پرسی ڕۆژ ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییەکانی ولایەتی کالیفۆرنیا لەسەر پرسی پەنابەری… هاوڕێ سەردار عەبدوڵا حەمە وەڵامی پرسەکەی داوەتەوە
پرسی رۆژ: ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیەکانی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لەسەر پرسی پەنابەری؟
ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە خۆپیشاندان وپێکدادانی نێوان پۆلیس وخەڵکی شاری لۆس ئەنجلس و چەندشارێکی دیکە لەئەمەریکا لەهەڵکشاندایە. هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆبڕیارەکانی حکومەتی تازەی ئەمەریکا (کە دۆناڵد تڕەمپ) بەڕێوەی دەبات سەبارەت بەکۆچکردنی نایاسایی وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن. هەروەها کێشە وبەرامبەرکێی سیاسی ناوخۆی نێوان حزبی دیموکرات لەئەمەریکا وکۆماریەکان، چونکە ئەو ویلایەتانەی وەک کالیفۆرنیا بەپێگەی سەرەکی دیموکراتەکان ئەژماردەکرێت وترەمپ دەیەوێت پاشەکشەیان پێبکات.
بەڕێز سەردار عەبدوڵا حەمە کادری کۆمۆنیستی کرێکاری ونووسەر وەڵامی ئەم پرسەی داینەوە.
پرسی رۆژ: هۆکاری سەرەکی پشتی ئەم ئاڵۆزیانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا تەنها یاساییە یان ئایدیۆلۆجیش خۆی لەپشت حەشارداوە؟
پرسی رۆژ: لێکدانەوەتان چییە بۆئاڵۆزی ناوخۆی ئەمەریکا ودەرەوەی ئەمەریکا؟ بڕیارنەبوو هەنگاوەکانی ترامپ لەسیاسەتی دەرەوەیدا ئارامی وژیانێکی باشتر بهێنێت بۆ ناوخۆی خەڵکی ئەمەریکا؟سەردار عەبدوڵا حەمە: سەرەتا سوپاس بۆ ئێوە، وسڵاو بۆ خوێنەرانی بڵاوکراوەکەتان.
سەرەتا پێم باشە شتێک بڵێم لەسەر ئەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە چۆن دەستی پێکرد. کۆمەڵە کرێکارێک سەرلەبەیانی ڕۆژی ٦ ی ئەم مانگە( حوزەیران) لە بەردەم مارکێتێک کە ئەشیای ناوماڵ ئەفرۆشێت کۆدەبنەوە بۆئەوەی بیانبەن بۆسەر کار لە لایەن ئەوانەی پێویستیان بە کاری ئەوانە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە چەند کرێکارێکیان لێ دەسگیر دەکرێت بە بیانووی نایاسایی بوونیان لە ئەمەریکا. ئەم ناوچەیەی کرێکارەکان تێیدا کۆ دەبنەوە زیاتر خەڵکی ئیسپانی سەر بە ئەمەریکای لاتینین کە ڕێژەکەیان لەو ناوچەیە دەگاتە لە ٪٨٢ . هەر لەم ناوچەیە ڕۆژانی پێشتر خەڵکێکی زۆریان بە بیانووی نایاسایی دەسگیر کردبوو.
ئیتر نارەزایەتیەکە دەست پێدەکات، و فراوان دەبێتەوە و پۆلیس خەڵکی زیاتر دەستگیر دەکات و توندوتیژی ئەنجام دەدات لە بەرانبەردا خۆپیشاندەرانیش پەلاماری پۆلیس وئۆتۆمبیلەکانیان دەدەن زۆریان ئاگر تێبەردەدەن، تا دێت خۆپیشاندان فراوانتر دەبیێتەوە تا کاردەگاتە ئەوەی خودی ترامپ بەبێڕەزامەندی وەرگرتن لە پارێزگاری لوس ئەنجلس، هێزێکی گەورەی سوپای نیشتمانی و سوپای دەریایی ئەنێرێت بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران، و دەستدەکەن بە توندوتیژی زیاتر بەرادەیەک سەرۆکی ئەو گروپە هەڕەشەی ئەوە دەکات کەخۆپیشاندەران دەستگیر دەکاو بەشوێن ئۆتۆمبیلدا ڕایان دەکێشێت. هەر بەم هۆیەوە پارێزگاری لوس ئەنجلس لەم هەڵسوکەوتەی ترامپ زۆر تووڕە دەبێت، پێم وایە سکاڵاشی لەسەر تۆمارکردووە لەدادگای گشتی ئەمەریکا .
یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە بۆ قەیرانی ئابوری سەرمایەداری ئەمەریکی دەگەڕێتەوە کە بەهۆی بوونی قەیران و هەژاری زیاتر، خەڵک پەنا بۆ کاری تاوانکاری دەبات کەزۆربەی خەڵکە هەژارەکەش کۆچکردوانن. ترامپ پێیوایە هۆکاری تاوانەکان بوونی پەنابەرانە، جا لە جیاتی ئەوەی چارەسەری قەیرانەکان بکات! دەڵێ دەبێ بیانیەکان لە ئەمەریکا نەمێنن، بە تایبەت لە ئێستادا دەڵێ خەڵکی نایاسایی دەبێ بنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، کە ئەمە بۆچوونێکی جوداخوازی وڕاسیستی یە. من خۆم هەفتەیەک پێش ئەم ڕووداوانە لە لوس ئەنجلس بووم، لەوێ ئەوەم بیست کە گوایا ١٢ هەزار خوێندکاری ئەمەریکای لاتینی کە لە قۆناخە جیاجیاکانی خوێندندان ئاگادار کراونەتەوە کە ئەمەریکا بەجێبهێڵن! بە بیانووی نایاسایی بوونیان، لە کاتێکا پارەی خوێندنیان داوەو بەڤیزای خوێندنیش هاتوون. هۆکاری سەرەکی ئایدیۆلۆژی ڕاسیستی ودژی پەنابەرییە کە پێچەوانەی جاڕدانی مافی جیهانی مرۆڤە، ئەگەر وانییە بۆچی تەنها پەنابەران کراونەتە ئامانج، و بە هۆکاری زۆر بوونی تاوان مافی مانەوەیان لێ دەسەندرێتەوە، لە کاتێکا تاوان زیاد بوون دەگەڕێتەوە بۆ زۆربوونی هەژاری وبێکاری (کەئەمەش دیاردەیەکە لەکاتی ئەزمەی سەرمایەداریدا زۆرتر دەردەکەوێت) کەدەکرێ دانیشتوانی هەموو ئەمەریکا بگرێتەوە بەوانەی یاسایی و نایاسایین .
بە بڕوای من ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا، ڕاستی و واقعیەتی دەسەڵاتی ئێستای ترامپ پیشان دەدات کە چەندە چەواشەکارە لە بەرانبەر ئەو پروپاگەندەی دەیکات کە مرۆڤ دۆستەو لایەنگری مافی مرۆڤە، یا چەندە دیموکراتییە، ئەمانە هەمووی درۆی شاخدارن. سەرکوتی خۆپیشاندەران بەو دڕەندەییە هیچ جیاواز نییە لەسەرکوتی خۆپیشاندەران لەودەسەڵاتانەی کە خۆی بە دژی دیموکراتی و دیکتاتور ناویان دەبات.