ململانێی سەربازی نێوان ڕژێمی ئیسرائیل و ئێران، لێکەوتەکان و ئەرکەکان . . .

0

ڕژێمی ئیسرائیل بە پشتیوانی چالاک و هەمەلایەنەی سیاسی، ئابووری، چەک، هەواڵگری حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی، تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانی کردە ئامانج بە هێرشی ئاسمانی. فڕۆکە ئیسرائیلییەکان ناوەندە سەربازی و ئەتۆمی و ئابوورییەکان و هەندێک ناوچەی نیشتەجێبوونیان بۆردومان کرد. ڕژێمی ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە و کادرە سەربازییەکانی و بەشێک لە کەرەستەی بەرگری و هێرشبەری لەدەست داوە، کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای هێرشی ئیسرائیل هێرشی دژە مووشەکیی دەستپێکرد و بەشێک لە ناوەندی سەربازی و هەواڵگری، ژێرخانی ئابووری و ناوچەی نیشتەجێبوونی لە تەلئەبیب، حەیفا، قودس و شارەکانی دیکەی ئیسرائیل کردە ئامانج. هێرشە کوشندەکانی هەردوو ڕژێمەکە بووە هۆی سەدان و ڕەنگە هەزاران کەس کوژراو و بریندار و وێرانکارییەکی بەرفراوان لە هەردوو وڵاتدا.

هۆکارەکانی هێرشی ئیسرائیل

بیانووی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ بۆردومانکردنی ناوچە ئەتۆمییەکان، پیشەسازی، ژێرخانی و نیشتەجێبوونەکان لە ئێران، بەرنامەی ئەتۆمی ڕژێمی ئێران بوو و ئەو “مەترسی بوونی” کە گوایە ئەم بەرنامەیە بۆ سەر ڕێژیمی ئیسرائیل دروستی کردبوو. بێمانایی بیانووی بەرنامەی ئەتۆمی بەو ڕاستییە ڕوون دەبێتەوە کە ڕژێمی ئێران ڕێک لەم پرسەدا لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی دەکرد و تەنانەت ڕۆژی دانیشتنی داهاتووی دانوستانەکانی “ناڕاستەوخۆ”یش دیاری کرابوو. هەروەها ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بانگەشەی ترەمپ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە دەڵێن ئەمریکا دەستوەردان لە هێرشەکەی سەر ئێران ناکات، درۆیە و ڕەوتی ڕووداوەکان بەڵگەی هەماهەنگی نێوان ئیدارەی ترەمپ و نەتانیاهۆ بوو لەسەر بەروار و تەنانەت شێوازی هێرشەکەش. بە پشت بەستن بە “ستراتیژی” زۆرترین فشار + دانوستان، ترەمپ هەوڵی پێشخستنی سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە بەرامبەر شکستەکانی لە پرسی ئۆکرانیا، سیاسەتی گومرگی و شکستهێنانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی چین، و زیادبوونی ناڕەزایی و ناڕەزایەتی جۆراوجۆری جەماوەری خەڵک لە ئەمریکادا بوو و هەوڵدەدات خۆی، لانیکەم کارتی بردنەوەی هەبێت لەم ڕووەوە.

بەڵام سیاسەتی ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە هۆکار نەبوو بۆ ئەم هێرشە. هۆکاری سەرەکی ئەم ململانێیە – کە دەبێ لە درێژەی ململانێ و سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران و ئیسرائیل لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لێی بکۆڵینەوە – ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو ڕژێمە لەسەر نفوز و هەژموونی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئیسرائیل و ئێران هاوشانی تورکیا و میسر و سعودیە ە زلهێزە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن و هەریەکەیان ئامانج و بەرژەوەندییان لە ناوچەکەدا هەیە کە زۆرجار لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە و هەندێکجاریش لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزە گەورە جیهانییەکاندا ناکۆکن. ئەم ململانێیە بە پلەی یەکەم لە شێوەی خەبات بۆ کاریگەری سیاسی، سەربازی، ئایدیۆلۆژی و هەندێکجاریش ئابووری لە وڵاتان و بزووتنەوە بچووکەکانی ناوچەکەدا دەردەکەوێت. ئەم ململانێیە بۆ کاریگەری و هەژموون لە کەیسی ئیسرائیلدا لەگەڵ فراوانخوازی خاکی و جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەییدایە. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ زنجیرەیەک بزووتنەوەی سیاسی-ئاینی (پان-ئیسلامی) لە ناوچەکە (حزبوڵڵا، حەماس، جیهادی ئیسلامی، حوسییەکان، هتد) هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا (پێش ڕووخانی بەشار ئەسەد و سەرهەڵدانی ئەحمەد ئەلشەرع)، عێراق، و لوبنان دەبێت لەم هەوڵەدا هەڵسەنگێندرێت. کاریگەری ئایدیۆلۆژی، و سەربازی ڕژیمی ئێران لە ناوچەکەدا. هەوڵێک کە ئامانجی مانەوەی ڕژیم و درێژەدان و فراوانبوونی نفوزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لەودیوەوە بووە. بەڵام ڕووداوەکانی دوای ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە فەلەستین و لوبنان و سوریا بەشێکی بەرچاوی نفوزی ڕژیمی ئیسلامی کەمکردۆتەوە. ئەم لاوازبوونی ڕژێمە وایکردووە ئیسرائیل و ئەمریکا بە شێوەیەکی گونجاو بنەماکانی فشارخستنە سەر ڕژێم هەڵسەنگێنن و هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەرئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنەیە.

 

پەرەسەندنی جەنگ

 

داواکاری دەستبەجێی ئەمریکا و ئیسرائیل بریتییە لە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی و لەناوبردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی. یەکێکی تر لە داواکارییەکانیان سنووردارکردنی مەودا و هێزی مووشەکەکانی ڕژێمە، هەروەها بڕینی هاوکارییەکانی بەتەواوی بۆ حیزبوڵڵا، حەماس، ئەنسار الله و هتد.. تەنانەت ئەگەر پێکەوە داوای ئەم داواکاریانە نەکەن، هەموو ئەم داواکاریانە لە کارنامەی ئەمریکا و ئیسرائیلدان. قبوڵکردنی ئەم داواکاریانە لەلایەن ڕژێمی ئێران بە واتای واژۆکردنی فەرمانی کوشتنی خۆیەتی و هەڵسەنگاندنیش تا ئێستا ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەم داواکاریانە قبوڵ ناکات – بەتایبەتی وازهێنان لە پیتاندنی یۆرانیۆم و کەمکردنەوەی مەودا و هێزی چەکی مووشەکی خۆی.

ڕژێمی ئێران پیتاندن و توانای مووشەکی بە خوێنی ژیانی خۆی دەزانێت و تا دوا هەناسە هەوڵی پاراستنیان دەدات. ئەم هەوڵ و پێداگرییه لەلایەک و هەوڵ و پێداگری ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ نەهێشتنی پیتاندن و کەمکردنەوەی مەودا و هێزی مووشەک لەلایەکی دیکه ڕێگه خۆش دەکات بۆ بەردەوامی ململانێی نێوان هەردوولا و پەرەسەندنی شەڕ.  ئەگەر ململانێی ئێستاش ئاگربەستی لێبکەوێتەوە، ئەم ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەیە دەمێنێتەوە و ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی کەمیش ببێتەوە، لە داهاتوودا هێندەی تر خۆی دەردەخات. دەکرێت دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی دیکە لەم دۆخەدا بێتە ئاراوە.

دەزانین ئیسرائیل توانای درێژەدان و ئەنجامدانی شەڕێکی درێژخایەن و چڕی بەرزی لە چەند بەرەیەکدا نییە و هەر بۆیە ئەگەر هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بن و ئەم ڕژێمە نەتوانێت بە “خێرایی” ڕژیمی ئیسلامی تێکبشکێنێت، نابێت ئەو ئەگەرە پشتگوێ بخرێت کە ڕژێمی زایۆنیستی ئیسرائیل کە خۆی خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، لەوانەیە بەکاری بهێنێت.

بێگومان ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەمریکا ڕاستەوخۆ بهێنێتە ناو شەڕەکەوە. بەڵام دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بازنەی شەڕەکە بۆ تەواوی ناوچەکە و تەنانەت ئەودیویش فراوانتر دەکات و ڕوونیش نییە کە ئایا شەڕێکی لەو شێوەیە “ئەنجامی” گەورەتری دەبێت بۆ ئەمریکا لەوەی کە “بەدەستی هێنا” دوای چەندین ساڵ لە شەڕ لە ئەفغانستان و عێراق (تێچووی چەندین تریلیۆن دۆلار، سەدان هەزار کوشتن، ملیۆنان پەنابەر، لەناوچوونی ئابووری ناوچەکە، کاریگەرییە ئابوورییە زۆر نەرێنییەکان لەسەر جیهان و هتد).

بەشێک لە نوخبەی دەسەڵاتدار لە ئێران دەیانەوێت چەکی ئەتۆمی بەرهەم بهێنن و لە چەند مانگی ڕابردوودا بە شێوەی جۆراوجۆر ئەم داواکارییەیان دەربڕیوە. نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر خامنەیی بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ ڕازی بوو و لایەنگرانی چەکی ئەتۆمی تا ڕادەیەک بێدەنگ بوون. بەڵام هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بە هەماهەنگی و هاوکاری ئەمریکا دەتوانێت بۆچوونی ئەو کەسانە بەهێزتر بکات کە دەیانەوێت چەکی ئەتۆمی لە ئێران بەرهەم بهێنن.

 

چارەسەر چییە؟

 

بە پێچەوانەی ئەوەی کە ڕەزا پەهلەوی و کەسانی دیکە، وەکو هەندێ بەناو کۆمۆنیست، دەیڵێن، چارەسەر سەرکەوتنی ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر کۆماری ئیسلامیدا نییە.

هەروەها چارەسەریش ئەوە نییە کە “ئێران سیاسەتێک بەرامبەر بە ئیسرائیل بگرێتەبەر کە هاوتەریب بێت لەگەڵ تورکیا و سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی”.

هەروەها بە پێچەوانەی تێڕوانینی ئەو کەسانەی کە تەنها دەستدرێژی بیانی دەبینن و کاردانەوەی نێوخۆیی خوێنڕێژ و لە مێژینەی ڕژێم لە بیردەکەن یا ڕاستەوخۆ سوود لە بوون و بەردەوامی بوونەکەی دەکەن، چارەسەر ئەوەیە کە هاوکاری ڕژێم نەکەن بۆ ئەوەی ئەم ڕژێمە لەم پێکدادانە بە سەرکەوتیی دەرنەچێت.

ئەگەر ڕاستە شەڕ درێژەپێدەری سیاسەتە بە ڕێگای تر، ئەوا دەبێ بزانین شەڕی ئێستای ئیسرائیل (بە هەماهەنگی و هاوکاری ئەمریکا) لە لایەک و ڕژیمی ئێران لە لایەکی دیکە، بەرهەم و درێژەپێدەری چ جۆرە سیاسەتێکە؟ وەڵامەکە ڕوونە: ئەم شەڕە درێژەپێدەری سیاسەتی کۆنەپەرستانە و تێکدەرانەی ئیسرائیل و ئەمریکایە لە لایەک و سیاسەتی کۆنەپەرستانە و تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە. شەڕی ئێستا شەڕێکی کۆنەپەرستانەیە. بۆیە دەبێت خاڵی دەستپێکی خەباتی چینی کرێکار و هێزە شۆڕشگێڕەکان لەدژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە ڕوونکردنەوە و ئاشکراکردنی ئەو سیاسەتانە بێت کە ئەم شەڕە درێژەپێدەدات.

سەرکەوتنی هەر لایەک لەم ململانێیەدا (ئیسرائیل و ئەمریکا لەلایەک و کۆماری ئیسلامی لەلایەکی تر) بە زیانی کرێکاران و ملیۆنەها خەڵکی ئێران و ناوچەکەیە و بەرەو بەردەوامی ستەم و چەسانەوە و زەلیلکردن دەبات. گۆڕانی ڕیشەیی کاتێک مومکین دەبێت کە خەباتی خەڵک ڕێکخراو بێت و دەرئەنجامی ئیرادەی بە کۆمەڵی خەڵک لە خوارەوە بێت. تەنیا لە ڕێگەی تەبایی و خۆڕاگری و رێکخستنی سەربەخۆ و خەباتی هاوبەشی خەڵکەوە دەتوانرێت ڕژێمی ئێران بڕوخێنرێت و ئاشتی و ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی بهێنرێتە ئاراوە.

 

سەرچاوە:

https://t.me/kargaranehampeman5

بەدەستکارییەوە لە فارسییەوە کراوەتە کوردی.

توانا محەمەد نوری

١٧/٠٦/٢٠٢٥

Leave A Reply

Your email address will not be published.