نە سەرۆک و سەرکردە دیارە نە مووچە!… نووسینی: ريبوار ياسين فتاح
مانگێک تێپەڕی بەسەر هەڕەشەکانی مەسعود بارزانیدا کەچی مووچەخۆران 50 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
بە هەردوو لایان، پارتی و یەکێتی لەلایەک و بەغدا لەلایەکەی ترەوە، ستەم لە خەڵکی کوردستان دەکەن، دەیانەوێت هەم نەوتەکەی خەڵک بدزن و هەم مووچەکەشی پێنەدەن!
ستەمی بەغدا ئەمەیە: لە بری سزادانی پارتی و یەکێتی کە نەوتیان بە قاچاخ فرۆشتووە، هاتوون سزای مووچەخۆرانی هەرێم دەدەن!
ئەوەی بەغدا دەکات، بەشی گەورەی ستەمە. ئەوەی پارتی و یەکێتی دەکەن، بەشی گەورەی گەندەڵییە.
سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان لە کاتی بوونی قەیران و شەڕ و کارەساتەکاندا لەناو هاوڵاتیاندا دەردەکەون یان لەمیدیاکانەوە دەردەکەون بۆ دڵدانەوە و کاریگەریی دەرونی، نمونە وەک سەرۆکی ئۆکرانیا و ڕوسیا و ایسرائیل و تورکیا، تەنانەت عێراقی دراوسێمان کە ئێمە بە موفلیس ناویان دەبەین.
بەناو سەرۆک و سەرکردەکانی ئێمە لە دوو وڵاتیتر شەڕە (ئێران ـ ئیسرائیل) کەچی ئەوان کەس نازانێ لە کوێن و بەچییەوە سەرقاڵن. سەرۆکی ئۆکرانیا لەکاتی شەڕدا بەتیشێرتێکەوە دەردەکەوێت، سەرۆکی تورکیا کە وترا انقلابیان لێکردوە لەڕێگەی موبایلەکەیەوە پەیامێک ئەدات و لایەنگرانی دێنە سەرشەقام، ئێران ڕۆژانە قائدە عەسکەری و زاناکانیان تیرۆر دەکرێت بێدەنگ نابن و وتاریان هەیە، هەردوێنێ نتانیاهۆ دەرکەوت، سەرکردەکانی عێراق لەکۆبوونەوەی بەردەوامدان، بۆدۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەربازبونی عێراق بۆ ئەودۆخەی لەناوچەکەدا هەیە، پاکستان پەیامی هاوکاری و پشتیوانی دەداتە ئێران. بەڵام ئەوانەی کە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن ئەڵێی لەم سەرزەمینە نین! ئەوە حەقیقەت و بلیمەتی بەناو سەرۆک و سەرکردەکانی ئێمەیە مەگەر تیمی هەواڵگری بزانێت لەکوێن. تا ئێستا ئەم هەرێمە سەڵامەتە و هیچ نەبووە، ئەوان ئەڵێی نەبوون کەس نازانێ لەچی وڵات و ئەشکەوتێکن! خۆ ئەگەر پڕشیکی ئەم جەنگە و ساروخێ لەم وڵاتە بدات، چی دەگوزەرێت، ئەوکاتە کیلۆیەک شەکەر دەچێتە ٧٠ هەزار و ئارد هەنگاو دەنێت بۆ ١٠٠ هەزار سەروتر و بەنزین نامێنێت و ڕۆن و برنج لەمارکێت دەبێت سەرەی بۆبگریت و نرخیان دەفڕێت، کەچی ئێستا وا بەپیری مانگی ٧ ەوە دەچین هێشتا موچەی مانگی ٥ نەدراوە، و ئایندەی موچەی مانگەکانی داهاتووش نادیارە، سەرەڕای ئەوەش نەسەرۆک و سەرکردە!! دیارە نە ئاماژەیەک بۆ پێدانی مووچە!