان هەوڵی شۆڕشێک، چارەسەرێکی هاوشێوەی دروست کردووە- شورای کرێکاران، یان سۆڤیەت.

یەکەم سۆڤیەت لە سانت پترسبۆرگ لە ڕووسیا لە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ گەشەیان کرد و لە شۆڕشی ساڵی ١٩١٧دا بە قەبارەیەکی زۆر گەورە سەریان هەڵدا.
شورای کرێکاران لە ئەڵمانیا لە ساڵانی ١٩١٨-١٩١٩ و لە بوداپێست لە ساڵی ١٩٥٦ دامەزران. شورا لە ئیتاڵیا لە ساڵانی ١٩١٩-٢٠ و شیلی لە ساڵی ١٩٧٢ بینران.
ئەم نموونە جۆراوجۆرانە تایبەتمەندی هاوبەشیان هەبوو. هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر بنەمای دەنگدانی خەڵکە وەک تاک. بەڵام شورا لەو شوێنانە دامەزرابوون کە کرێکاران بەهێز و بەکۆمەڵ ڕێکخراو بوون، لەوێدا بتوانن پێکەوە مشتومڕ و موناقەشە بکەن.
نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان دەتوانرێت بە خێرایی لاببرێن. ئەمە دڵنیایی دا کە شوراکان هاوتەبان لەگەڵ بیرۆکە ڕادیکاڵەکانی کرێکاران.

نووسەری بەریتانی ئارسەر ڕانسۆم، لابردنی خێرای نوێنەرەکان بە مانای ئەوەیە، “وڵات چیتر لە مەترسی بەڕێوەبردنی بیروباوەڕی بەسەرچوودا نییە.”
سیستمی سۆڤیەت ئۆرگانێکی بڕیاردانی ناوەندی دروست کرد. بەڵام ئەمە دەسەڵاتی خۆی لە سیستمێکی لامەرکەزی وەرگرتووە، یان سۆڤیەتەکانی ناوخۆیی، کە دەتوانێت نوێنەرایەتی هەمەجۆریی گەورەی کۆمەڵگەی ڕووسیا بکات.
سۆشیالیستی ئەمریکی جۆن ڕید پێی وابوو، “سۆڤیەتەکان حکومەتی ناوەندی دروست دەکەن، نەک حکومەتی ناوەندی سۆڤیەتەکان دروستبکەن.”
شورای کرێکاران ئەو ئەگەرەیان دروست کرد کە بەرهەمهێنەرانی سامان بتوانن کۆنترۆڵی دیموکراسییان هەبێت بەسەر ئەو شتانەی کە بەرهەمیان هێناوە.
هەروەها شوراکان پێکهاتەیەکیان دابین کرد کە لە چوارچێوەیدا بەرهەمهێنەران بتوانن مشتومڕ لەسەر ئەولەویەتەکانیان بکەن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بوو. ئەمە زۆر دیموکراسیترە لەوەی پێنج ساڵ جارێک دەنگ بدەین کە سیاسەتمەداران لە داهاتوودا درۆی لەگەڵ دەکەن.
شوراکان پشتیان بە پابەندبوونی چالاکانەی چینی کرێکار بەستبوو. لینین ئەم بەشدارییەی بە “پێکهاتەی سیحراوی” دەوڵەتی کرێکاران ناوبرد.
شورای کرێکاران، کرێکارانی لە کارە کەمتر ڕێکخراوەکاندا بەدەر نەدەکرد. ڕید ئاماژەی بەوەدا کە “چێشتلێنەر و گارسۆن، پاککەرەوەی شەقام، خزمەتکاری حەوشە یان شۆفێری تاکسی” نوێنەرایەتی لە شوراکاندا هەبووە.
لە ڕووسیا پارتی بەلشەفیک توانی زۆرینەی سۆڤیەت بەدەست بهێنێت. توانیان دەوڵەتی کۆن بشکێنن و سەردەمێکی نوێی کۆنترۆڵکردنی چینی کرێکار و دیموکراسی ڕاستەقینە دەست پێبکەن.

یەکەم شورای هەرێمی قەوقاز، نوێنەرانی کرێکاران و جوتیاران، ڕووسیا ١٩١٧

 

لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی

سەرچاوە:

socialistworker.co.uk/

Leave A Reply

Your email address will not be published.