جولەکەی دژە جولەکە!… نووسینی: میرۆ عەبدولکەریم

0

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی دوەم گروپێکی جولەکە وەک مەترسی بۆسەر دەستور سەیردەکرێن و تاوانباردەکرێن بە پەڕگیری و دوژمنایەتی دیموکراتی و ڕێگەخۆشکردن بۆ دژە جولەکەیی، ئەویش کۆمەڵەی “دەنگی جولەکە بۆ ئاشتیەکی دادپەروەرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ە. ئەم کۆمەڵەیە دژی زایۆنیزم دەوەستنەوە و خەبات بۆ مافی فەلەستینیەکان دەکەن، هەروەک دژی ئەوەن زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەمڕاست و نوێنەری هەڵگرانی ئاینی جولەکە سەیربکرێت. “دەستورپارێزان”ی ئەڵمانی دێن ئایدۆلۆجیایەکی نەتەوەیی تەمەن سەدو ئەوەنە ساڵ و دەوڵەتێکی تەمەن ٧٧ ساڵ دەکەن بە نوێنەر و دەمڕاستی هەڵگرانی ئاین و ناسنامەیەکی کلتوری تەمەن سێ هەزار ساڵ. ئەم گاڵتەجاڕییە وەک ئەوە وایە دەوڵەتێک بێت کۆمەڵێک موسوڵمان تاوانبارکات بە دژایەتی موسوڵمانان و بەهەڕەشەیان بزانێت بۆ – سەر ژیانی موسوڵمانان و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی تەنیا لەبەر ئەوەی ئەم کۆمەڵە دژی داعش یان دەوڵەتی ئێران و تورکیا بن و پێیان بڵێت ئێوە دژی دەستورن، چونکە داعش و تورکیا و ئێران بە نوێنەری خۆتان نازانن و دژی دەوەستنەوە. لەوەش گاڵتەجاڕتر ئەوەیە دەوڵەتێکی کۆنە نازی کە دەستی بە خوێنی ملیۆنەها جولەکە سورە بێت و کۆمەڵێک جولەکە تاوانبارکات بە دژە جولەکەیی تەنیا لەبەرئەوەی نایانەوێ بە ناوی ئەوانەوە تاوان و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدرێت. یەکێک لە ئارگومێتەکانیان ئەوەیە کە هەندێک لایەن جیاوازی لە نێوان جولەکە و زایۆنیزم دا ناکات بۆیە دژایەتی و ڕەخنەیان دەچێتە بواری ئەنتیسێمیتیزمەوە. ئەم قسەیە ڕاستە، بەڵام خودی زایۆنیزم و دەوڵەتی ئیسرائیل دەیانەوێت ئیسرائیل بە نیشتیمان و زایۆنیزم بە نوێنەری هەمو جولەکە بناسرێت. واتە زایۆنیزم دەیەوێت هەمو جولەکەیەک ببێت بە زایۆنی یان وەک زایۆنی سەیربکرێت (ئەم کۆمەڵەش دژی ئەم ستراتیژە دەوەستنەوە). نەتیجەی مەنتیقی ئەوەیە کە زایۆنیزم هەمان ئەنتی سێمیتیزمە، بەڵام هەندێک نەتیجەی مەنتیقی لەڕوی سیاسیەوە نەخوازراون، بۆیە باشترە بێدەنگی لێبکرێت. زایۆنیزم لە ڕوی مێژووی و ئایدۆلۆجیەوە دژایەتی ئەنتی سێمیتیزم و نازیزم نییە، بەڵکو درێژکراوەیەتی. هەرزەکاری پیاوسالاری زایۆنی لە ئیسرائیل بە جولەکەیەکی ئاشتیخواز و بێوەی دەڵێن سابون (ئەو حەقایەتە باوبوو کە دەیوت نازیەکان جولەکەیان کردوە بە سابون). واتە لە تێڕوانینی زایۆنیزمدا جولەکەکان خەتای خۆیان بوو، سەرکز و بێوەی و ترسنۆک بون بۆیە کران بە “سابون “. لە تێڕوانینی زایۆنییدا بۆ ئەوەی بمێنیتەوە لە جەنگەڵی ژیاندا و نەکرێیت بە “سابون” دەبێت ئەوانی تر بکەیت بە “سابون”. ئەمە هەمان تێڕوانینی سۆسیال داروینیستیانەی هیتلەر و نازییەکان بو کە پێی وابوو ڕەگەزی ئاری بۆ ئەوەی بمێنێتەوە دەبێت گەلانی دیکە قڕ یان ژێردەستەکات وەگەرنا مافی ژیانی نییەو وەک کەڵەشێری شامیی دۆڕاو دەبێت سەرببڕێت. ئێستا زایۆنیزم بوە بە میراتگری ئەم دیدە و ئەڵمانیای کۆنە نازیش پشتگیری دەکات. وەک هەموو خەونێکی دیکەی فاشی ئەم خەونەی زایۆنیەکانیش مۆتەکەیە، ئیسرائیل لە دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتیدا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی (ئەمریکا و بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا….) وەزیفەیەکی دیاریکراو تایبەتی هەیە. بە سەربازگەکردنی وڵات، پەروەردەکردنی فاشیانەی گەل لەسەر جەنگی بەردەوام و کردنی دانیشتوانی ئیسرائیل و پاشماوەی هۆڵۆکۆست بە گیسکی هەیاس و ترساندنیان بە مەترسی قڕکرانیان لە هەموو ئان و ساتێکدا بە ئامانجی پڕکردنەوەی ئەم وەزیفەیە. هاوڵاتیانی ئیسرائیل و خاکی مێژووی فەلەستینیش هەریەکەی بە جۆرێک بارمتە و قوربانی ئەم دابەشکردنی کارەن، بارمتە و قوربانی ئەو ئایدۆلۆجیایەن کە بۆ ڕاپەراندنی ئەم وەزیفەیە بەرهەم دێت. هاوشێوەی خێزان و کارگە و کۆمەڵگە، لە سەرمایەداریدا بەردەوام دابەشکردنی کاری نێودەوڵەتی هەبووە، لە مێرکانتیلیزمدا کیشوەرێک کۆیلەی دابین دەکرد، کیشوەرێک مادەی خاو و کیشوەرێکیش پیشەسازی. ئێستاش چەندین وڵات لە بازاڕی سەرمایەداریدا تەنیا مادەی خاو و هێزی کاری هەرزان و خوێنی هەرزانیان هەیە، کۆمەڵگەیەک پیشەسازی و ئابوری پێشکەوتوی هەیە و خاوەنی پێشکەوتوترین ئامێرەکانی مەرگسازیە، ئایدۆلۆجیایەکیش (وەک نمونە) هەلومەرجی مێژوویی هەلی ئەوەی پێدەدا ببێت بە نوێنەری نەتەوەیەک و ئەم تەکنەلۆژیای مەرگسازیە لەسەر دانیشتوانی ئەو وڵاتانە تاقی بکاتەوە و یەخسیر و ژێردەستە و چاوترسێنیان کات کە لەم بازاڕەدا بەهۆی هەلومەرجی مێژوویی و کاریگەری هەمان دابەشکردنی کۆلۆنیالیستی خۆبەخۆ خاوەنی هەرزانترین کاڵاکانن: لە هێزی کار و خوێنیانەوە بیگرە تا دەگاتە سەرچاوە سروشتیەکانیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.