هونەرمەند و راسیزم … نووسینی: نەجم محەمەد

0

پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکەمەوە بەپێویستی دەزانم پێناسەیەکی کورت وخێرای ڕاسیزم بکەم، دیارە ڕاسیزم بیرۆکەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییە کە باوەڕی بەبەرزی یان نزمیی گرووپێکی مرۆڤ هەیە، بەپێی نەژاد، ڕەنگ، ڕەچەڵەک، زمان، نەتەوە یان ئەندامێتیی کۆمەڵایەتی وهتد. ئەم بیرۆکەیە دەبێتە هۆی جیاکاری، ستەم، و نایەکسانی لە نێو کۆمەڵگەدا، لەمێژووی مرۆڤایەتی دا نموونەکانی ڕاسیزم زۆرن، بەڵام دوونموونەی هەرە زەق ودزێوی ڕاسیزم هەن ئەوانیش:

١-نازیزم: تووندڕەوترین نموونەی ڕاسیزمە کە لەسەر بنەمای بەرزی ڕەگەزی ئەڵمانی و کوشتنی میلیۆنان جولەکە و کەمینەکانی تر پێکهاتووە.

٢- ئاپارتاید: سیستەمی جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفریقای باشوور کە بۆ دەیەها ساڵ بەردەوام بوو.

لێرەوە دەچمە ناوبابەتەکەمەوە بەلای منەوە ئەوەی گرنگ وسەرەکیە لای هونەرمەند ئەوەیە هەم بیرکردنەوەو هەم هونەرەکەی دەبێ دژە ڕاسیزم بێت، بەمانایەکی تر هونەرەکەی وبیرەکەی لەخزمەت مرۆڤایەتیدا بێت بەبێ جیاوازی زمان و ڕەگەزو نەتەوەو…هتد.

هونەرمەند دەبێ نێونەتەوەییانە بیربکاتەوەو هونەر بکات. چوون هونەر زمانێکی جیهانیە و هەڵگری پەیامێکی ئینسانیە هەربۆیە نابێت کورتکرێتەوە لەپەیامێکی دەمارگیری نەتەوەپەرستی کوێرانە. بەڕای من ئەمە ژەهرە، نەک هونەر. ئەویشی ئەم کارە دەکات ژەهرڕێژە، نەک هونەرمەند.

دیارە  ئەمڕۆ لەنێو زۆربەی میللەتانی دونیادا بەداخەوە هونەرمەندی ڕاسیزمان زۆرە کە هەم لەهونەرەکەیانداو هەم لەبیرکردنەوەو هەڵوێستەکانیاندا ڕاسیزم دەژی وخۆی بەیان دەکات هەر لەکوردەوە بیگرە تادەگاتە تورک وعەرەب وفارس وجولەکەو ئینگلیزو ئەڵمان وهتد.

من پێم وایە هەر هونەرمەندێ هونەرەکەی لەخزمەت مرۆڤایەتیدا نەبوو، لەخزمەت عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا نەبوو، دژی ڕاسیزم و ستەم نەبوو وهاوپشتی خەڵکی ستەملێکراو بێبەشکراو بێمافدا نەبوو، ئەوە ئەو هونەرمەندە هونەرەکەی چەندە ڕاقی و ئیستاتیکیش بێت ئەوا هونەرەکەی هونەرێکی دزێو ونزم وپڕشەرمەزاریەو ئەوهونەرمەندەش هونەرمەندێکی فاشی و  ستەمکارە.

لەمێژووی هونەردا، ڕاسیزم (ڕەگەزپەرستی) کێشەیەکی گرنگی بووە و کاریگەری خۆی لەسەر هونەرمەندەکان و کارەکانیان هەیە. لەنێو ئەو بەرهەمە هونەرییانەدا کە باسی ڕاسیزم دەکەن، دەتوانین بە شێوەیەکی دیار ئەو کاریگەرییە ببینین. بۆ نموونە، هونەرمەندەکان زۆرجار بەکارهێنانی ڕەنگ و شێوازە جیاوازەکانیان بۆ نیشاندانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕەگەزپەرستی کردووە.

بۆنموونە لەکاتی داگیرکاری سوپای تورکیاو میلیشاکانی بۆسەر شاری عیفرینی ڕۆژئاوای کوردستان چەند هونەرمەندێکی بواری گۆرانی ونواندنی تورکمان بینی، کەهەندێکیان بەڕەچەڵەک کوردن، چۆن پشتگیری سوپای تورکیایان کردو گۆرانیان بەسەر ئەوسوپا داگیرکەرەدا دەگوت و ڕەواییان بەقەتڵوعامی ژن و پیروگەنج ومناڵی عفرین دەدا. هونەرمەندێ ئەمە هەڵوێست وبیرکردنەوەی بێت هونەرمەند نییە، یان کاتی خۆی کەهونەرمەند ئەحمەد کایا لەئاهەنگی ڕێزلێنانەکەیدا لەتورکیا هەرئەوەندە گووتی گۆرانیەکی کوردیم تۆمارکردووە وبڵاوی دەکەمەوە ئەوا یەکسەر هەموو هونەرمەندە تورکە ڕاسیزمەکانی دانیشتووی ناوهۆڵی ئاهەنگەکە لێی هاتنە دەنگ ودونیایەک سوکایەتیان پێکردوو هەموویان وەک هەڵوێستێکی ڕاسیزمانە بەرامبەر بەوقسەیەکی ئەحمەد کایا پێکەوە بەدەنگێکی بەرزو حەماسی شەڕئامێزەوە سروودی نەتەوەیی تورکیایان گوتەوە، دواتر دایانە دادگاو ناچاریان کرد کەتورکیا جێ بهێڵێت .

لەکۆتایدا دەڵێم هونەرمەندەکان دەتوانن لەهونەرەکەیاندا و یا لەبیرکردنەوەکەیان دا ڕۆڵێکی گرنگیان لە نیشاندانی کاری خراپی ڕاسیزم و هاندانی یەکگرتوویی و یەکسانی نێوان خەڵک هەبێت و بەکارهێنانی هونەر وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگارکردنەوەی ڕەگەزپەرستی و پەروەردەکردنی بەها مرۆیییەکان، هونەرمەند دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت.

لەکۆتایدا دەڵێم ڕاسیزم شەرمەزاریە بۆ مرۆڤایەتی،  و ڕاسیزم بۆهونەرمەن دووجار شەرمەزاریە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.