دەبێ سیاسەتی ستەمکارانەی هەردوو دەسەلات لە پەیوەند بەبرسیکردنی مووچەخۆران ڕابگیرێت!

0

کاتی تەوقیتکردنی لێدانی زەنگی بێمووچە بڕینی مووچەخۆرانی کوردستان لە یەکەمین ئێزگەی گەرانەوەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ کوردستان لێدرا، لە دوای واژۆ کردنی ئەو دوو ڕێکەوتننامانەی کە لەگەل دوو کۆمپانی ئەمەریکیدا ئەنجامدرا، ئەم هەنگاوە حکومەتی عێراق بە پێشلکاری یاسایی لەقەلەمدا، بۆیە کاتێک کە پانۆرامای دەزگاکانی راگەیاندن بۆ زلکردنەوەی ئەم ڕێکەوتننامەیە کەوتەڕێ جەنجاڵێک بەرپابوو حکومەتی عێراق بە تووندی هاتە سەرخەت و لە زمانی وەزارەتی دارای عێراقەوە رۆژی ٢٨ ی ئایار، ڕایگەیاند کە شایستە داراییەکانی هەرێم کۆتایی هاتووەو بۆ ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نانێرین چونکە حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتی نەوتی نانەوتی بۆ حکومەتی فیدرال. هاوکات حکومەتی هەرێمیش بە پاساوی هەمان دەستور و یاساو رێسا ئەوکارە بە مافی خۆیان دەزانن!

بۆیە دوابەدوای ئەم پەرچەکردارە لەماوەی ئەم دە ڕۆژەدا ژمارەیەکی زەبەلاح لە وەزیرو وەزارەت و پەرلەمان و پەرلەمانتار و سەرۆک و سەرۆکایەتی جەنگی نائومێدکردنی مووچەخۆرانی کوردستان بەگەڕخست کە جگە لە پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیان هیچ مانایەکی تری نیە بۆ ژیانی ئەو خەلکە ستەملێکراوە، بەدلنیایی ئەمە لەکاتێکدایە کە خالی هاوبەشی هەردوولا سوکایەتی کردنە بە عیزەت و کەرامەتی هاولاتیان و سەرقاڵ کردنیان بە پاساوهێنانەوەی دان و نەدانی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، کە لە ڕاستیدا هەردوو تەرف شینی هەریسەکەو بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن، نەک خەمی ماف و ئازادیەکانی هاولاتیانێک کە لە نێوان بەرداشتی هەردوو دەسەلاتدا ژیانی پڕ لە ژانیان بەتەواوی وێرانکراوە!

بۆیە لەبارودۆخی پڕ قەیراناوی ناوچەکەداو لەگەل ئەگەری ئەو گۆرانکاریانەی کە عێراق بە کوردستانیشەوە پەلکێشی نێو قەیرانگەلێکی تر کردوەتەوە نە هاولاتی بوون و مافی یەکسان هیچ مانایەکی هەیەو نە شینی کوردایەتی پارتی و حکومەتی هەرێم نانێک بۆ سەر سفرەی مووچەخۆران زیاد دەکات.

ئێمە دەزانین نە هەرەشەو سەرەڕۆییەکانی پارتی بۆ داکۆکیکردنە لە مافەکانی مووچەخۆرانی کوردستانەو نە حکومەتی فیدرالیش کێشەکەی تەنیا ملنەدانی حکومەتی هەرێمە بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و ڕاسپاردانەی کە پێشتر بۆیان دیاری کراوە. مەگەر پێشتر حکومەتی عێراق چەندین جار راینەگەیاند کە کێشەی مووچە کۆتایی هاتووەو مووچەخۆرانی کوردستان پێویستە بە ماف و مستەهەقاتی تری خۆیان بگەن. مەگەر پێشتر مووچەخۆران زیاتر لە پەنجا مووچەیان حەپەلوش نەکرا بەناوی پاشەکەوت کردنەوە، مەگەر لە جەرگەی نەدانی مووچە بە مووچەخۆران، وەزیری دارای هەرێم بڕیاری لێبڕینی مستەهقاتی خانەنشینی بە ڕێژەی لە ٣٪ بۆ ماوەی دە ساڵی رابردوو ڕانەگەیاند!.

ڕێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی وگۆڕانکاری هەردوو تەرەفی ئەم شەڕو برسی کردنە بەتاوانبار دەزانێت لە بەرامبەر بە ژیان و چارەنووسی مووچەخۆری کوردستاندا. ئێمە وەک کۆنگرەی ئازادی وگۆرانکاری

لەبەرامبەر بەم سیاسەت و یاریکردنەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بغداد دژ بە مووچەخۆران و خەلکی ستەملێکراوی کوردستان ئەو ڕێگەیە دەخاتە ڕوو کە، مووچەخۆران و خەلکی نارازی و ئازادیخوازی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆیانە خۆیان بۆ دەورەیەکی تر لە نارەزایەتی ئامانجدارو بەپلان و یەکگرتوو رێکخراو ئامادە بکەن، کە هەر ئێستە کۆنگرەی ئازادی دەستبەکاری خۆئامادە کردنە بۆ رێکخستن و سەروسامان پێدانی ئەو نارەزایەتیەی کە پێویستە لە ئاستێکی فراواندا خۆی نمایش بکات، بۆیە لەمبارەشەوە داوا لە هەموو ڕێکخراو هەلسوڕاوان و ئازادیخوازان دەکەین کە دەرگای راوێژو وتوێژ بکەینەوە بە ڕووی ئەو ڕێگەو رەوشت و ئامادەکاریانەدا کە ناڕەزایەتی دەربڕینێکی فراوان و سەراسەری و کارای پێویستەو ئەم کارە دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگار بوون لەم ستەمکاری و ناعەدالەتیەی کە ژیانمانی کردوەتە دۆزەخ!

ڕێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری

٨/٦/٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.