فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان پێویستە لە ڕێگای ئیرادە نواندنی سەربەخۆی خۆیان، کۆتایی بە کێشەی موچە و دواکەوتنی بهێنن…
فەرمانبەران و موچەخۆرانی کوردستان زیاتر لە١٠ساڵە گرفتی موچەیان هەیە. ئەم گرفتە بۆتە هۆی تایبەتمەندیەکی دەورەیەکی دورودرێژ و ژیانکوژ. ئەگەر وەکو ئەوەی دەسەڵاتی بەغدا بانگەشەی دەکات، دەسەڵاتی هەرێم نەوت رادەستی سۆمۆ ناکات، داهاتی نا نەوتی نادات بە بەغدا، خۆی لە پرسی تەوتین دەدزێتەوە، نەوت بە قاچاغ دەفرۆشیت، گرێبەست لەگەل کۆمپانیاکان دەکات بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا. ئەوە هێندەی پابەند نەبوونی دەسەڵاتی هەرێمە بە ڕیکەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا، سەد ئەوەندە ستەمە لەخەڵکی کوردستان بەتایبەتیش موچەخۆران. هەموو ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی هەرێم دەیکات لە فرۆشتنی نەوتەوە بۆ گرێبەستی غاز و بە قاچاغ بردنی نەوت، دەستگرتن بەسەر داهاتە نانەوتی و ناوخۆیی…تاد، لە جێگای ئەوەی ببیتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی بیکاری و گرانی و بوژانەوەو پتەوکردنی ژێرخانی هەرێم و زامن بوونی موچە و خزمەتگوزارییەکانی دانیشتوانی، بۆتە مایەی خستنە ژێر قەرزی خەڵکی کوردستانەوە و بی موچەیی و بێخزمەتگوزاری ژیان و گوزەرانی فەرمانبەرانی رووبەرووی سەختی و سەرجەم کۆمەڵگەی لەگەڵ دۆخێکی نەخوازراو بەرەو روو کردووە. جیا لەوانە دەسەڵاتی بەغدا باش دەزانێت ئەوەی نەوت دەفرۆشێت و دەستی بەسەر داهاتەکانی کوردستاندا گرتووە سەرقاڵی گریبەستی ترە و پابەندی ڕیکەوتنەکان لەگەڵ بەغدا نییە، دەسەڵاتی سیاسی هەرێمە، نەک خەڵکی کوردستان و فەرمانبەران.
پاساوەکانی بەغدا و پاساوەکانی دەسەڵاتی هەرێم، لە پەیوەند بە زامن نەبوونی موچەی فەرمانبەران پوچ و بێناوەرۆکن. هەوڵەکانی هەردوو لاش بۆ ڕیکەوتن و سازان، پەیوەندی بە پرسی موچەوە نییە، پرسی موچە بۆ دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا، پرسێکی روکەشە کە لەسەر پرسە بناغەییەکان رۆنراوە. ململانێی بەغدا و هەرێم، ململانێی نێوان باڵەکانی بۆرژوازییە لەسەر دەسەڵات و قورغکردنی سامان و داهات، لەهەلومەرجێکی نوێ بە پاساوی تازەوە. دەسەڵاتی هەرێم دەیەوێت کەڵک لە گوشارەکانی سەر بەغدا وەربگرێت و خواستەکانی خۆی بسەپێنێت، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی ناوەندی چەندەش لە ژێر گوشاری دەرەکیدا بێت، ترسی لەدەسەڵاتی هەرێم نییەو دەزانێت هیچ کارتێکی بەهێزی بەدەستەوە نییە، بۆیە مل بەخواستەکانی نادات و هەرەشەکانی بە هەند وەرناگرێت.
لەو نێوەدا موچەخۆرانی هەرێم و خەڵکی کوردستان نابێ هیچ چاوەروانیەکیان لە دەسەڵاتی بەغداو هەرێم بێت بۆ چارەسەری پرسی موچە، لەجێگای ئەوە پێویستە مامۆستایان و فەرمانبەران نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و بڕیار لەسەر هەنگاوەکانیان بدەن بۆ گوشار خستنە سەر هەردوو دەسەڵاتی بەغدا و هەرێم تا پرسی موچە چارەسەر ببێت… هەنگاوی یەکەم لەو راستایەدا، رەتکردنەوەی وەفدی هەرێمە لەگەڵ بەغدا و راگەیاندنی ئەوەیە کە وەفدەکانی هەرێم و بەغدا دوور و نزیک نوێنەرایەتی پرسی وموچەو فەرمانبەران ناکەن. هەنگاوی دووەم وەڵامدانەوەی پاساو بیانوە پوچەکانی بەغدا و هەرێمە لەسەر پرسی موچە و گەیاندنیەتی بەرای گشتی خەڵکی کوردستان. هەنگاوی سێیهەم راکیشانی پشتیوانی بەشە جۆاروجۆرەکانی ناوخۆی کۆمەڵگە و پشتیوانی رێکخراوە کریکاری و سەندیکا کریکاریی و جەماوەری و پیشەییەکانی دنیای دەرەوە. هەنگاوی چوارەم دروستکردنی پەیوەندی و پەرەدانە بە هاوکاری و نیوان موچەخۆرانی کوردستان لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری. هەنگاوی پینجەم دەستدانە کۆبونەوەو خۆپیشاندان و مانگرتن لەبەردەم بارەگاو دامەزراوە پەیوەندیدارە خاوەن بریارەکانە. هەنگاوی شەشەم راگەیاندنی مانگرتنی گشتی و لە جوڵە خستنی کۆمەڵگەیە. هەنگاوی حەوتەم گوشار دروستکردنە لەسەر سەرچاوەکانی داهاتی دەسەڵاتی هەرێم راگرتنیانە، بۆنموونە رێگەگرتن لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکان، ریگەگرتن لە تانکەرە نەوتەکان…تاد. هەشتەم لەهەر دامەزراوەیەکدا کە داهاتی هەیە، کەڵک وەرگرتن لێی لەلایەن نوێنەرانی ئەو جێگایانە بۆ خودی فەرمانبەران و بەڕیوەبردنی کاروبارەکانی ئەو جێگایانە…تاد… هەرکام لەو هەنگاوانە دەتوانێت ببیتە گوشار و خستنە رووی ئیرادەو توانایی گەورەی خودی فەرمانبەران و کۆمەڵگە کە زۆر گەورەترە لە توانایی حزبەکانی دەسەڵات و کاوێژکارە موچە خۆرەکانیان. گومان لەوەدا نییە ئەگەر فەرمانبەران بە شێوەی رێکخراو سەراسەری و یەکپارچەو هاوئاهەنگ بێنە مەیدان، چ دەسەڵاتی بەغدا و چ دەسەڵاتی هەرێم ناچار دەبن، کۆتایی بە گرفتی پرسی موچە بهێنن و تیکەڵی پرسە سیاسیەکانی نەکەن.
بۆپێشەوە