نامەکەی حەمەشوان… (بۆ ساریا سچیخانۆڤ)…”نەتکاندنم بۆ دەمی سروشت”
ئەی هاوڕێی ئازیز.. من دەمێکە دەمم داوە لەدەمی ئاگر. گریان لەئەزەلەوە جەستەی پڕکردوم و فەرامۆشی کەڵای عومرمی لە وەنەوشەیی وە گۆڕییەوە بۆ ڕەنگە مەحرومەکان! دەنگی پایزێکی خەمناک بەبا شۆردومی.
ئای هاوڕێ گیان.. ئەزانم هێندەی من چاوەکانت پڕن لەهیوا، بەڵام ئەفسوست لێ بێ تۆ بەهارێکی ڕوخسارت بیر لە وەراندن ناکاتەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ مردن لای تۆ لەتابوتە بێ نازەکانی مزگەوتی وڵاتە وێرانەکاندا چاوەڕێت ناکەن… ببورە کەهێندێ جار سێبەرەکەم سەماناکات و بەدەم بزەوە بۆ وشە ڕەنگینەکان ناڕوانن. بەلای منەوە.. پایز جوانترە لەڕەنگی بەهارێکی سەوز، چونکە خەمناکی پایز گەورەیی وەک ئەوکەسانە وایە لەبەر سێبەری بێکەسی دا تیشکی خۆر ماچیان بۆ هەڵنەدا ئەوانیش بەخەمناکی یەوە هەڵئەوەرێن و لەناو بادا سەمایەک دەکەن و لەلێواری شۆستەیەک دا عاشقێکی هەڵەشە گەڵاکە وەک ئاوێنە وورد وورد دەکات!!؟
ئەی هاوڕێ گیان.. هاوکێشەکانی من و تۆ لێرەوە دەست پێ دەکات.
بەلای تۆوە دەست لەملانی وڵاتێکی وێرانە نەخشەی سەرەتایی دەگەیەنێ، گریان شتێکی بێ دەسەڵاتی و ورەبەردانە لە ئارامی وهیوا ڕوانین بۆ تاریکی پەنجەرەییەکی شکاوە. ڕاستە منیش هەمان هەڵوێستم هەبوو!!! بەڵام ڕۆژگارێک هات و ڕۆیشت چاوەڕووانی دەوەنی چاوەکانمی بەچاوەڕووانی هەڵوەراند.
ئەوانەی دەمووت نەدەبوون، ئەوانەی دەمکرد ئاراکانم تەنیا چەند ژمارەیەک بوون. لەبەر ئەوە هاتمە سەر ئەم هەڵوێستە فەلسەفی یە. چەند بەزەیم پێتا دێتەوە نایەیتە سەر ڕەئەکانم ” بەڵام هاوڕێ کەهاتی چەند من دەخەیتە گومانەوە”
برات حەمەی حمە فرج
دوڕین ٢٤/٢/ ٩٥
وەڵامی ساریا سیچخانۆڤ بۆ حەمەشوان
ئازیزم حەمەشوان…
مایەی خۆشحاڵیمە، کەجارێکیتر لەگەڵ ئێوەدا پەیوەندییەکانمان تازەدەکەینەوەو، تالەئایندەدا بەرەو ئاسۆییەکی پڕلەبایەخی ببەین.
ئەگەر ئەدەبیات و وێژە دوورگەییەکی خۆرنشینبێت، بۆحەسانەوەی ڕوح و جەستەی ئینسان، ئەوە من دوواکەسێک نابم کە بەکەشتی وشەکانیەوە، بەرەوکەنارەکانی ئەو دوورگەیە، مل دەنێت بەدەریاوە.
ئەدەبیات بەشێکی جیانەکراوە لەڕەوت و ڕەوەندی ژیانی من پێکدەهێنێت، من لەڕێگەی ئەدەبیاتەوە”پەیی”م بە بایەخە ئینسانییەکان وئینسانی بوونی خۆم بردووە. ئەدەبیات زادەی بیری ئینسانە، هەرئەمەشە وا دەکات ئەدەبیات لەو هەموو شکۆو بایەخە بەهرەداربێت.
سروشتی و ئاساییە، کەئێمە دیدگامان لە بارەی ئەدەبیاتەوە، کەم تازۆر، جیاوازی هەبێت، ئەم جیاوازییانە لەسەر مەیل و ئەنتەرێسەی کۆمەڵایەتیەوەیە، دێنەئاراوە.
بەڵام ڕەنگە هەردوولامان، ناتەباییمان لەوەدا نەبێت کەهەموو ئەدەب و وێژەیەک، پێوویستی بەڕیشەو ڕەگەزێکە بۆژیان، بۆمن… ئەم ڕیشەو ڕەگەزە، ئینسانە.
بۆمن دەبێت خاڵی دەسپێکردنی ئەدەبیات، ئینسان و مەسەلەئینسانییەکانی بێت، جیاوازو بەدەرلەوەی کە ئەم ئینسانانە، چ ڕەگەزو نەتەوەو ئاینێکیان هەیە.
کلتوری هەزاران ساڵەی ئینسان موڵکی هیج نەتەوەو ڕەگەزێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بەرهەمی بیروهۆشی سەرجەمی مرۆڤایەتییەو ئەدەب و هونەر لەپەیوەند بەئینسان و حەزوئارەزو، هیواو خۆزگەو… دژایەتییە مادی مەعنەوییەکانییەتی، کە مانا، پەیدادەکات.
ئینسان و حەزوو ئارەزووەکانی ڕیشەییەکی هاوبەشیان پێکەوەهەیە، ئینسانی بوونی ئەدەبیات… ئەدەبیات جیهانی دەکاتەوەو دەبێت بە هی هەموومان.
هاوڕێ!
ئەگەر وایە؟…
جێگەی خۆییەتی بۆ ئەو دوورگەیە، شعرێک بنێرم،
سەرەڕای هەرکەموکوڕییەکم دەزانم، یارمەتیدەرم دەبیت.
جوانترین سڵاوم بۆ ئێوەو هاوسەرە بەڕێزەکەتان و، لەدوورەوە دەستان بەگەرمی دەکووشم.
بۆ ڕۆزیاو، ڕامێن و ڕۆژین، ئایندەییەکی جوان و شکۆمەند، ئارەزوومەندم.